گواردیۆلا دەگەڕێتەوە بەرشەلۆنە یان میسی پەیوەندی بە مانچستەر سیتییەوە دەكات؟

:: AM:10:21:19/02/2017 ‌

لەم چەند رۆژەی دواییدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویەوە كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی پەیوەندی بە راهێنەرەكەی پێشووی پیپ گواردیۆلا كردووە و داوای لێكردووە دووبارە بگەڕێتەوە یانەی بەرشەلۆنە و لە شوێنی لویس ئێنریكی ئەركی راهێنەرایەتیی یانەكە وەربگرێتەوە.

ئەمە دوای ئەوە هات كە هەفتەی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە ئەنجامێكی گەورە بە 4 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دۆڕا.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: گواردیۆلا داواكەی میسی رەت كردووەتەوە و جەختی كردووەتەوە كە پەیوەست دەبێت بە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی كە لە 2019 بە كۆتا دێت.

بەمەش ئەگەر میسی بیەوێ دووبارە لەسەر دەستی گواردیۆلا یاریی بكاتەوە، دەبێت سەرەتا بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەی بەرشەلۆنە جێبێڵی و گرێبەست لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی ئیمزا بكات كە ماوەیەكی زۆرە هەوڵی بۆ دەدات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە میسی تا ئێستا رەزامەندی لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە دەرنەبڕێوە كە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بەكۆتا دێت.

یانەی مانچستەر سیتی ماوەیەكی زۆرە هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ میسی دەدات، ئەمجارەش دەیەوێ بە هاوكاری گواردیۆلا ئەم خەونەی هاندەرانی تیپەكەی بهێنێتە دی و دواجار میسی بكاتە ئەستێرەی یەكەمی یانەكەی.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرسانی یانەی مانچستەر سیتی ئاواتەخوازن بۆ وەرزی داهاتوو بەبەهای 100 ملیۆن پاوەن گرێبەست لەگەڵ میسی بكەن، سەرۆكایەتیی یانەكەش بۆ ئەمە گەشبینن بەتایبەت دوای ئەنجامە خراپەكانی ئەم وەرزەی یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا و ئەوروپا.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە یانەی مانچستەر سیتی هاوینی رابردوو بەفەرمی دەستەوارەیەكی پێشكەش بە میسی كردبوو كە مووچەی هەفتانەكەی 500 هەزار پاوەن بوو، یانەكە ئامادەشە بۆ وەرزی داهاتوو ئەم دەستەوارەیە زیاتریش بكات تەنیا بۆ ئەوەی میسی رازی بكات روو لە یانەكەیان بكات.

رۆژنامەی (میرۆر) ئاماژەی بەوەشدا كە گەڕانەوەی گواردیۆلا بۆ یانەی بەرشەلۆنە مەحاڵە، بۆیە ئەگەر میسی بیەوێ پەیوەندی بەو راهێنەرەی پێشوویەوە بكات، ئەوا دەبێت بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی نایابی ئینگلیزی و لە ریزی یانەی مانچستەر سیتی یاریی بكات، بۆیە رەنگە ئەم دەستەواژەی دواییان مەحاڵ نەبێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م