ئەندامان و چەکدارانی پەکەکە لە چەندان گوندی سنووری قەزای شارباژێڕ و ماوەت دەردەکەون و ڕێگری لە هیچ کارێکیان ناکرێت، بەرپرسی شارەدێیەکەیش دەرکەوتنی پەکەکە رەت ناکاتەوە، بەڵام پێی وانییە بارەگایان دانابێت.
هاووڵاتی سەرکەوت ئەحمەد خەڵکی گوندی مالوومەی سەر بە شارەدێی گاپیڵۆن لە قەزای ماوەت بۆ ''وشە'' ئاشکرای کرد، ماوەیەکە هەست بە بوونی چەکدارانی پەکەکە دەکەن لە سنووری گوندەکەیان و گوندەکانی دەوروبەر، بەجۆرێک لە سنووری گوندی یاخسەمر و مالوومە بینراون و لە دوکانەکان چەند جارێک پێداویستی و خواردەمەنیان کڕیوە.
وەک ئەو دانیشتووەی گوندی مالوومە ئاماژەی پێدا، پەکەکە بە نهێنی لە سنووری گوندەکانی دۆڵی جافایەتی بارەگایان داناوە، بەڵام دوور لە چاوی خەڵکی هەوڵی خۆقایم کردن دەدەن.
هەروەک ئاماژەشی بەوەدا، کە لە چیای ئاسنگەران گومانی زۆر هەیە بوونیان هەبێت و بارەگایان دانابێت، چونکە ڕۆژانە بە ماتۆڕسکیل خەڵک دەیان بینێت.
پەکەکە لە زۆرێک ناوچە گوندنشینەکانی سلێمانی بینراون
کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری شارەدێی گاپیڵۆن سەر بە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بە ''وشە''ی ڕاگەیاند، پەکەکە لە گوندەکانی شینکایەتی و گەڵاڵە و قامیش بوونیان هەیە، بەڵام لە سنووری شارەدێکەی من کە 17 گوند لە خۆگرێت، هیچ بارەگایەکیان نییە، تەنانەت بارەگای حزبەکانی تریشی لێ نییه.
کامەران عەبدوڵا ڕەتی نەکردەوە چەکدارانی پەکەکە لە سنوورەکەی دەرکەوتبن لەورووەوە گوتی، ڕەنگە لێرە و لەوێ ئەندام و لایەنگریان دەرکەوتبێت، بەڵام هیچ بارەیەکیان نییە لای ئێمە.
عوسمان سێدەری ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە ''وشە''ی ڕاگەیاند، پەکەکە بە هیچ ڕاوێژێک لەگەڵ حکوومەتی هەرێم نەهاتوونەتە ئێرە، چونکە ئەوان هێزێکی چەکدارن و لە هەموو ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی بوونیان هەیە.
زیاتر گوتی، ئەگەر حزبێکی مۆڵەت پێدراوبوونایە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دەبوو بارەگایان هەبوایە لە شارەکان و دوور لە هێزی چەکدار کاری سیاسیی خۆیان بکردایە، بەڵام ئەوان بەبێ مۆڵەتی هەرێم لە ناوچەکانمان بوونیان هەیەو بارەگایان داناوە.
پێشتر کامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوەت بۆ ''وشە'' گوتوبووی، لە سنووری قەڵادێزەوە تا پێنجوێن کاری قاچاخچێتی دەکرێت و پەکەکە گومرگ لە قاچاخچییەکان وەردەگرن. هەروەها لە گوندی ئاوکورتێی سنووری قەزای چوارتا، پەکەکە بارەگای هەیە و سەرانەو گومرگ لەو کەسانە وەردەگرێت کاری قاچاخچێتی دەکەن.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا