لە ئێران سێ وەزیر وازیان لە پۆستەكەیان هێنا

:: PM:12:07:19/10/2016 ‌

سەرچاوەكانی ئێران ئاشكرایان كرد هەریەك لە عەلی جەنەتی وەزیری رۆشنبیری و محەمەد گوودەرزی وەزیری وەرزش و لاوان، عەلی ئەسغەر فانی وەزیری پەروەردە بە فەرمی وازیان لە پۆستەكەیان هێناوە و نامەی دەست لەكاركێشانەوەیان رادەستی سەرۆك كۆماری ئێران كردووە.

ئاژانسی كاری ئێران لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی رۆشنبیری، هەواڵی دەست لەكاركێشانەوەی عەلی جەنەتی پشتڕاست كردووەتەوە و گوتوویەتی هێشتا داواكارییەكە لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە پەسند نەكراوە.

پێویستە بگوترێت هەواڵی دەست لەكاركێشانەوەی  عەلی ئەسغەر فانی دوای دوو وەزیرەكەی تر لە لایەن هەندێك لە میدیاكانی ئێرانەوە بڵاو كرایەوە، بەڵام ئەو هەواڵە لە لایەن دیوانی وەزارەتەوە رەت كرایەوە.

دەست لەكاركێشانەوەی عەلی جەنەتی لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر بووەتە جێگەی باسی میدیاكانی ئێران و تەنانەت هەندێك لە میدیاكان ئاماژەیان بە ناوی كەسانی تر كردووە كە بڕیارە جێگەی ئەو وەزیرە بگرێتەوە.

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی بڕیاری دەست لە كاركێشانەوەی ئەو وەزیرانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە وەزارەتەكەیان دەسەڵاتیان نییە و پێشنوێژخوێنی هەینی شارەكان دەستێوەردان لە كاروباری وەزارەتەكەیاندا دەكەن.

بۆ نموونە وەزارەتەكە مۆڵەتی بەڕێوەچوونی كۆنسێرتی گۆرانی لە هەندێك لە شارەكان داوە، بەڵام دواجار لە لایەن پێشنوێژخوێنی شارەكانەوە كۆنسێرەكان هەڵوەشێنراونەتەوە. پێشنوێژخوێنی شارەكان راستەوخۆ پێوەندییان بە عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە كە بە باڵی بناژۆخواز ناسراون و بە باڵێكی توندڕۆی ئەو سیستەمە هەژمار دەكرێن.

لە سەردەمی دەسەڵاتی حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران، باڵی بناژۆخوازان زۆرترین رەخنەیان ئاراستەی حكوومەتەكەی كردووە لەوەی رێگە بە بەڕێوەچوونی كۆنسێرت دەدات و پێیان وایە ئەوە پێچەوانەی بەها ئیسلامییەكانە.

سەرچاوە/ میدیاكانی ئێران


وشە - سلێمان تاشان