فەرهەنگنووسی لە کوردستان شێتییە

:: AM:10:57:28/10/2020 ‌
ماجید مەردۆخ رۆحانی، نووسەر و فەرهەنگنووسی کورد لەو چاوپێکەوتنەدا بۆ "وشە" تیشک دەخاتە سەر تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگێکی سەردەمیی و ئاستەنگەکانی بەردەم فەرهەنگنووسی لە کوردستان دەخاتە روو. هاوکات لە بارەی زمانی کوردییەوە دەڵێ: زمانی ئێمە بەربڵاو نییە، بەڵکو ئێمە زمانێکی پرژوبڵاومان هەیە!
وەک کوردێکی رۆژهەڵاتیی، حکوومەت بە گەورەترین دوژمنی فەرهەنگ و نووسینی کوردی دەبینم .

* دوا کاری ئێوە نووسینی فەرهەنگی زانستگای کوردستان بوو کە لە چوار بەرگدا بە سێ هەزار و 136 لاپەڕە لە چاپ درا. چاپی دووهه‌می ئەو فەرهەنگە، نزیک به سه‌دهه‌زار وشەی کوردی شی کردووەتەوە. فەرهەنگەکانی پێشووتر کە چاپ بوون ئەو تایبەتمەندییانەیان نەبووە کە هاوواتا و راڤەکردن و چۆنیەتی بەکارهێنانی وشەکە و تەنانەت هێنانەوەی نموونە لە دەقێکی ئەدەبی یان فۆلکلۆریشی تێدا بێت. نووسینی ئەو فەرهەنگە چەندی پێ‌چووه و ئامادەکردنی بە چ شێوەیەک بوو؟
فەرهەنگی چواربەرگی کوردی بە کوردی زانستگای کوردستان هاوواتای فارسیشی لەگەڵ داندراوە، بۆ ئەوەی زۆربەی کوردی رۆژهەڵات – بەداخەوە- کوردی نازانین یان ئەگەر بڵێین هەندێک کوردی فێربووین، دیسان فارسیمان زۆر باشترە لە کوردییەکەمان. بەڵکو ئەو هاوواتا فارسییە بتوانێ ئاسانکارییەک بێت. ئەو فەرهەنگە دوای فەرهەنگی سێ‌بەرگی فارسی بە کوردی چاپ کرا. واتا زانیاری و فایلی فەرهەنگە سێبەرگییەکەمان لە بەردەست بوو. بەشێکی کەڵکمان لەو فەرهەنگە وەرگرت. واتا فارسی بە کوردییەکە هەڵگەڕێنینەوە و کوردییەکە بخەینە پێشەوە کە هەر وشەیەکی کوردی خۆی زۆرێک هاوواتای کوردی هەیە کە بۆ زانیارییەکانی فەرهەنگێکی کوردی بە کوردی زۆر پێویستن. دواتر فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەمان جارێکیتر پشکنییەوە. لە ماوەی ئامادەکردنی فەرهەنگەکە من لە زانستگای کوردستان لەگەڵ قوتابییەکان پێوەندییەکی زۆر قووڵم هەبوو کە نزیکەی 250 کەس بوون و هەر کام لە وڵات و ناوچەی خۆیان چییان دەست بکەوتایە بۆیان دەهێنامەوە، ئاماژەم بە ناوی هەموان کردووە لە فەرهەنگەکەدا، ئەوە گەنجینەی کارەکەمانی وەک لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی قوڵتر کردەوە، بەڵام لە سەرووی هەموو ئەوانەوە وەک کارێکی زانستی لەدووی ئەوە بووین کە فەرهەنگەکە سەردەمی و زانستی بێت. واتا لە بواری تایبەتمەندییەکانەوە بتوانێت بە هەڵسەنگاندنی فەرهەنگنووسێکی بۆ نموونە ئەورووپایی، پێناسەی فەرهەنگ وەربگرێت.

* لە پێشەکی فەرهەنگەکەدا ئاماژەت بەوە داوە کە سوودتان لە رێنووسی یەکگرتووی کوردی وەرگرتووە، مەبەستتان لەو رێنووسە یەکگرتووە هەمان ئەو رێنووسەیە کە ئاکادیمیای کوردی لەسەری رێککەوتوون یان چ رێنووسێکە؟
مەبەستمان ئەوە رێنووسەیە کە زۆربەی زۆری نووسەرانی کورد کە بە خه‌تی عەرەبی یان ئارامی دەنووسن، لەسەری رێککەوتوون، بەڵام وردە جیاکاری و جیاوازییەکیان تێدایە کە باس لەوە دەکەن کامە وشە ئەگەر بەو شێوەیە بنووسرێت لەگەڵ زمانەکە جوانتر یەک دەگرێتەوە، هەرچەند ئەکادیمیای کوردیش بۆ رێنووسی یەکگرتوو کتێبێکی چاپ کرد و هەر ئەوکات د. ئازاد ئەحمەد بە منیشی دا بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی خۆمی لەسەر بنووسم، ئەوکات دەوری هەزار و 500 خاڵم تێدا دیتەوە کە تێبینیم لەسەریان هەبوو. کە پێم دانەوە ئیتر نەمبینی ژمارەی تازەی لێ چاپ بکەن و ئەو وردە کێشانەی تێدا نەهێڵن، بەڵام ئەو رێنووسەی ئەکادیمیای کوردیشم لەبەرچاو بووە لە فەرهەنگەکەدا. واتا ئەو رێنووسەمان بەکار هێناوە کە زۆربەی زۆری نووسەرانی زمانی کوردی، زاری ناوەڕاست بەکاری دەێنن.
فەرهەنگنووسی کاری تاکەکەسی نییە و دەبێ بە تیم بکرێت .

* باست لەوە کرد کە هەوڵتان داوە ئەو فەرهەنگە بە ستانداردێک بنووسن ئەگەر بدرێتە فەرهەنگنووسێکی ئەکادیمی ئەوروپی بە فەرهەنگێکی زانستی و سەردەمییانە پێناسەی بکات. ئەو تایبەتمەندییانە چین کە بۆ نووسینەوەی فەرهەنگێکی زانستی و سەردەم دەبێ رەچاو بکرێن؟
پرسیارەکەم لا پەسندە لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری کتێبخوێنەکانمان لەو سەردەمەدا کە زانستەکان گەشەیان کردووە و هەر کەسەو لە زانستێکدا قوڵ بووەتەوە، بەڵام لە لقی زمانناسی، لە بەشی فەرهەنگنووسیدا، کەم کەسی وا هەیە کە بیری لەوە کردبێتەوە دەبێ فەرهەنگێکی زانستی چۆناوچۆن بێت؟ ئێمە بەو جۆرەی پێی راهاتووین، وشەیەک دەنووسین و لە بەرانبەریدا وشەیەکی هاوواتا دادەنێین و دوور نییە شتێکی کورتیش لەبارەیەوە بنووسین و ناوی بنێین فەرهەنگ! بۆ نموونە کراس، لە بەرانبەری دەنووسرێ ئەو شتەیە کە دەکرێتە بەر و ئەوە دەبێت بە وشەیەک و تەواو! ئەوە لێمایەک یان سەرواژەیەک یان "بە عەرەبی کە دەڵێن مەدخەلێک" و ئینجا بچین بزانین پێڵاو چییە؟ پێڵاو کەوشە! و ئەوەش دیسان وشەیەکی تر و تەواو دەبێت، لەحاڵیکدا لە فەرهەنگی زانستیدا دەزانین فەرهەنگنووسی لقێکە لە زمانناسی کە زمانناسی ئێستە خۆی چووەتە ریزی زانستەکانەوە، زانست بە مانای "science" واتا زانستێکی ئەکادیمی، شتێک کە دەبێ لە فەرهەنگی وشەدا لەبەرچاو بێت، ئەوەیە کە ئەگەر وشەیەک دەبێت بە سەرواژە یان لێما، دەبێ ناسنامەی هەبێت، ناسنامە بریتییە لە چەند تایبەتمەندی، یەکەم لە باری فۆنۆلۆژی، واتا دەنگناسییەوە پێویستە دیاری بکرێت کە چۆن دەخوێندرێتەوە، بۆ نموونە لە زمانی ئینگلیزیدا وشە بە جۆرێک دەنووسرێ، بەڵام بە جۆرێکی تر دەخوێندرێتەوە، من ئەگەر نموونەیەک لە کوردی بهێنمەوە، ئێمە دەڵێین قانگەلاشک، ئەو وشەیە بۆ کەسێک کە بیخوێنێتەوە و وای دابنێین کوردی نازانێت، ئەوە ئەگەر بە "قانگەلا-شک"ی خوێندەوە، چار چییە؟ چۆن ئەو دووە لەیەک جیا دەکرێنەوە، "قانگەلاشک"ەکە راستە یان "قانگەلا-شک"؟ ئەوە فۆنۆلۆژییە دەریدەخات کە خوێندنەوەی بە چ شێوەیەکە. واتا یەکەم دێڕ لە ناسنامەی وشەدا ئەوەیە کە لە بواری دەنگناسییه‌وه بزانی چۆن دەخوێندرێتەوە؟ جیاوازی لەگەڵ نووسینەکەیدا چییە؟ دووەم بواری رێزمانییە. دەبێ بۆمان دەرکەوێ پێگەی ئەو وشەیە لە بواری رێزمانییەوە چییە؟ ئاخۆ ناوە؟ ئاوەڵناوە؟ ئاوەڵکارە؟ یان چاوگە؟ یان ... ئەوەش خۆی بەشێکی زۆر بەرچاوە لە ناسنامەی وشەدا. زۆر وشەمان هەیە کە دەتوانێ هەم ناو بێت، هەم ئاوەڵناو و هەمیش ئاوەڵکار، تۆ لێرەدا دەبێ رستەیەکی بۆ بهێنیتەوە کە دەرکەوێ کام یەک لەوانەیە، ئینجا بەشێکی تری ئەوەیە کە تۆ دەبێ لەو فەرهەنگەدا هاوواتا بۆ وشەکە بدۆزیتەوە، ئەو هاوواتایە بۆ کەسێکە کە دەیهەوێ بزانێت ئەو وشەیە لە باری ماناییەوە چۆنە و چەندە سێبەری هەیە، چەند وشەی تر دەتوانێ لەگەڵ خۆی هاوبەش بکات. هەندێک وشە هەیە کە وەک ناو دەتوانن چەند مانا لەخۆ بگرن. تۆ دەبێ ئەو مانایانە لە یەک جیا بکەیتەوە، ئەوەش دیسان لە بواری فەرهەنگنووسییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، وەک نموونە وشەی «باز» لەو فەرهەنگە چوار بەرگییەدا وەک ناو، شەش مانای بۆ دۆزراوەتەوە، یەکەمیان ئەوەی مەلێکی راوچییە، مانایەکی تری قەڵبازە، دەڵێ «بازێکی برد» "دا" واتا کاری هەڵبەزینە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، مانایەکی تری رێگەی ناسراوە، ئەو گۆرانییە هەیە دەڵێ بازی بێرییان، واتا رێگەی ناسراوی بێرییان. ئه‌مجارباز وه‌کوو ئاوه‌ڵناو، یه‌که‌م کراوه‌یه، وه‌ک دەڵێ: «ده‌رگاکه باز بوو» دووهه‌م به مانای «ناوچاوان سپی» یان «بازگ». پاشان وه‌کوو ئاوه‌‌ڵکار، به مانای «دیسان». سه‌ره‌نجام وه‌کوو پاشه‌وشه، پێنج واتای هه‌یه ... و چەندان مانای تر کە هێنانەوەی ئەوانە لە تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگن، بەڵام تۆ بڵێی ئێمە تا ئێستە کاری لەو شێوەیەمان کردبێت؟ 
فەرهەنگی ریشە بۆخۆی فەرهەنگێکی سەربەخۆیە .

کە بواری مانایی وشەت دەرخست، ئینجا دەبێ لێکدراوی ناوی و لێکدراوی کاری لە وشەدا بدۆزیتەوە. بۆ نموونە هەر بۆ وشەی باز لێکدراوی کاریمان هەیە، وەک بازبردن، بازبەستن، بازدان... دۆزینەوەی ئەو لێکدراوانە زۆر گرنگن و دەبێ بۆ دانانی فەرهەنگێک لەبەرچاومان بێت، ئەوە دەریدەخات کە وشەیەک جێگە و پێگەی لە زماندا چییە، ئەگەر هەر بەوە رازی بووی کە وشەیەک بهێنی و هاوواتایەکی بۆ دابنێیت، ئەوە نابێت بە فەرهەنگ، ئەوە وشەدانە و جێگە و پێگەی وشە لە زمانەکەماندا دەرناخات، هەر لەبواری رێزمانییەوە وشەی "پڕ" دەتوانێ وەک ناو هەڵمەت بێت، دەڵێ پڕی پێداکرد، لێرەدا دەبێت بە ناو، بەڵام وەک ئاوەڵناو دەڵێی گیرفانت پڕکە، وەک ئاوەڵکار بیستوومانە لە کوردیدا دەڵێن پڕ خۆشە، دەشێ ئەو وشەیە ئامراز بێت، دەڵێی پڕ گیرفانم نابێت و... ئەوانەن ناسنامەی وشەمان بۆ دەردەخەن، ئینجا ئەگەر توانیت بۆ هەریەک لەو بارە رێزمانییانە شایەتێک بهێنیتەوە، بۆ نموونە لە پەخشان و شیعری شاعیران وێنە پەیدا بکەی و بۆی دابنێی، یان خۆت رستەیەک دروست بکەی کە ئەو وشەیەی تێدابێت، ئەوە دەبێتە نموونە، واتا تۆ ئەگەر بۆ وشەیەک چەند مانات هێناوە، دەبێ بۆ هەر کامیان شایەت یان نموونەیەک بهێنیتەوە بۆ ئەوەی خوێنەر لێی تێ‌بگات. 

* کۆی ئەو خاڵانەی ئاماژەت پێ دا، لە فەرهەنگی زانستگای کوردستاندا رەچاو کراوە، بەڵام پێت وایە چەند فەرهەنگی تر هەیە لە کوردستان کە توانیبێتیان ئەو تایبەتمەندیانە رەچاو بکەن؟ 
من تا ئێستە نەمدیوە هیچ فەرهەنگێک نووسرابێت و ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا رەچاو کرابێت، یان ئەگەر هەشبێت لە راستیدا بەر چاوی من نەکەوتووە. فەرهەنگی مامۆستا زەبیحی، ئەلفەکەی لەگەڵ بەشێکی بچوک لە "ب"ەکەی کە دەرچوو، زۆر باش رەچاوی ئەو خاڵانە کرابوو کە 40 ساڵ پێش ئێستە بۆ فەرهەنگێک پێویست بوون، بەڵام بۆ ئێستە ئێمه ئەو فەرهەنگە چوار بەرگییەی زانستگای کوردستانمان بە هەموو ئەو تایبەتمەندییە ئاکادیمی و سەردەمیانە‌وه خستووەتە بەردەستی خوێنەری کورد. 
ئێمەی کورد بە کوردی فێری زمانەکەمان نەبووین .

* تا ئێستە لەو فەرهەنگانەی بە کوردی چاپ کراون، بە فەرهەنگی زانستگای کوردستانی ئێوەشەوە، ئاوڕ لە ریشەی وشەکان نەدراوەتەوە. بۆ نموونە دەنووسن داڵاهوو، لە بەرانبەری نووسراوە ناوی شاخێکە لە کرماشان. ریشەی وشەکە لەچییەوە هاتووە؟ بۆ نموونە هەندێک ناوی تر هەیە وەک کێوەڕەش، ئەوە خۆی دیارە ماناکەی چییە، بەڵام خۆ خوێنەری کورد دەبێ بزانێ مانا و ریشەی وشەی داڵاهوو چییە و لەکوێوە هاتووە، بۆچی ئەوە نەکراوە؟
جارێ ئه‌وه‌نده‌مان له بیر بێ که ناوی شوێن و که‌س، جێگای له فه‌رهه‌نگی ناوه‌کان (اعلام)دایه. ئه‌مجار فەرهەنگی ریشە بۆخۆی فەرهەنگێکی سەربەخۆیە و ریشە لە بواری فەرهەنگنووسیدا دەبێتە دوو لق: لقێک سەبارەت بەوەی ئەو وشەیە لە کوێوە هاتووە، لە بنەڕەتدا وشەکە یۆنانییە؟ فڕەنسییە؟ عەرەبییە؟ سامی و حامییە؟ ئالتائیغوورییه؟ دووەم ئەوەی کە بۆچی وای پێ دەڵێن و ماناکەی چییە؟ بۆ نموونە شوێنێک ناوی بەردەڕەشە، ئەگەر سەیر دەکەی بەردەکانی رەشن و هەر بۆیە ئەو ناوەی لێ نراوە. یان سوورەبەرد گوندێکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان بیجاڕ و زەنجان. سوهرەوەردی مەبەست هەمان سوورەبەردی بووە. کەوابوو شێخ شەهابی سوهرەوەردی و هەموو سوهرەوەردییە گەورەکان دیارە کورد بوون و خەڵکی سوورەبەرد بوون. بۆیە لە ڕاستیدا فەرهەنگی ریشەناسی خۆی فەرهەنگێکی جیاواز و تایبەتە. بۆیە شەرت نییە ئەگەر فەرهەنگێکی وشەت نووسی، ریشەناسی وشەکانیشت لەناویدا دانابێت. زۆربەی زۆری فەرهەنگە رۆژئاواییەکانیش دایان نەناوە. بەڵام ئێستە ئێمە لە زمانی ئینگلیزیدا فەرهەنگی ئەکسفۆردمان هه‌یه، تایبه‌ت به ریشەی وشه. ئەو کارە بۆ زمانی کوردی یەکجار کارێکی قورس و سەخڵەتە و دیاره نەشکراوه. ئێمەش قەت جارێ بەو دەسەڵاتە یەکجار کەمەوە، کاری لەو شێوەمان پێ ناکرێت، لەبەر ئەوەی هەندێک وشە هەیە دەڵێین ئەوە برکییه، ئه‌وه فارسییە و ئەوەیان کوردییە. ئاڵۆزییەک دروست بووە سه‌یر و سه‌مه‌ره. رەنگە وشەیە‌ک لە بنەڕەتدا کوردی بووبێت و بۆ نموونە فارس بردبێتی و هەندێک ئاڵ‌وگۆڕی تێدا کردبێت و دواتر هەر کوردەکە ئەو وشەیەی لە فارسەکەوە وەرگرتبێتەوە و هێنابێتییەوە ناو زمانی کوردی! بۆیە ئەوە کارێکی یەکجار ورد و بەربڵاوە و لە هەمان کاتدا کارێکی سەربەخۆیە.
ئەگەر لەبری نووسینی فەرهەنگ خەریکی کارێکی تر بوومایە ئێستە ژیانێکی ترم هەبوو .

* ئێوە لە فەرهەنگی زانستگای کوردستان وشەکانتان بە لاتینیش لە تەنیشتی نووسیوە، چ مەبەستێکتان هەبووە لە نووسینەوەی وشەکان بە لاتینی؟
وه‌ک گوتمان، زۆر پێویستە لە بواری فۆنۆلۆژییەوە چۆنیەتی خوێندنەوەی وشەکانمان لە بەرچاو بێت. بۆ نموونە ئەگەر لە ئینگلیزیدا Window نووسراوە، ئەوا بە وینده‌و دەخوێنرێتەوە. فۆنۆتیکی وشه‌که دەردەخات کە وشەکە چۆن دەخوێندرێتەوە. ئێمه له فه‌رهه‌نگه فارسی- کوردییه‌که‌دا، ئه‌وه‌مان کردووه، بەڵام بۆ فەرهەنگه کوردی بە کوردییەکە لە جێی ئەو بارە فۆنۆلۆژیکییە، لاتینییەکەیمان دانا و چەند ئامانجێکمان هەبوو لەو کارە: یەکەم ئەوەی کە بەداخەوە ئێمە‌ی کورد به‌شێکمان به خه‌تی لاتین ده‌نووسین و به‌شێک عەرەبی. ئەوەش بووە بە کەنداڵێکی گەورە لە نێوان دوو زاری کوردیدا. ئەوەی باکورییە و لە تورکیا دەژی، بە رێنووسی تورکی فێری زمانی کوردی بووە، هەروەک ئێمەش بە رێنووسی عەرەبی و فارسی فێری زمانی کوردی بووین. واتا ئەگەر بە لاتین نووسرابێت بۆ زۆرێکمان ناخوێندرێتەوە و ئەگەریش بە عەرەبی نووسرابێت، بۆ زۆرێک لەوان ناخوێندرێتەوە. ئێمه لە جێی فۆنۆلۆژی، هاتین بە رێنووسی لاتین بەرانبەری وشەکانمان نووسی، کە دەتوانێ خۆی هەوڵێک بێ بۆ ئەوەی نزیکمان بکاتەوە لە یەکتر و بتوانین جوانتر لە یەک تێبگەین. لەبواری فۆنۆلۆژیشەوە زۆر گرفتی نابێت، لەبەر ئەوەی بە لاتینەکە تا رادەیەکی یەکجار زۆر خوێندن و نووسینەکە وەک یەکە. ئێمە لە عەرەبیدا گرفتمان بەتایبەت لە دەنگدارەکاندا هەیە، واومان هەیە کپە و هەشمانە دەنگدارە، "ی"مان هەیە بە هەمان شێوە، ئەوە کێشەی زۆری بۆ دروست کردووین. بەڵام لە لاتینەکە‌دا وا نییە، "ی"ی کپ Yیە و "ی"ی دەنگدار Eیە کە ئەویش ئەگەر وەک فەتحەی عەرەبی بەکار چووبێت، eیە و ئەگەر قورس بوو هەشتێکی لەسەرە. ئەو کێشانە لە لاتینیدا چارەسەر بوون. بۆیە بیرمان کردەوە لاتینەکە تا ئاستێکی بەرچاو دەستکەوتێکی زیاتری دەبێت.
ئیدی ناتوانم بە کوڕەکەم بڵێم تۆش وەرە ببە بە نووسەر و درێژە بە فەرهەنگنووسی بدە .

* تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگێکی سەردەممان تاوتوێ کرد، بەڵام بارودۆخی سەردەمیش دەبێ لەبەرچاو بگرین. ئەگەر سەیر بکەین دنیا بە خێرایی بەرەو بەدیجیتاڵ بوون دەڕوات. ئێمە نەمانتوانیوە تا ئێستە لە ڕووی نەرمئامێرەکان و فەرهەنگی ئۆنلایندا هیچ گەشەیەک بکەین. پێت وا نییە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەو فەرهەنگانە تەنیا لە چوارچێوەی کتێب و کاغەزدا نەمێننەوە و بەدیجیتاڵ بکرێن و بخرێنە خزمەت نەوەی تازە کە ئێستە خوێندنیشیان بەشێوەی ئۆنلاینە، بەهۆی ئەو بارودۆخە تایبەتەی هاتووەتە پێش؟
ئەو بەدیجیتاڵ بوونە لە بوارەکانی فەرهەنگنووسی و زمان و ئەدەبیاتەوە چەندە پێویستە، ئەوەندەش ئازادی و دیموکراسیمان پێویستە، بەڵام ئەوەش هەر وەک ئازادییەکە دەست نادات و دوورە لێمان.
قسه‌یه‌کی خۆش: نادرشای ئه‌فشارسه‌رده‌می خۆی، خاوه‌ن دەسەڵاتێکی بەرفراوان بوو، هیندستان و چەندان شوێنی‌تری گرتبوو. هۆزێک بەرهەڵەستی بوونه‌وه، زۆر بە ناقابیلی یەکێک لە ئەفسەرەکانی نارد و گوتی بڕۆ سەرکوتیان بکە! ئەفسەرەکە چوو بۆ شەڕ و هۆزەکە زۆر بە خراپی سوپاکەیان شکاند. نیوەی سەربازی کوژران و نیوەی تری بە برینداری گەڕاوە. نادرشا چووە سەر ئەفسەرەکە کە ئەویش بریندار بوو، گوتی دا پێم بڵێ بۆچی ئاوا شکان؟ هۆکار چی بوو؟ گوتی گەورەم بە هەزار و یەک هۆکار! نادرشا گوتی گاڵتەم پێ دەکەی؟ سوێند دەخۆم ئەگەر هه‌ر ئێستە هەزار و یەک هۆکارم بۆ ریز نەکەی دەتگوژم! گوتی قوربان یەکەم هۆکار ئەوەی کە بارووتەکانمان شێی گرتبوو. نادرشا هەندێک تێڕاما و گوتی به‌سه! هەزار هۆکاری تر لەبن ئەو هۆکارە جێیان دەبێتەوە! ئێمەش بە دیجیتاڵ نەبوونی فەرهەنگەکانمان ئەگەر بڵێین بە هەزار و یەک هۆکارە، هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە لە وڵاتە دواکەوتووەکانی وەک ئێران و عێراق، هیچ یاسایەک بۆ کۆپیڕایت نییە. لە تورکیا بەو شێوەیە نییە و یاسای کۆپیڕایت بەباشی جێکەوتووە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە دێنن ویندۆز کۆپی دەکەن! واتا لەبری ئەوەی 400 دۆلار بۆ ویندۆزێکی بۆنموونە 10 بدات، تاقە دینارێک لە باشوور و لە رۆژهەڵات یەک تمەن نادات! هەموو نەرمئامێرەکان لە باشوور و رۆژهەڵات بەخۆڕاییە! ئێستە ئێمە 10 ساڵ سەرقاڵ بووین تا ئەو فەرهەنگەمان بەرهەم هێناوە و خەرجییەکی یەکجار زۆرمان هەبووە. ئینجا شوێنێکی وەک زانستگای کوردستان رازی بکە بەڵکو بۆت چاپ بکات و تێی بگەیەنە ئەگەر بۆ نموونە هەزار دانەی لێ فرۆشرا پارەکەتان بۆ دەگەڕێتەوە و قازانجیش دەکەن. بەڵام ئەگەر بە دیجیتاڵت کرد، خەڵک دێن بەبێ ئەوەی تمەنێک بدەن دایدەگرن و هەرکەسێک خەرجی لەسەر فەرهەنگەکە کردبێت تێدەشکێت.
پێویستە فشار بۆ حکوومەتەکان بهێنرێت وەک وڵاتانی پێشکەوتوو یاسای کۆپیڕایت جێبەجێ بکەن .

* ئەی لەو حاڵەتەدا چار چییە؟ چۆن بتوانین فەرهەنگەکانمان لەگەڵ سەردەم بگونجێنین و ئەو گرفتانەش بۆ نووسەرەکانیان دروست نەبێت؟
 رێگەچارە ئەوەیە فشار بۆ حکوومەتەکان بهێنرێت وەک هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو یاسای کۆپیڕایت جێبەجێ بکەن با نووسەریش بتوانێ بژیت.

* ئێستە شێوازێکی تر لە فەرهەنگی وڵاتان دەبینین کە فەرهەنگی ئۆنلاینن و لە ئینتەرنێت دەستەبەرە و ناتوانی داونلۆدی بکەی، بۆ گەنجێکی کورد کە لە ئەوروپایە و کاری وەرگێڕان دەکات، ئەو دەستی بەو شێوازە سەرەتاییەی کڕینی سیدی راناگات، لێرەدا مەبەستی من ئەو لەخۆبردووییەیە کە نزیک بە سەرجەم نووسەر و خەمخۆرانی زمانی کوردی هەیانبووە، دڵنیام ئێوە سەرباری ماندووبوونی 10 ساڵەتان هیچ قازانبجێکتان لەو فەرهەنگی زانستگای کوردستانە نەکردووە، بەڵام لەڕووی مەعنەوییەوە ئەوە خەونێک یان حەزێک بووە بۆ خزمەتی زمانی نەتەوەکەمان، لەو سوێنگەوە بۆ نایەن بە شێوەی ئۆنلاین ئەو فەرهەنگانە بخەنە خزمەت ئەو نەوە تازەیە؟
لە وڵاتێکی وەک ئێران فەرهەنگی فارسی موعین و دێهخۆداش بە ئۆنلاین کراون و هەموو مۆبایلەکانیش بەخۆڕایی لەسەریان دابەزێنراوە. من بارێکیم بەلاوە زۆر پیرۆزە، ئەویش ئەوەیە کە قوتابییەک، نووسەرێک یان وەرگێڕێک بە ئاسانی لەبەردەستی بێت و سودی لێ ببینێت، بەڵام دەبێ بارەکەی تریشی لەبەرچاو بگرین. بۆ نموونە لە هۆڵەندا کە هەمووی 16 ملیۆن کەسن و زمانێکی تایبەت بەخۆشیان هەیە، ئەگەر کەسێک لەو وڵاتە کتێبێکی چاپ کرد و پێشوازییەکی مامناوەندی لێ کرا، دەتوانێ بەردەوام بێت و ئەگەر جەوهەرێکی تێدا بوو دەبێت بە نووسەرێکی باش، واتا ئەگەر بگاتە ئەو ئاستەی خەڵک کتێبەکەی بخوێننەوە، ژیانی بەهۆی نووسینەکانیەوە مسۆگەر دەبێت و هیچ خەمێکی نامێنێت، بەڵام با دوور نەڕۆم و نمونە لە خۆم بهێنمەوە، من دەبێ لەلایەک سەرقاڵی دابینکردنی چەرخی ژیانم بم بۆ ئەوەی بەجۆرێک بسووڕێت. خۆ ناکرێ لە برسان بمرم یان دەست بۆ خەڵک درێژ بکەم! ئەگەر خەریکی هەر کارێکی تر بووبام لەبری نووسینی فەرهەنگ، ئێستە ژیانێکی ترم هەبوو. بەڵام ئێستە بەزۆر بەڕێوە دەچم. سەریشم بەرز رادەگرم و زۆریش پێی خۆشحاڵم. بەڵام ئیدی ناتوانم بە کوڕەکەم بڵێم تۆش وەرە ببە بە نووسەر و درێژە بە فەرهەنگنووسی بدە. بەڕاستی لەڕووم هەڵنایە بڵێم وەرە بەردەستیی من بکە یان هاوکارم بە با ده‌رگای ئەو فەرهەنگنووسییە دانەخرێت. دەردەکە ئەوەیە کە تۆ تەماشا دەکەی، بوارێک نییە بۆ ئەوەی نووسەر تێیدا بار بێت، مەودایەک نییە بۆ ئەوەی کەسێک دڵخۆش بێ بەوەی دەیان ساڵ ژیان لە خۆی تاڵ بکات، هەر بایی ئەوەندە ژیانی هەڵبسووڕێت و موحتاجی ئەم و ئەو نەبێت. زۆر شەو بووە خەریکی کار بووم، هاوسەرەکەم بانگی کردووم، ماجید وەرە نانی بەیانی بخۆێن. من تازە زانیومە کە ئه‌وا رۆژ بووەتەوە! دەی من چەند کەسی ئاوا شێت بدۆزمەوە؟! بە راشکاوی دەڵێم، چەند شێتی تری ئاوا بدۆزمەوە؟ نابێ! ئەوە کاری حکوومەتەکانە و ئەوان دەبێ ئەو مافانە بپارێزن و قانوونێک بۆ کۆپیڕایت دابنێن، با بە دیجیتاڵ بکرێت و پێگەیەک هەبێ کە هەموو بتوانن لێیەوە داونلۆدی بکەن، بە پارەیەکی کەم. لەو حاڵەتەدا سەیر دەکەی لە بری هەزار بەرگ، 200 هەزار جار داونلۆد کراوە و هەموان خەریکن کەڵکی لێ وەردەگرن و هەموو لایەک سودی خۆیانی لێ ده‌به‌ن، هەر لە خوێنەر و نووسەر و سپۆنسەرەوە تا پەخشانگاکە. بەڵام نەک داونلۆد بکرێت بەخۆڕایی. ئەگەر بەخۆڕایی خرایە بەردەست، بێگومان بە قەدری نازانرێ و بایەخیشی پێ نادرێت.
مەودایەک نییە بۆ ئەوەی نووسەرێک دڵخۆش بێ بەوەی دەیان ساڵ ژیان لە خۆی تاڵ بکات، هەر بایی ئەوەندە ژیانی هەڵبسووڕێت و موحتاجی ئەم و ئەو نەبێت .

* هەرچەند لە کۆی باسەکەدا ئاماژەت بە زۆربەی ئاستەنگەکان دا، بەڵام ئەگەر دەستەبژێریان بکەی، ئەو ئاستەنگە هەرە سەرەکییانە کامانەن کە بۆ فەرهەنگنووسێکی کورد دروست دەبن؟
کاری فەرهەنگنووسی به‌راستی کاری تاکەکەسی نییە. لە پێشەکی فەرهەنگە چواربەرگییەکەشدا ئاماژەم بەوە داوە: هەر کەسێک دەتوانێ 500 وشەت بۆ بنووسێت و تا رادەیەک ماناکەشیان بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر بوو بە پێنج هەزار وشە، دژوار دەبێتەوە و ئیتر بۆ 50 هەزار یەکجار قورس و ئەستەم دەبێت. ئه‌مجار بێت و لێکدراوەکانی دەربێنیت و ناسنامەکەی بدۆزیتەوە و ... ئیتر ئەوە ته‌واوی تەمەنی دوو کەس و چوار کەسیش بەشی ناکات. ئەوە کاری لیژنەیەکە. من وەک کوردێکی رۆژهەڵاتیی، حکوومەت بە گەورەترین دوژمن و بەرهەڵست نەک هەر بۆ فەرهەنگ، بەڵکو بۆ نووسین و کتێب، به‌گشتی دەزانم. خاوەنی پەخشانگایەکی گەورەی وەک کوردستان کە ناوی مەلا رەحیم مەحموودییە، لەم رۆژانەدا قسەمان دەکرد گوتی، بایی یەک ملیار و 500 ملیۆن تمەن کتێبم لە کۆگادا ماوەتەوە، ئەگەر ئەوانە کاعەزی سپی بان، ئێستە سێ ملیاری دەکرد! ئەوە تەنزێکی یەکجار تاڵە. لە ئێراندا ئێستە بە سەعات نرخی کاغەز بەرز دەبێتەوە. هەموو قۆناغەکانی چاپ هەر لە کاغەزەوە هەتا پلێت و چاپخانە و کرێکارەکانی هەمووی بە کاشە، واتا تۆ کتێبێکت نووسیوە و بە پارەی کاش چاپت کردووە و لە کتێبخانەکان دادەکەون، کەس ناتوانێ بیکڕێت، لەبەر ئەوەی، له‌چاو داهاتی خه‌ڵک، یه‌کجارگرانە.
چل ساڵە بیر لەو شێوازە دەکەمەوە و تا ئێستە لە هیچ فەرهەنگێکدا نەمبینیوە کارێکی ئاوا کرابێت .

* لێرە یەک پرسیار دروست دەبێت، ئەگەر فەرهەنگێکی زمانی فارسیش چاپ بکرێت، ئەو ئاستەنگانە بۆ نووسەر یان نووسەرانی دروست دەبن کە بۆ کوردەکە دروست بووە؟
شوێنێک لە تاران هەیە پێی دەڵین فەرهەنگستانی زمانی فارسی، بۆ هەر فەرهەنگێکی وشەی فارسی کە بیانهەوێ چاپی بکەن، ئەو فەرهەنگستانی زمانە ده‌وری80٪ی خەرجییەکەی دەدات، بەڵام وەک دیارە ئێمە بێبەشین!

* لەدوای فەرهەنگی چواربەرگی زانستگای کوردستان وەستاوی یان فەرهەنگێکی ترت بەدەستەوەیە؟
نا نەوەستاوم و ئێستە فەرهەنگێکی ترمان بەدەستەوە کە ئەمجارەیان کوردی بە کوردییە و هیچ فارسی تێدا نییە. منێک کە هەمیشە دەمگوت پێویستە - بە داخی گران و بە رانی شکاوەوە- ئەگەر فەرهەنگێک دەنووسین، وێڕای کوردییەکە، هاوواتای فارسی، تورکی، عەرەبی یان ئینگلیزی دابنێین، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئێمەی کورد بە کوردی فێری زمانەکەمان نەبووین. ئەوەی رۆژهەڵاتییە فارسی فێر بووە و ئینجا بە یارمەتی فارسییەکە خەریکە کوردی فێر بێت، ئەوەی لە وڵاتە عەرەبەکاندایە بە عەرەبی فێری خوێندەواری بووە و خەریکە بە یارمەتی عەرەبییەکەی بەشکوو کوردی فێربێت، ئەوەی لە باکوورە، تورکی فێر بووە و بە یارمەتی تورکییەکە گەرەکیە کوردی فێربێت. کەوابوو دەبێ بەرانبەرێکی تورکی هەبێت تا لێی تێ‌بگات. زۆرمان هەن لە کوردانی باکور، کە تۆ وشەکەی بۆ دەخوێنیتەوە نازانێ واتای چییە، مانای دەکەیەوە دیسان تێناگات، بەڵام ئەگەر هاوواتا تورکییەکەت پێ گوت ئینجا تێ‌دەگات. لە هەنبانە بۆرینەشدا مامۆستا هەژار هەرچەند زۆر دژی بوو و دڵی پێوە نەبوو، من بە پاڕانەوە و پێداگرییەکی زۆر فارسییەکەم خستە تەکی و دواتر جوابی هاتەوە کە بەڕاستی زۆر یارمەتیدەر بووە و هەر ئەوەش بووە هۆیەکی گەورە بۆ سەرکەوتنی هەنبانە بۆرینە کە چەندان جاری تر چاپ کرایەوە. بەڵام بیرێکم لێ کردەوە کە جیاوازییەکەمان چییە؟ ئەوە بۆ ئێمە واین؟ بینیم زمانێکی وەک عەرەبی زمانێکی یەکجار بەربڵاوە. بۆ نموونە دەڵی بۆ وشتر 600 وشە‌یان هەیە، بۆ شێر 400 وشە. ئەوە ناوە و بۆ ئاوەڵناو و جێناو و ئاوەڵکار و چاوگیش هەروا. باشە من کە 600 وشەم هەیە بۆ "وشتر"، ئایا عەرەب هەیە نەزانێ ئیبل مانای وشترە؟ یان نەزانێ ئەسەد یانی شێر؟ واتا وشەیەک یان دوان هەیە کە هەموو عەرەب دەیزانن، لەکاتێکدا دێیتە ناو زمانی کوردییەوە و دەبینی زمانەکەی ئێمە بەربڵاو نییە، بەڵکو پرژوبڵاوە! تۆ سەیری وشەیەکی وەک ئاسک بکە، لە سنە پێی دەڵێن ئاهوو، هەر ئەوەی کە فارسەکە پێی دەڵێ، شوێنێک پێی دەڵێ خەزاڵ، لایەک پێی دەڵی غەزاڵ، بەشێک لە کوردستان مامزی پێ دەڵێن، بەشێ ئانبز ، بەشێک جەیران و لایەک کەژاڵ و... ئێستە تۆ ئەگەر بنووسی ئاسک هێندێک نازانن چییە. لە بەرانبەری خەزاڵیش بنووسە رەنگە دیسان نەزانن، بنووسە مامز، دوور نییە هێشتاش نەزانن. کەوابوو ئێمە زمانەکەمان پرژوبڵاوە. مەبەستی من ئەوە بوو کە دەمگوت دەبێ فارسییەک، عەرەبییەک یان تورکییەک لە بەرانبەرییەوە دابنێی. بەڵام بیرم لەوە کردەوە، ئەگەر بێنین بۆ نموونە بۆ ئەو ئاسکە، یەک لەو ناوانەی کە ئاماژەم پێ دان بکەین بە سەرچاوە. ئاسکەکە وەک سەرچاوە دابنێین و هەموو وشەکانی تر کە لە هەموو کوردستاندا چی پێدەڵین، سەرجەمیان لە بەرانبەر ئاسکەکە بنووسین، یان بۆ چۆلەکە کە لە سنە پێی دەڵێین مەلیچک، نزیکەی 60 وشەمان لە کوردیدا بەرانبەری هەیە، هەر 60 وشەکە لە بەرانبەر چۆلەکەوە بنووسین، بەڵام تەنیا لە بەرانبەر چۆلەکە دایبنێین، ئەگەر لە پیتی "پ" چووینە سەر پاساری، لە بەرانبەری تەنیا چۆلەکە بنووسین، یان ئەگەر مەلیچکمان نووسی، لە بەرانبەری تەنیا بنووسین چۆلەکە، ئەگەر لە فەرهەنگەکەدا ،مەلیچکمان دۆزییەوە و نەمانزانی چییە، نووسراوە چۆلەکە، ئەگەر ئەویشمان نەزانی، دەگەڕێینەوە بۆ پیتی "چ" و لە چۆلەکەدا دەبینین هەموو ناوەکانی تر دانراون، تۆ مادام کورد بی، لەو 60 ناوە یەکێکیان هەر دەزانی، ئەوە بۆ من یەکجار کارێکی کاتبەرە و لە هەمان کاتدا زۆر وردە، من چل ساڵە بیر لەو شێوازە دەکەمەوە و تا ئێستە لە هیچ فەرهەنگێکدا نەمبینیوە کارێکی ئاوا کرابێت. به‌راستی زۆر به‌و کاره دڵخوشم و وا ده‌زانم ده‌روێکی تازه‌مان به روودا بکاته‌وه، هیوادارم.



وشە - هیدایه‌ت جان