دوایین زانیاری لەبارەی گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا

:: PM:04:06:26/10/2020 ‌

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەكانیان بەردەوام بوو، بەتایبەتی كاتێك هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم ئامادەیی خۆیان بۆ بەسفڕكردنی كێشەكانیان پێشان دا و پێوەندی تەلەفۆنی هەردوو سەرۆك حكوومەت و و سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی هاتە سەر، پەرلەمانتارێك دوایین زانیاری لەبارەی گفتوگۆكان ئاشكرا دەكات.
وەستانی گفتوگۆكان و سەردانیكردنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا كاتییە
لە ماوەی ئەم مانگەدا هەنگاوێكی گرنگی گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا لەسەر زەوی هاتە بەرهەم، كاتێك رێككەوتنێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانكردنەوەی و گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی و دانانی ئیدارەیەكی نوێ و وەدەرنانی میلیشیا نایاساییەكان لەوێ لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم عێراق لە بەغدا واژوو كرا.

پێش ئەویش هەردوولا لەسەر رەوانەكردنی بڕی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتن بەو پێیەی رێككەوتنێكی درێژخایەن بۆ بودجەی 2021 بێتە سازكردن، ئەوە جیا لە رێككەوتن لەسەر دروستكردنی چەند ناوەندێكی هاوئاهەنگی تەناهی و سەربازی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ سەقامگیركردنی تەناهی ناوچە كێشەلەسەرەكان و پڕكردنەوەی بۆشایی تەناهی نێوان هەردوو هێزەكە و نەهێشتنی مەترسی داعش و ئەنجامدانی ئۆپارسیۆنی هاوبەش لە دژی. 

عوسمان كەریم، پەرلەمانتاری كوردستان بە "بەغداد ئەلیوەم"ی راگەیاند كە وەستانی سەردانیكردنی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بەهۆی دۆخی ئێستەی بەغدای پایەتەختە، روونی كردەوە، وەستانی گفتوگۆكان و سەردانیكردنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا كاتییە تا سەقامگیربوونی دۆخی سیاسی ئەوێ و دەستكردنی حكوومەتی عێراق بە گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەی 2021، بۆیە ئەوكات سەردانی شاندی هەرێم بە مەبەستی واژووكردنی رێككەوتنێكی درێژخایەن و فرەوان پێوەست بە پرسەكانی نەوت و دارایی، دەست پێ دەكاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئەو دۆخە سەختەی دارایی و ئابووری هەریەك لە بەغدا و هەولێر، سەردانی شاندەكانی دوا خستووە و چاوەڕوانی دەست پێكردنی گفتوگۆی بودجەین بۆ گەیشتن بە لێكگەیشتنی هاوبەش، لەوكاتەی ئەو رێككەوتنە داراییەی كە كراوە، تا كۆتایی 2020 بەردەوامە و بەپێی ناوەڕۆكەكەیشی عێراق مانگانە بڕی 320 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل