له‌ دهۆك كه‌مترین خه‌ته‌نه‌ تۆمار كراوه‌
23%ی ئافره‌تانی هه‌رێمى كوردستان خه‌ته‌نه‌ كراون

زیاتر له‌ 200 ملیۆن ئافره‌ت له‌ 30 وڵاتى دنیا خه‌ته‌نه‌ كراون، له‌و ڕێژه‌یه‌ش زۆرینه‌یان له‌ ئه‌فریقان كه‌ 39% پێك دێنن. له‌ هه‌رێمی كوردستاندا 23%ى ئافره‌تان خه‌ته‌نه‌ كراون، له‌ هه‌ولێر 37% و له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ 29% و دهۆك 4% و كه‌ركووك 20%ى ئافره‌تان خه‌ته‌نه‌ كراون.

بێریڤان عه‌دنان پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی ئافره‌تان و منداڵان، بۆ "وشه‌"ى روون كرده‌وه‌، له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا كه‌ پێش سێ ساڵ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامى داوه‌، چه‌ند داتایه‌كى گرنگى له‌باره‌ى خه‌ته‌نه‌كردنه‌وه‌ بۆ ده‌ركه‌وتووه‌.
ئه‌و پزیشكه‌ بۆ توێژینه‌وه‌كه‌ى، دوو هه‌زار فۆڕمى له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى له‌دایكبوون، فێركارى و به‌شه‌كانى له‌ دایكبوون بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌زار و 987 فۆڕمیان به‌ته‌واوه‌تى بۆ گێڕاوه‌ته‌وه‌، له‌و ژماره‌یه‌دا هه‌زار و 379 له‌ ئافره‌ته‌ به‌شداربووه‌كانى راپرسییه‌كه‌، دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ خه‌ته‌نه‌ كراون.

بێریڤان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌كێك له‌ پرسیاره‌كانى فۆڕمه‌كه‌ پێوه‌سته‌ به‌و كه‌سه‌ى كردارى خه‌ته‌نه‌كه‌ى ئه‌نجام داوه‌، 983 ئافره‌ت ئه‌و كه‌سه‌یان له‌ بیر ماوه‌ خه‌ته‌نه‌ى كردوون و زۆرینه‌یان له‌لایه‌ن مامانى ئاسایییه‌وه‌ خه‌ته‌نه‌ كراون. هاوكات 747 له‌ ئافره‌ته‌ به‌شداربووه‌كان ته‌مه‌نى كاتى خه‌ته‌نه‌كردنى خۆیان له‌ بیر بووه‌ كه‌ زۆرینه‌یان له‌ نێوان چوار تا حه‌وت ساڵان بوون.

به‌پێى ئه‌نجامه‌كانى راپرسییه‌كه‌ى ئه‌و پزیشكه‌، به‌ڕێژه‌ى 46.7%ى ئافره‌تانى خه‌ته‌نه‌كراو به‌هۆى دابونه‌ریتى كۆمه‌ڵگه‌ و رێژه‌ى 38.8%ى ئافره‌تان به‌هۆى بۆچوونى ئاینییه‌وه‌ خه‌ته‌نه‌ كراون، له‌كۆى گشتى ئه‌و ئافره‌تانه‌دا رێژه‌ى ته‌نیا 46.8%یان ئاماده‌ نه‌بوون كچه‌كانیان خه‌ته‌نه‌ بكه‌ن، به‌ڵام 54.2%ى ئافره‌ته‌كان بڕیاریان له‌سه‌ر خه‌ته‌نه‌كردنى كچه‌كانیان هه‌بووه‌.

وه‌ك سه‌میره‌ عه‌بدوڵا ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان  روونى كرده‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى، خه‌ته‌نه‌كردنى كچان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌. له‌و یاسایه‌دا هه‌ر كه‌سێك پێشنیازى خه‌ته‌نه‌ بكات به‌ پێنج ملیۆن دینار سزا ده‌درێت و شه‌ش مانگ به‌ند ده‌كرێت، هه‌ر كه‌سێك كچێك خه‌ته‌نه‌ بكات به‌ 10 ملیۆن دینار سزا ده‌ده‌درێت و دوو ساڵ دێته‌ گرتن، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیش له‌ لیژنه‌ى پزیشكى ده‌ستى له‌ خه‌ته‌نه‌كردنى كچاندا هه‌بێت، ئه‌وه‌ به‌ 15 ملیۆن دینار سزا ده‌درێت و دوو ساڵ به‌ند ده‌كرێت و بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵیش له‌ پیشه‌كه‌ى دوور ده‌خرێته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێ، "په‌رله‌مانی كوردستان دژی خه‌ته‌نه‌ وه‌ستایه‌وه‌ و ئێسته‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی خه‌ته‌نه‌ كه‌م بووه‌ته‌وه‌."
خه‌ته‌نه‌كردنی مێیینه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی مسوڵمانن، ئه‌نجام ده‌درێت. له‌ كوردستان پاش چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ به‌رگرتن له‌ خه‌ته‌نه‌ی مێیینه‌ له‌ ئێسته‌دا ڕێژه‌ی خه‌ته‌نه‌ بۆ كه‌متر له‌ 25% كه‌می كردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ ڕێژه‌كه‌ ده‌گاته‌ 70% به‌تایبه‌ت ناوچه‌ گوندنشیینه‌كاندا.

ئێڤار ئیبراهیم سه‌رۆكی  لیژنه‌ی داكۆكیكار له‌ مافی ئافره‌تان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "خه‌ته‌نه‌كردن تاوانێكی قێزه‌ونه‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆح و جه‌سته‌ی ئافره‌تان ده‌كرێت".
ئه‌و به‌ "وشه‌" ده‌ڵێ، "جێگه‌ی شانازیشه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی كیشوه‌رى ئاسیا یه‌كه‌م وڵاتین به‌ یاسا خه‌ته‌نه‌ قه‌ده‌غه‌ بكه‌ین، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك له‌ زانایانی ئاینی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت تایبه‌ت به‌ پرسی ژنان و چالاكانی مه‌ده‌نی كاری رژد بكه‌ین بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا".

خه‌ته‌نه‌كردنی مێیینه‌ بریتیه‌ له‌ برینی به‌شێك یان ته‌واوی به‌شه‌ دیار و هه‌ستیاره‌كانی كۆئه‌ندامی زاوزێى مێیینه‌. شاره‌زایانی بواری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش پێیان وایه‌ ده‌بێ دژایه‌تیكردن له‌ گه‌ڵ خه‌ته‌نه‌ی ئافره‌تان له‌ قوتابخانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكرێت.

عه‌بدوڵا كه‌ریم مامۆستای ئاینی باس نه‌كردنی خه‌ته‌نه‌كردنی مێیینه‌  له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ بۆ ڕه‌چاوكردنی پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، نه‌ك بۆ مه‌زه‌و و فیقهى ئیسلامى. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "له‌ فیقهی ئیسلامیدا ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌روونی باس كراوه‌".

سدیق مه‌حموود توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی خه‌ته‌نه‌كردنه‌وه‌ ده‌ڵێ، "پابه‌ندبوون به‌م نه‌ریته‌ بۆ نه‌زانی و دواكه‌وتوویی ده‌گێڕێته‌وه‌، ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی قوتابخانه‌كانه‌وه‌ منداڵان هۆشیار بكرێنه‌وه‌ له‌ دژایه‌تی خه‌ته‌نه‌كردن". 

هه‌ولێر- ماكوان عیزه‌ت


وشە - تایبه‌ت


AM:10:14:19/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 14048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌