ئەندامێكی نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا رای دەگەیەنێت، قۆناغی سێیەمی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەنەكەسە دەستی پێ كردووە، كە تیایدا باس لە شێوازی بەشداریكردنی ئەنەكەسە لە بەڕێوەبردنی ناوچەكە دەكرێت، ئەو گفتوگۆیەش بە ناوەندگیری ئەمەریكا دەبێت.
گفتوگۆكان ئاسان نین، بەڵام هەردوولا خواستی سەرخستنیان هەیە
لە ماوەی رابردوودا هەریەك لە هەسەدە و ئەنەكەسە گفتوگۆكانیان لەبارەی رۆژئاوای كوردستان و رێككەوتنی هێزە كوردییەكان دەستی پێ كرد و تا ئێستە قۆناغی یەكەم و دووەمی دانوستانەكان كۆتای هاتووە، كە دروستكردنی مەرجەعی باڵای كورد و هاتنەناوەوەی ئەنەكەسە بۆ رۆژئاوای كوردستان باسی كراوە و ئێستەیش قۆناغی سێیەم و كۆتایی گفتوگۆكان دەستی پێ كراوە.
فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا بە "وشە"ی راگەیاند، قۆناغی سێیەمی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەنەكەسە دەستی پێ كردووە، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا قۆناغی یەكەم و دووەمی گفتوگۆكان كۆتاییان هات و رێككەوتن كرا لەسەر دروستكردنی مەرجەعی باڵای كورد و هاتنەناوەوەی ئەنەكەسە بۆ رۆژئاوای كوردستان.
زیاتر گوتی، قۆناغی سێیەمی گفتوگۆكان دەستی پێ كراوە و نوێنەری ئەمەریكا لە رۆژئاوا و مەزڵووم عەبدی، ناوەندگیری كۆبوونەوەكان دەكەن، ئێستە نوێنەری ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان، گەڕاوەتەوە بۆ ئەمەریكا و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو بگەڕێتەوە و گفتوگۆكان بەردەوامیان پێ بدرێت.
ئەو ئەندامەی نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا ئاشكرای كرد، لە قۆناغی سێیەم باس لە شێوازی بەشداریكردنی ئەنەكەسە لە بەڕێوەبردن لە رۆژئاوا دەكرێ، واتە بتوانن بێنە ناو دەزگای خۆسەری و پێداچوونەوەی گرێبەستی كۆمەڵایەتی ببن كە وەك دەستووری رۆژئاوایە، بە مانای چۆنیەتی هاتنی ئەنەكەسە بۆ دەزگای رێڤەبەری خۆسەر، لەگەڵ پرسی لەشكر و هاتنی هێزی لەشكری بە رێككەوتن، كە مەبەست لە پێشمەرگەی رۆژە، بۆیە قۆناغی سێیەم نە قورسە و نە ئاسانیشە، بەڵام هەردوولا خواستمان هەیە ئەم گفتوگۆیانە سەر بخەین.
ئەو سەركردە دووپاتی كردەوە، هەرسێ قۆناغەكە دوای ئەوەی تەواو بوون، رێككەوتنەكە واژوو دەكرێت، قۆناغی یەكەم و دووەم رێككەوتنیان لەسەر كراوە، هەر كە قۆناغی سێیەم تەواو بوو، هەر سێ قۆناغەكە واژووی فەرمی لەسەر دەكرێت.
لای خۆیەوە كاوە عەزیزی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان سووریا بە "وشە"ی راگەیاند، قۆناغی یەكەم و دووەمی گفتوگۆكان تەواو بووە، ئێستەیش قۆناغی سێیەم دەستی پێ كردووە و گفتوگۆكان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستە نەگەیشتوون بە رێككەوتن.
زیاتر گوتی، لە قۆناغی سێیەم كە پرسێكی گرنگە بۆ هەردوو، هەندێك خاڵ گفتوگۆی لەسەر كراوە، هەندێكیشی ماوە، كە تیایدا باس لە بەشداریكردنی ئەنەكەسە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دەكرێت، ئەوەی گرنگە پرسی پێشمەرگەی رۆژە، كە ئەمە كۆتا پرس دەبێ و قسەی لەسەر دەكرێت.
شایەنی باسە لە ماوەی رابردوودا دوای ئەوەی توركیا هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەست پێ كرد، مەزڵووم كۆبانێ، فەرماندەی هەسەدە داوای یەكخستنی لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كرد لەپێناو پاراستن و پێكەوەبوون، ئەنەكەسەیش بانگهێشتی ئەو كۆبوونەوەیە كرا، دواتر دەست بە گفتوگۆكان كرا بۆ گەڕانەوەی ئەنەكەسە بۆ رۆژئاوا و بەشداریكردنی لە بەڕێوەبردنی ناوچەكە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی