كۆرۆنا لە كۆتایی 2019 لە ووهانی چینەوە دەستی بە دەركەوتن كرد و لە یەكەم ساڵوەگەڕی تەمەنی نزیك دەبێتەوە و ژمارەی قوربانیانی روو لە زیادبوون دەكات، كە 43 ملیۆن و 878 حاڵەتی تووشبوون و زیاتر لە ملیۆنێك و 166 هەزار حاڵەتی مردنی وەك زیانی گیانی لە مرۆڤایەتی داوە، جیا لە زیانە ئابووری و دەروونی و كۆمەڵایەتی و هیتریش.
ئەگەر ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد سەركەوت، ژیان تا رادەیەك ئاسایی دەبێتەوە
ئێستە لە دنیا چەندان كۆمپانیای گەورەی دەرمان و تاقیگە و ناوەندەكانی تووێژینەوەی گرنگ گەیشتوونەتە دوایین قۆناغەكانی تاقیكردنەوە كلینیكییەكانیان سەبارەت بە دۆزینەوەی ڤاكسین دژ بە ڤایرۆسەكە، لەوانە ڤاكسینێكی زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی هەواڵێكی خۆشی راگەیاند بەوەی ڤاكسینەكە توانویەتی كاردانەوەی بەرگری لە لەشی بەتەمەنداچوو و گەنجان دروست بكات، بەوەیش ئومێد بە دەربازبوون لەو دۆخە ناخۆشەی مرۆڤایەتی تێی كەوتووە ئەو وێرانكارییە ئابوورییە بەهۆی ڤایروۆسەكە زیاتر دەبێت.
كۆمپانیای بەرهەمهێنانی دەرمانی بەریتانی "ئەسترازینیكا"، كە یاریدەرە لە بەرهەمهێنانی ڤاكسینێك دژ بە كۆرۆنا، رای گەیاند كە ئەو ڤاكسینەی زانكۆی ئۆكسفۆرد پەرەی پێ دەدات، كاریگەری نەرێنی كەمتر لە بەتەمەنداچووەكان دروست دەكات، گوتەبێژی كۆمپانیاكە گوتی، شتێكی هاندەرە بەوەی دەبینین وەڵامدانەوەیەكی بەرگری هاوشێوە لە پیر و گەنجاندا بەرانبەر بە ڤاكسینەكە هەیە و كاریگەری نەرێنی لە پیرەكان كەمتر بووە، كە كاریگەری ڤایرۆسەكە بۆسەر ئەوان توندترە.
كۆمپانیاكە زانیاری زیاتری لەبارەی ڤاكسینەكەی نەدا، كە كەی ئەنجامی قۆناغی سێیەكی تاقیكردنەوەكان رادەگەیەنن و دەردەكەوێ كە ڤاكسینەكە بە باشی كار دەكات، بەر لەوەی بێتە بەكارهێنان، كە پێشبینی دەكرێت ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد یەكەمین بێ بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی فەرمین لەپاڵ ڤاكسینی بیفایزەر و بیۆتیك، بۆیە ئەگەر ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد سەركەوت، دنیا تا رادەیەك بۆ ژیانی ئاسایی دەگەڕێتەوە.
لەلایەكی تر ڤیكتۆر زویف، زانای بواری ڤایرۆسەكان لە پەیمانگەی گامالی دووپاتی كردەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا خۆی دەگۆڕێت، بەڵام ئێستە زەحمەتە ئەوە بگوترێ ئاخۆ مەترسیدارتر دەبێ یان نا، بۆیە پێویستە ئامادەسازی بۆ هەر پەرەسەندنێك بكرێ بۆ ئەوەی رووبەڕووی دۆخێكی پێشبینی نەكراو نەبین، وەك بۆ رۆژنامەی "ئیزڤیستیا"ی گوت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی فرەوانی كۆرۆنا، ئەگەری هەیە خۆی بگۆڕێت.
زیاتر گوتی، 10 مانگە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە دەكەین، ئەوەیش ماوەیەكی زۆر كورتە و زۆر پرسیار هەن كە پێویستە وەڵام بدرێنەوە، ئەو پێی وایە كە رەنگە تا هاوینی 2021 دۆخەكە لە سایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.
لەلایەكی تر توێژینەوەیەكی بەریتانی زانكۆی "ئیمپریال كۆلێج"، ئاماژە دەكات كە بوونی دژە تەنی دژ بە كۆرۆنا لە تووشبوونی یەكەمجار، نەبووەتە رێگر لە تووشبوونەوەیان دووبارە دوای شەش مانگ لە چاكبوونەوە، بۆیە ئەو دۆزینەوە پێچەوانەی بیروباوەڕی بەرگری رەوەیە كە ژمارەیەك لە شارەزایانی تەندروستی بانگەشەی بۆ دەكەن، بە رێگەدان بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەناو كۆمەڵگە لەگەڵ پاراستنی تەنیا بەتەمەن و نەخۆشانی درێژخایەن تا كاتی دروستبوونی بەرگرییەكی بە رەوەی كۆمەڵگەیی وەك یەكەم هەنگاوی هەڵكردن و بەیەكەوەژیان لەگەڵ ڤایرۆسەكە.
لە چین و لە مانگی ئابی رابردوو كەسێكی چینی دوای چوار مانگ لە چاكبوونەوەی لە كۆرۆنا، تووشی هاتەوە، ئەوەیش گومانی لای شارەزایان دروست كرد سەبارەت بە كاریگەریی دروستبوونی بەرگری سروشتی دژ بە ڤایرۆسەكە، لە ئیسرائیل پزیشكێك بۆ جاری دووەم تووشی پەتاكە هاتەوە، ئەوكات هۆكارەكەیان بۆ ناوردی پشكنینەكان گەڕاندەوە، بەڵام دواتر دەركەوت كە راستە، ئەوەیش گومانی خستە سەر بەرگری لەشی سروشتی دوای تووشبوون بەو ڤایرسە دروست كرد، جیا لە مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی تر.
لە 12ی ئەم مانگە تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی وریایی لە رێگەدان بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دا بەو هیواەی دروستبوونی بەرگری رەوە، ئەو كارەی بە نائەخلاقی لەقەڵەم دا، روونی كردەوە، ئەو رێگەیە بۆ ڤاكسینەكان بەكار دەهێنرێت.
توێژینەوەیەكی تر كە ئەمڕۆ سێشەم بڵاو كرایەوە، پێشانی دا بەرگەوتنی درێژخایەن بۆ پیسبوونی هەوا، رەنگە مەترسی مردن بە كۆرۆنا بە رێژەی 15% زیاتر بكات، جۆس لیلیفیل، مامۆستا لە پەیمانگەی ماكس بلانك بۆ كیمیا لە ئەڵمانیا و هاوڕێكانی روونیان كردەوە، ئەو رێژەیە لە ئەوروپا دەگاتە 19% و لە ئەمەریكای باكور 17% و لە رۆژهەڵاتی ئاسیایش 27%.
زیاتر گوتیان، بەركەوتنی هەوای پیس بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بووتە هۆی 29%ی حاڵەتەكانی مردن بە كۆرۆنا لە كۆماری چیك و 27% لە چین و 26% لە ئەڵمانیا و 22% لە سویسرا و بەوشێوەیە، توێژەران گوتیان، ئەو گەردیلانەی هۆكارە بۆ پیسبوونی هەوا، دەبێتە هۆی زیادبوونی چالاكی یەكێك لە وەرگرەكانی سەر رووی خانەكانی لەش ناسراو بە "ئەی سی ئی-2"، كە رۆڵێكی گەورەی لە تووشبوون بە ڤایرۆسەكە هەیە.