فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەی کوردی ئێزدی لە شنگال ڕای گەیاند، 95%ـی هاووڵاتییانی شنگال دژی مانەوەی پەکەکە لە شارەکەیانن، چونکە تەنیا دەستدرێژییان دەکەنە سەر و خەریکی بازرگانی و قاچاغن.
ئەمڕۆ دووشەم 26ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر، قاسم دربۆ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی شنگال بە "وشە"ـی راگەیاند، پەکەکە زیان نەبێ ھیچ قازانجێکی بۆ کوردی شنگال نییە، کاری ئەوان بەردەوام دەستدرێژیکردن لە کوردانی ئێزدی بووە.
زیاتر گوتی: لەبەر ئەو هۆکارەیە ئێزدی زۆر بە دەرکردنی پەکەکە لە شنگال دڵخۆشن و 95%ـی هاووڵاتییانی شنگال دژی پەکەکەن و نایانەوێت لە شارەکەیان بمێننەوە، داواکارن بە زوترین کات دەربکرێن.
قاسم دربۆ ئەوەشی گوت، خەڵک دەزانێت پەکەکە تەنیا بۆ بەرژوەندیی خۆیان دەچن بۆ ھەر شوێنێک و بە ئێستەشەوە کە ھاتوون بۆ شنگال، سەروەختێک خاڵێکی سنووریان کردبووەوە و قاچاغچیان بە نەوت و کەلوپەلی تری وەکو ئاژەڵ دەکرد، ئێستە ئەوە نەما کاری قاچاغی دەکەن، بۆیە ئەوان لەبەر شنگالیەکان لە شارەکە نین و خەمی خۆیانە.
دربۆ باسی لەوەش کرد، ئەگەر ئەوان خەمخۆی دۆزی کورد بن، کارێکیان بۆ وڵات و خەڵکی خۆیان دەکرد و نەدەھاتن لە تورکیا کێشە بۆ ئێزدیەکان دروست بکەن کە تووشی جینۆساید ھاتوون.
هەولێر/ بڵند ئیبراھیم