پۆلیسی گەرمیان: ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لای ئێمە راگیراوە

:: PM:05:28:26/10/2020 ‌

 گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رای گەیاند كە دوای خۆڕادەستكردنی محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە فەرمانی دادوەر راگیراوە.
تا ئێستە لەم دۆسیە 15 كەس گیراون
 عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ دووشەم 26ی تشرینی یەكەمی 2020، بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوێنێوە محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان، خۆی رادەستی پۆلیس كردوە و دواتر لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوە گوتەی لێ وەرگیراوە.

زیاتر  گوتی، دادوەر بە مادەی 289 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی راگرتن، "توقیف"ی داوە و ئێستەیش لە گرتن و گواستنەوەی گەرمیان راگیراوە تا دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدات، تا ئەوكات بە راگیراوی لای پۆلیس دەمینێتەوە.

ئەو گوتەبێژە روونی كردەوە، لەم دۆسیەدا تا ئێستە 15 كەس گیراون، جگە لە یەكێكیان كە بە فەرمانی دادوەر بە بارمتە ئازاد كراوە، ئەوانی تر راگیراون و ژمارەیەك تۆمەتباری تریش فەرمانی گرتنیان هەیە و هێشتا نەگیراون و لێكۆڵینەوەیش لەو دۆسیە بەردەوامە.

 لای خۆیەوە سەلام كەریم، یەكێك لە كەسوكاری گیراوانی دۆسیەی ساختەكردنی پسوولەكانی مەرزی پەوێزخان، لەبارەی درەنگ چوونی هەندێك كەس بۆ دادگا، بۆ"وشە" گوتی، ئەوە جێگەی سەرنج و مایەی قبووڵكردن نییە، بۆیە ئەگەر جیاكای بكرێ ئەوە هەڵوێستمان دەبێ،  رای گەیاند، كەسانی تر هەن داواكراوی ئەو دۆسیەن و نەگیراون.

كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی درەنگ چوونی محەمەد وەهاب بۆ دادگا، باسی لەوە كرد، ئەوان چاوەڕێ بوون ئەنجوومەن نووسراو بكات بۆ دادگا، بەدەر لەوەیش بۆخۆی پێی باش بووە بەرچاوڕوونی هەبێ لەوبارەوە.

 محەمەد شێخ وەهاب، لەسەر دۆسیەیەك تۆمەتبار كراوە كە ساختەكاری پسوولەی گومركییە لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لە دۆسیەكەدا ژمارەیەكی بەرچاو خەڵك داواكراون، كە باس لەوە دەكرێ ژمارەیان بگاتە 40 كەس.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل