میسی دەست بە ئامادەكارییەكان بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری دەكات

:: AM:11:01:19/02/2017 ‌

لیۆنێل میسیی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دەستی بە یەكەم هەنگاوەكان كرد بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەنتۆنێلا رۆكۆزی هاوڕێی.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یەكەم هەنگاوی میسی بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەیان دیاریكردنی شوێنێك بوو بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگەكە كە بڕیارە لە 24ی حوزەیران (مانگی شەش)ی داهاتوو بێتە ئەنجامدان.

میسی بڕیاریداوە هەر لە رۆژی لە دایكبوونیدا كە 24ی حوزەیرانە ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێكەی ئەنتۆنێلا لە هۆڵێكی شاری رۆزاریۆی ئەرجەنتین بگێڕێ.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە دوای ئەو ئاهەنگە، میسی ئاهەنگێكی تری هاوسەرگیری لە شاری بەرشەلۆنە ئەنجام دەدات بەتایبەت بۆ ئەو هاوڕێیانەی كە نەیانتوانیوە لە ئاهەنگەكەی ئەرجەنتین بەشداربن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە میسی لەم چەند رۆژەی رابردوودا تووشی دۆخێكی خراپی دەروونی ببوو بەهۆی شكستە گەورەكەی هەفتەی رابردوویان بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كە بە 4 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەیان دۆڕاند.

جێی باسە میسی و ئەنتۆنێلا هاوڕێی منداڵێن و ماوەیەكی زۆرە بەیەكەوە ژیان بەسەر دەبەن و ئێستاش دوو منداڵیان لەنێواندا هەیە بەناوەكانی تیاگۆ و ماتیۆ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م