كەركووك.. هێزەكانی سواتی عێراقی بەرپرسێكی كورد دەگرن

:: PM:08:37:26/10/2020 ‌

 ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 26ی ئۆكتۆبەری 2020، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی شارۆكەی دوبز لەلایەن هێزێكی عێراقییەوە دەگیرێت.
لەبەر كوردبوون تۆمەتی هەڵبەستراوی دراوەتە پاڵ
 محەمەد حەبیب هەمەوەندی، سەرۆكی شارەوانی شارۆكەی دوبزی سەر بە پارێزگای كەركووك، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی شارۆكەی دوبز لەلایەن هێزی سواتەوە، كە هێزێكی عێراقی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، براوە .

 زیاتر گوتی، ناوبراو لەبەر كوردبوون تۆمەتی هەڵبەستراوی دراوەتە پاڵ، ئەگینا كەسێكی دەستپاك و چاكەكار بووە و بەنیازی خوێندنی ماستەر بووە.

 شایەتحاڵێك لە شارۆكەی دوبز، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، لەكاتی رفاندنی ئەو بەرپرسە كوردە، كەلوپەلەكانی لێ وەرگیراوەتەوە و گوتراوە كە دەیبەن بۆ كەركووك، هاوكات بەپێی زانیارییەكان دەستەی دەسپاكی كەركووك تۆمەتی بەهەدەردانی پارەی دراوەتە پاڵ.

 رائید عامر نووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك هەواڵەكەی پشتراست كردەوە و رای گەیاند،چونكە پێوەندی بە دەستەی دەسپاكییەوە هەیە، زانیاری زیاتر ناڵێین.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل