بایدن دەڵێ ترەمپ بەرانبەر كۆرۆنا خۆی بەدەستەوە داوە

:: PM:01:51:26/10/2020 ‌
جۆ بایدن پاڵێوراوی دیموكراتەكان ترەمپی بەوە تۆمەتبار كرد نایەوێت دژی كۆرۆنا بوەستێت و هیچ بەرنامەیەكیشی لە دژی نەخۆشییەكە نییە. ئەو لێدوانەی بایدن دوای ئەوە دێت نووسینگەی ترەمپ بڵاوی كردبووەوە قەرار نییە كۆرۆنا كۆنترۆڵ بكرێت.

بایدن پێی وایە ترەمپ خۆی و وڵاتی رادەستی كۆرۆنا كردووە و هیچ پلانێكی لە دژی نەخۆشییەكە نییە لە كاتێكدا سەرووی 225 هەزار كەس لە ئەمەریكا بە كۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و هەشت ملیۆن و 636 هەزار كەسیش گیرۆدەی ڤایرۆسەكە بوون.

جێگری سەرۆكی ئەمەریكاش هیچ كام لە سەردانەكانی هەڵنەوەشاندووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی كە چەندین بەرپرسی باڵای كۆشكی سپی تووشی كۆرۆنا بوون بەڵام هیچ كامێكیان كەرەنتینە نەكراون و مایك پێنسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكاش هیچ كام لە سەردانەكانی هەڵنەوەشاندووەتەوە.

ترەمپ لە بارەی گەورەكردنی كۆرۆنا، دژی میدیاكانی ئەمەریكا قسەی كردووە و گوتوویەتی دۆخەكە وای لێ هاتووە فڕۆكەیەك بە 500 سەرنشینەوە بكەوێتە خوارەوە باسی ناكرێت بەڵام بەردەوام باسی كۆرۆنا دەكرێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە ئەو رەخنەی لەوە گرتووە نابێت خەڵك بترسێنرێن و دۆخێك بهێننە كایەوە خەڵك نەوێرێت بەشداری هەڵبژاردن بكات.

پێویستە بگوترێت لە سێی مانگی داهاتوو هەڵبژاردن لە ئەمەریكا بەڕێوەدەچێت و یەكێك لە گرنگترین بابەتەكانی ململانێی هەر دوو پالێوراویش پرسی كۆرۆنا بووە.



وشە - سلێمان تاشان