خۆپێشاندانەكانی عێراق.. خواستێكی جەماوەری تێكەڵ بە ململانێی هێزە سیاسییەكان

:: PM:03:38:26/10/2020 ‌

لە یەكەم ساڵوەگەڕی خۆپێشاندانەكانی عێراق، دوێنێ ناڕەزایەتی جەماوەری دەستی پێ كردەوە و لە بەغدا و كەربەلا و ناسرییە و شوێنی تریش گەنجان رژانە لە شەقامەكان و داواكاری خۆیان دووبارە كردەوە، لەو ناوەدا شارەزایان لەبارەی پێكهاتەی خۆپێشاندەران و ئەو تێكەڵبوونەی هەیە، پێیان وایە ئەوەی لەسەر شەقام دەگوزەرێ تێكەڵێكە لە خواستێكی راستەقینەی جەماوەری و ململانێی هێزە شیعەكان و نێودەوڵەتیش، مەبەستیش لێی دەرخستنی لاوازیی حكوومەت و سەرقاڵكردن، بە واتایەكی تر لەناو خۆپێشاندانەكانەوە هەوڵی سەركوتكردنیان دەدرێت.
لە هەردوو پردی سنەك و كۆماری لە بەغدا بەریەككەوتن بەردەوامە
دوێنێ یەكەم ساڵوەگەڕی خۆپێشاندانەكانی تشرینی عێراق بوو، لەو رۆژەدا خۆپێشاندەران جارێكی تر بەردەوامیی بزاوە ناڕەزایەتییەكەیان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانی رایان گەیاندبوو و تا ئێستە جێبەجێ نەكراون، دووپات كردەوە، دوێنێ لە بەغدا لە گۆڕەپانی تەحریر و هەردوو پردی سنەك و كۆماری بەریەككەوتن لەگەڵ هێزە تەناهییەكان روویان داو و دەیان خۆپێشاندەر و هێزە تەناهییەكان بریندار بوون، دووبارە ژمارەی قوربانیان بە نادیاری مایەوە، ئەگەرچی مافی مرۆڤ دوایین زانیاری ئاشكرا كرد.

حاكم زاملی، سەركردە لە رەوتی سەدر، كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات و یەكێكە لە نەیارە سەرسەختەكانی خۆپێشاندانەكان، چونكە ئەو شەقام بە ئامرازی بەهێزی خۆی دەزانێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی تری شیعە و میلیشیاكانیان و گوشار خستنە سەر حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی بەرانبەر بەوەی پاڵپشتی جەماوەری بۆ فەراهەم بكات، بۆیە هەر جووڵانەوەیەكی شەقام لە دەرەوەی خواستی سەدر بە خراپەكاری و تاوان و داعش و بەعسیبوون دادەنێت، ئەو راستەوخۆ لەلایەن میلیشیای سەرایا سەلام و ناراستەوخۆیش هێزە تەناهییەكانی عێراقیان لێ هان دەدات. 

زاملی گوتی، خۆپێشاندانەكان لەلایەن هەندێك لە حزبە سیاسییەكانەوە دزەی تێ كراوە، كە هەوڵی بەلاڕێدابردنی لە ئاراستە ئاشتیخوازەكەی دەدەن و دووپاتی كردەوە، بۆیە ئەوە بوو كە شەوی رابردوو لە گۆڕەپانی تەحریر رووی دا، ئێمە هەر لە سەرەتاوە داوامان كرد پێویستە دزەكەرانی ناو خۆپێشاندانەكان دوور بخرێنەوە و هێزە تەناهییەكانیان لێ ئاگەدار بكرێنەوە، بەڵام پەردەپۆش كران و رووداوەكانی دوێنێ روویان دا.

لەگەڵ ئەوەی چاودێران پێیان وایە ئەو ئاشتیخوازییەی خۆپێشاندانەكان كە رەوتی سەدر مەبەستیەتی، گوێڕایەڵیانە بۆ موقتەدا سەدر و فەرمانەكانی، ئەوانەیشی لەوە بەدەرن، كەسانی خراپەكار و گوێرە شێوێنن، لەلایەك خۆیان لە رێگەی كڵاوشینەكانی سەر بە سەرایا سەلام هەوڵی دروستكردنی توندوتیژی دەدەن، لەلایەكی تر سەدرییەكان دەیانەوێ بڵێن كە خۆپێشاندانەكان بوونەتە شوێنی یەكلاكردنەوەی سیاسی و بەشێك لە حزبە سیاسییەكان كە دەیانەوێ بۆ تێپەڕاندنی ئەجیندای خۆیان سوودی لێ ببینن، كە رەنگە لەوەدا جۆرێك لە راستی هەبێت، چونكە جیا لە سەرایای سەلام، میلیشیای تریش خێوەتیان هەڵداوە و لەكاتی پێویست خۆپێشاندانەكان بەلاڕێدا دەبەن، روونی كردەوە، ئێمە وریاییمان دا لە دەستدرێژیكردنە سەر هێزە تەناهییەكانی گۆڕەپانی تەحریریان دەپاراست.

ئەمڕۆ دووشەم ئاڵۆزییەكان بەردەوام بوو، كاتێك سەتان خۆپێشاندەر لەگەڵ هێزە تەناهییەكان لە نزیك هەردوو پردی سنەك و كۆماری لە ناوەڕاستی بەغدا رووبەڕووی یەك بوونەوە، سەرچاوەیەكی تەناهی گوتی، خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە ژێر پردی سنەك لەگەڵ هێزە تەناهییەكان رووبەڕوو بوونەوە و دۆخەكە بۆ بەكارهێنانی گولەی راستەقینە و تەقەكردن و ناچاركردنی بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران پەرەی سەند.

هاوكات بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 400 خۆپێشاندەر لەسەر پردی كۆماری هەوڵی پێشڕەویان دا، بۆیە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە تەناهییەكان رووی دا و هێزە تەناهییەكان بۆمبی دەنگیان دژ بەوان بەكار هێنا.

لای خۆیەوە كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئاماری قوربانیانی رووداوەكانی دوێنێی بڵاو كردەوە كە لەكاتی ناڕەزایی جەماوەری روویان دا، ئەو لە بەیاننامەیەكدا روونی كردەوە، تیمەكانی كۆمسیۆنەكە لە چاودێریكردن و تۆماركردنی پەرەسەندنەكان لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق بەردەوامن، نیگەرانی خۆی بۆ رووداوەكانی دوێنێ دەربڕی و ئاماژەی كرد كە دوێنێ لە بەریەككەوتنی خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە بەغدا، 31 خۆپێشاندەر بریندار بوونە، جیا لە 138 كارمەندی تەناهی حەوتیان ئەفسەرن، لە پارێگای دیوانییەیش خۆپێشاندەرێك و كارمەندێكی تەناهی بریندار بوون، بەوەیش كۆی برینداران لە عێراق گەیشتە 32 خۆپێشاندەر و 139 كارمەندی تەناهی.

زیاتر گوتی، هۆكاری برینداربوونەكە بەكارهێنانی بۆمبی مۆلۆتۆڤ و سێ بۆمبی دەستی و بەرد دار بووە لەلایەن خۆپێشاندەران دژ بە هێزە تەناهییەكان، دوو ئۆتۆمبێلی بەرگری شارستانی زیانی بەركەوتووە و دوو خێوەتیش لە گۆڕەپانی تەحریر سووتاوە، لە پارێزگاكانی تر شتێكی وا نەبووە. 

كۆمسیۆنەكە داوای لە خۆپێشاندەران كرد بۆ پارێزگاریكردن لە ئاشتیخوازیی بزاوەكەیان و رێگە نەدان بەوانەی دەیانەوێ بەلاڕێیدا ببەن، هەروەها پابەندی بەو شوێنانەی بۆ خۆپێشاندان دیاری كراون و هاریكاری هێزە تەناهییەكان بن بۆ پاراستنی موڵكوماڵی گشتی و تایبەت و دان بەخۆیاندا بگرن، پێویستە حكوومەتیش چارەسەری بەپەلە بۆ داواكاری خۆپێشاندەران دابنێ و بەپیر داواكاری ئەوانەوە بێت.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل