ئایا كه‌سێكی مسوڵمان ببێ به‌ زه‌رده‌شتی یان هه‌ر ئاینێكی تر ده‌كوژرێ؟

هه‌وێنی ئه‌م بابه‌ته‌، دوای ئه‌و دیمانه‌یه‌ دێت كه‌ به‌شی فارسیی ته‌له‌ڤزیۆنی "BBC" له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌كی ئاینیی باشووری كوردستانی كردبوو، ئه‌و له‌باره‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ زه‌رده‌شتی و واز له‌ ئاینی ئیسلام ده‌هێنن، به‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ (مرتد) ناوی بردن و گوتی: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامی فه‌رمانڕه‌وا بێت، ده‌بێ فه‌رمانی خوا جێبه‌جێ بكرێ كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی ماوه‌ی سێ ڕۆژ مۆڵه‌تیان پێ بدرێ، دواتر ئه‌گه‌ر نه‌هاتنه‌وه‌ سه‌ر ئاینی ئیسلام، ده‌كوژرێن.

هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ كێیه‌؟
به‌پێی ڕاڤه‌ی زۆربه‌ی زانایانی ئیسلامی، كه‌سێك خۆی له‌سه‌ر ئاینێك بێت، دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ مسوڵمان، ئینجا واز له‌ ئیسلام ده‌هێنێ، پێی ده‌گوترێ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ (مرتد). كه‌سێكیش له‌ خانه‌واده‌یه‌كی مسوڵمان له‌ دایك بووه‌، به‌ڵام خۆی كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێ، واز له‌ ئیسلام ده‌هێنێ و ده‌چێته‌ سه‌ر ئاینێكی تر، یان بڕیار ده‌دات له‌سه‌ر هیچ ئاینێك نه‌بێت، ئه‌ویش هه‌ر هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی پێ ده‌گوترێ. به‌پێی لۆژیكیش، هه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر بیرێك بێت و دواتر بگۆڕێ بۆ بیرێكی تر، وه‌رگه‌ڕاو یان هه‌ڵگه‌ڕاوی له‌و بیر و ئایدۆلۆژیایه‌ پێ ده‌گوترێ. ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانه‌، ئایا كه‌سێك به‌ ئازادی خۆی بیروڕای ئاینی و ئایدۆلۆژی بگۆڕێ، شایه‌نی كوشتنه‌؟ 
ئه‌گه‌ر بڕیاری كوشتنی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ ئیسلامدا هه‌بێ، ئه‌ی سه‌ره‌تای ئایه‌تی 256ی سووره‌تی به‌قه‌ره‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ: "هیچ زۆره‌ملێییه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنی ئایندا نییه‌" بۆ هاتووه‌؟ 

ده‌قه‌كان
- له‌ ئایه‌تی 106ی سووره‌تی "ئه‌لنه‌حل"دا هاتووه‌: هه‌ركه‌سێك دوای ئه‌وه‌ی كه‌ بڕوای هێنا به‌ خوا، بێ بڕوا ببێته‌وه‌، به‌مه‌رجێك ئه‌و كه‌سه‌ زۆری لێ نه‌كرابێت و له‌به‌ر ترس نه‌بووبێت، تووڕه‌بوونی خوای له‌سه‌ره‌ سزایه‌كی مه‌زن ده‌درێ. ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌:مَن كَفَرَ بِاللَّهِ مِن بَعْدِ إِيمَانِهِ إِلَّا مَنْ أُكْرِهَ وَقَلْبُهُ مُطْمَئِنٌّ بِالْإِيمَانِ وَلَٰكِن مَّن شَرَحَ بِالْكُفْرِ صَدْرًا فَعَلَيْهِمْ غَضَبٌ مِّنَ اللَّهِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ. چه‌ند ئایه‌تێكی تریش له‌و چه‌شنه‌ هه‌یه‌.
- په‌یامهێنی ئیسلام له‌ گوته‌یه‌كدا ده‌فه‌رموێ: رشتنی خوێنی هیچ مسوڵمانێك حه‌ڵاڵ نابێ به‌ یه‌كێ له‌م سیانه‌ نه‌بێ: كه‌سێك هاوسه‌رگیری كردبێ و داوێنپیسی بكات، كه‌سێك كه‌سێكی تری كوشتبێ، یان كه‌سێك ئاینه‌كه‌ی جێ هێشتبێ و له‌ كۆمه‌ڵی مسوڵمانان هه‌ڵگه‌ڕابێته‌وه‌. ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌:لا يحل دم امرئ مسلم يشهد أن لا إله إلا الله ، وأني رسول الله ، إلا بإحدى ثلاث : الثيّب الزاني ، والنفس بالنفس ، والتارك لدينه المفارق للجماعة.
- هه‌روه‌ها له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی تردا هاتووه‌: ئه‌وی ئاینه‌كه‌ی گۆڕی، بیكوژن. ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌: "من بدل دینه فاقتلوه".

بۆچوونه‌ كۆنه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵگه‌ڕاوه‌
"ئیبن حه‌زم" كه‌ زانایه‌كی سه‌ده‌ی 11ی زاینییه‌ و به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین دانه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێ له‌ مێژووی ئیسلامدا له‌ دوای "ئیمامی ته‌به‌ڕی" له‌ كتێی "المحلی"دا، سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و كۆنتریشی باس كردووه‌ و نووسیویه‌تی: ئه‌گه‌ر به‌ به‌ڵگه‌ سه‌لمێنرا كه‌سێكی مسوڵمان وازی هێناوه‌ و چووه‌ته‌ ناو ئاینێكی تر یان هیچ ئاینێكی هه‌ڵنه‌بژاردووه‌، زانایان چه‌ند بۆچوونێكیان له‌سه‌ری هه‌یه‌، هه‌ندێكیان ده‌ڵێن یه‌كسه‌ر ده‌كوژرێت، هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن مۆڵه‌تی ده‌درێتێ، مۆڵه‌ته‌كه‌ش بۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ره‌، ڕۆژێك یان سێ ڕۆژ یان مانگێك تا پاشگه‌ز ببێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر سوور بوو له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی، ئه‌وا ده‌كوژرێ. هه‌ندێكی تر جیای ده‌كه‌نه‌وه‌، ئایا به‌ مسوڵمانی له‌ دایك بووه‌ یان دواتر مسوڵمان بووه‌. بۆ ئه‌م بۆچوونانه‌ش، ورده‌كارییه‌كی زۆر دانراوه‌. به‌پێی ڕای زۆربه‌شیان، ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م خۆی یان جێگره‌كه‌ی، فه‌رمانه‌كه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكات و بیكوژێ.

نموونه‌یه‌كی مێژووی ئیسلام
دوای مردنی په‌یامهێنی ئیسلام، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی هۆزه‌كان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ناو شاری مه‌دینه‌ و مه‌كه‌، له‌ ئیسلام هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌، "ئه‌بوبه‌كر سدیق" جێنشینی یه‌كه‌می په‌یامهێن، یه‌كه‌م شه‌ڕ و هێرشی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له‌ دژی ئه‌وان ڕاگه‌یاند و به‌ سه‌دان و هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی مێژووییش ده‌ڵێن به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ نێوان هه‌ردوولادا كوژرا. ئه‌مه‌ بووه‌ یه‌كه‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و حوكمه‌ كه‌ "ئه‌وه‌ی له‌ ئیسلام هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌، ده‌بێ بكوژرێ".

بۆچوونێكی تر: هه‌رگیز هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ ناكوژرێ
به‌ پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی ئه‌و بۆچوونانه‌ی پێشوو كه‌ پێیان وا بووه‌ كه‌سی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ ده‌بێ بكوژرێ، بۆچوونێكی تر هه‌یه‌ كه‌ پێی وایه‌ هه‌رگیز له‌ ئیسلامدا كوشتن له‌سه‌ر گۆڕینی بیروڕا نییه‌ و له‌گه‌ڵ كرۆكی تێگه‌یشتن له‌ ئیسلام یه‌ك ناگرێته‌وه‌، به‌ڵگه‌كانی قورئانیش ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی كوشتنی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه‌ له‌ ئاین كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
- ئایه‌تی 256ی سووره‌تی "به‌قه‌ره‌": زۆره‌ملێ له‌ كه‌س ناكرێ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئاین. ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌: لا إكراه فی الدین.
- ئایه‌تی 99 له‌ سووره‌تی "یونس": ئه‌گه‌ر خوای تۆ بیویستایه‌، هه‌موو خه‌ڵكی زه‌وی بڕوایان ده‌هێنا، (ئه‌ی محه‌مه‌د) ئایا تۆ زۆره‌ملێ له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ی تا ببنه‌ بڕوادار؟. ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌: ولو شَا‌ء رَبُّكَ لآمَنَ مَن فِی الْأَرْض كُلُّهُمْ جَمِیعًا ۚ أَفَأَنتَ تُكْڕهُ النَّاسَ حَتَّیٰ يكُونُوا مُؤمِنِینَ.
- ئایه‌تی 29 له‌ سووره‌تی "كه‌هف": بڵێ ڕێگه‌ی حه‌ق لای خوای خۆتانه‌، ئه‌وی ویستی با بڕوا بهێنێ، ئه‌وی نه‌یویست با بێ بڕوا بێت. ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌: وقُلِ الْحَقُّ مِن رَّبِّكُمْ ۖ فَمَن شَا‌ء فَلْیُؤمِن ومَن شَا‌ء فَلْيكْفُرْ.
- ئایه‌تی 21 و 22ی سووره‌تی "غاشیه‌": به‌ بیریان بهێنه‌وه‌، ئه‌ركی تۆ ته‌نیا بیرهێنانه‌وه‌یه‌، تۆ باڵاده‌ست نیت به‌سه‌ریاندا. ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌: فذكر إنما أنت مذكر، لست علیهم بمسیطر.

دوو فه‌رمووده‌كه‌ی له‌سه‌ر كوشتنی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ن
ئه‌ی باشه‌ چی له‌و دوو فه‌رمووده‌یه‌ ده‌كرێ كه‌ زۆر به‌ ڕوونی له‌سه‌ر كوشتنی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ په‌یامهێنی ئیسلام گوتوویه‌تی؟ به‌پێی بۆچوونی ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌ ئیسلامدا كوشتن به‌ناوی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌، گفتوگۆیان له‌سه‌ر ئه‌و دوو فه‌رمووده‌یه‌ كردووه‌ و ده‌ڵێن، یه‌كه‌م ئه‌گه‌رچی ئیمامی بوخاری ریوایه‌تی كردووه‌ و له‌لای زۆرینه‌ی ڕه‌های مسوڵمانان هیچ گومانێك له‌و فه‌رموودانه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و هێناویه‌تی، به‌ڵام  "سه‌نه‌د"ی فه‌رمووده‌كه‌ گومانی له‌سه‌ره‌، چونكه‌ "عیكریمه‌" كه‌ فه‌رمووده‌كه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ كه‌سێكی جێی گومان له‌لایه‌ن زانا كۆنه‌كانه‌وه‌ باس كراوه‌.
له‌ فه‌رمووده‌ی دووه‌میش كه‌ باسی له‌و سێ كه‌سه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌كوژرێن (له‌ سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌ فه‌رمووده‌كه‌ دانراوه‌)، له‌ "ئه‌عمه‌ش" وه‌رگیراوه‌، ئه‌ویش له‌ زانستی فه‌رمووده‌، حوكمی "مدلس"ی به‌سه‌ر دراوه‌، كه‌سێكیش ئه‌و حوكمه‌ی له‌سه‌ر بێت، فه‌رمووده‌ی لێ وه‌رناگیرێ.

كه‌واته‌ كێ ده‌كوژرێ؟
ئایا ئه‌گه‌ر كوشتنی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ ئیسلامدا نه‌بێ، بۆچی جێنشینی یه‌كه‌می په‌یامهێن شه‌ڕی له‌گه‌ڵ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان كرد؟ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ن كه‌ هه‌رگیز له‌سه‌ر بیروڕا كه‌س ناكوژرێ، ده‌ڵێن: ئه‌بوبه‌كر، كه‌سی له‌به‌ر هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئاین نه‌كوشتن، به‌ڵكو شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ كرد كه‌ ویستیان ئاژاوه‌ له‌ ده‌وڵه‌تدا دروست بكه‌ن و چه‌ند بنه‌مایه‌كی سیسته‌می ده‌وڵه‌ته‌كه‌ بشكێنن، له‌وانه‌ نه‌دانی زه‌كاته‌، هه‌ر كه‌سێكیش ئاشووب بنێته‌وه‌، به‌پێی ده‌یان به‌ڵگه‌ی تر، بۆ ئه‌وه‌ی فیتنه‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌كات، ده‌بێ سنووریان بۆ دابنێیت و سه‌قامگیری بگه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌مانه‌ لێره‌دا به‌ڵگه‌ی فه‌رمووده‌كه‌ی باسی سێ جۆر مسوڵمانه‌كه‌ ده‌كات ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ مه‌رجی داناوه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: ئاینی جێ هێشتبێ و له‌ كۆمه‌ڵی مسوڵمانان هه‌ڵگه‌ڕابێته‌وه‌.

په‌یامهێن كه‌سی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی كوشتووه‌؟
له‌ سه‌رده‌می په‌یامهێنی ئیسلام، كه‌سێك له‌وانه‌ی بۆ داڵده‌دان ناردنی بۆ وڵاتی حه‌به‌شه‌ و له‌لایه‌ن "نه‌جاشی" پاشا مه‌سیحییه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌ پێشوازی گه‌رمیان لێ كرا، هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و بوو به‌ مه‌سیحی، به‌ڵام په‌یامهێن، هیچ شتێكی له‌سه‌ر نه‌گوت و فه‌رمانی كوشتنی نه‌دا، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی تره‌ بۆ ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ هه‌رگیز له‌ ئیسلامدا كوشتن له‌به‌ر بیروڕا نییه‌.

سه‌رچاوه‌كان:
- ما حكم المرتد عن الإسلام/ عبد الرحمن بن عبد الخالق الیوسف.
- مركز الفتوی/ عقوبه‌ المرتد وضوابطها.
- لماذا یُقتل المرتد عن الإسلام/ محمد بن صالح المنجد
- (مورته‌د)ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ی، سه‌ری سه‌دان حه‌للاجی پێ په‌ڕێندرا/ عومه‌ر چنگیانی.
- عقوبه‌ المرتد/ جماعه‌ الإسلام الأحمدیه‌
- أبو بكر والمرتدون/ د. أحمد عبدالحمید عبدالحق

شیكاریی..


وشە - كوردۆ شابان


AM:10:10:19/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 15733 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌