ریال مەدرید لە ژمارەیەكی پێوانەیی بەرشەلۆنە نزیك دەبێتەوە

:: AM:10:42:19/02/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید بە بردنەوەی لە یارییەكەی دوێنی بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆڵ، ژمارەیەكی پێوانەیی پێشووی یانەكەی شكاند و لە شكاندنی ژمارە پێوانەییەكەی بەرشەلۆنەی ركابەریشی نزیك دەبێتەوە.

یانەی ریال مەدرید دوێنێ شەموو لە گەڕی 23ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئیسپانیۆڵی بردەوە.

بەمەش یانەی ریال مەدرید توانی ژمارەیەكی پێوانەیی پێشووتری یانەكەی بشكێنێ و لە 42 یاریی لەسەریەك لە خولی ئیسپانیا گۆڵ تۆمار بكات.

ژمارە پێوانەییەكەی پێشووتری یانەی ریال مەدرید لەسەر دەستی راهێنەری پورتوگالی جۆزێ مۆرینۆوە بوو كە توانیبووی لەگەڵ یانەكە لە 41 یارییدا لەسەر گۆڵ تۆمار بكات.

دوایین یاریی كە یانەی ریال مەدرید نەیتوانیبوو گۆڵ تۆمار بكات لە 4ی ئایاری 2016 بوو بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی لە قۆناغی نیوەی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئیتیحاد، لە دوای ئەو یارییەوە یانەكە لەسەرجەم یارییەكاندا توانیویەتی گۆڵ تۆمار بكات.

یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا تا ئێستا لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكان 105 گۆڵی تۆمار كردووە كە 55 گۆڵیان لە خولی پلە یەكی ئیسپانیا بووە.

تا ئێستا ژمارەی پێوانەییەكە لە ژێر دەستی یانەی بەرشەلۆنەیە كە لە وەرزەكانی 1942-1943 و 1943-1944 توانیبووی لە 44 یاریدا لەسەریەك گۆڵ تۆمار بكات.

زێدان تا ئێستا 64 یاریی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە و تەنیا لە 3 یارییدا نەیتوانیوە گۆڵ تۆمار بكات، یاریی یەكەمیان بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی بوو كە بەبێ گۆڵ كۆتایی هاتبوو، یاریی دووەمیشیان بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بوو كە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە گۆڵێكی بێ وەڵام دۆڕا بوو، دوا یاریش بەرامبەر یانەی ڤوڵفسبۆڕگ بوو لە قۆناغی نیوەی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كە تێیدا یانە ئەڵمانییەكە بە 2 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردبووەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م