توركیا و ئه‌مه‌ریكا..ڕزگاری ڕه‌قه‌ له‌به‌رامبه‌ر په‌راوێزخستنی په‌یه‌ده‌

ڕۆژی هه‌ینی 17ی ئه‌م مانگه‌ جه‌نه‌راڵ جۆزێف دانفۆرد سوپاسالاری ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی توركیای كرد و له‌ بنكه‌ی ئه‌نجه‌رلیكی سه‌ربازی، چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن شاندی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا و دانفۆرد و خلوسی ئاكار سوپاسالاری توركیا ئه‌نجام درا، میدیاكانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌سه‌ر داهاتووی سووریا و شه‌ڕی ڕزگاری ڕه‌قه‌ ڕێك ده‌كه‌ون، توركیاش دوو پلانی پێشكه‌شی واشنتن كردووه‌ و له‌ هه‌ردوو پلانه‌كه‌ش دووپات له‌سه‌ر په‌راوێزخستنی كورده‌كانی سووریا كراوه‌ته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی "حورییه‌ت"ی توركی له‌ زاری دوو سه‌رچاوه‌وه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، دره‌نگانی شه‌وی هه‌ینی له‌ بنكه‌ی ئه‌نجه‌رلیكی ئاسمانی توركیا كه‌ وه‌ك ناوه‌ندی سه‌ربازی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش دیاری كراوه‌، هه‌ریه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ی سوپای توركیا خلوسی ئاكار و جۆزێف دانفۆرد سوپاسالاری ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كۆ بوونه‌وه‌ و نه‌خشه‌ڕێگه‌ و پلانی چۆنیه‌تیی ڕزگاركردنی شاری ڕه‌قه‌ی پایته‌ختی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان له‌ سووریا تاوتوێ كردووه‌.

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ ڕاپۆرتێكدا نووسیویه‌تی، ئه‌نكه‌ره‌ دوو پلانی ڕاده‌ستی سوپاسالاری ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كردووه‌، یه‌كێكیان باس له‌ به‌شداربوونی هێزی كۆماندۆی توركیا و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ده‌كات كه‌ له‌ ڕێی شاری ترپه‌سپی "ته‌ل ئه‌بیه‌ز"ه‌وه‌ به‌ره‌و ڕه‌قه‌ هێزه‌كان ده‌نێردرێ و گه‌مارۆی ڕه‌قه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌ده‌ن و تیرۆریستان له‌ شاره‌كه‌ له‌ناو ده‌به‌ن. كه‌ له‌ ئێسته‌ ترپه‌سپی له‌ ده‌ست هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌دایه‌.

به‌گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی توركیا، هێزه‌كانی كۆماندۆی توركیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا به‌ نێو ئه‌و ناوچانه‌ تێپه‌ڕ ده‌بن كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی په‌یه‌ده‌دایه‌ و تا قووڵایی 90 كیلۆمه‌تریش پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به‌ ڕه‌قه‌ و گه‌مارۆی تیرۆریستانی داعش بده‌ن.

"حورییه‌ت" نووسیویه‌تی، جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ی توركیا كه‌ ئه‌مه‌ریكاش وه‌ری گرتووه‌ تا تاوتوێی بكات، پێویستی به‌ كردنه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌ پانتایی 20 كیلۆمه‌تر و به‌ درێژایی 90 كیلۆمه‌تر تا ئه‌و هێزانه‌ بگه‌نه‌ ڕه‌قه‌، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا فشار له‌سه‌ر كورده‌كان دروست بكات و ناچاریان بكات پابه‌ند بن به‌و پلانه‌وه‌.



ئێسته‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات كه‌ خۆی له‌ 28 گرووپی چه‌كداری جیاجیا ده‌بینێته‌وه‌، ده‌ستیان به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی فره‌وانی باكوری سووریا و ده‌وروبه‌ری ڕه‌قه‌ گرتووه‌، كه‌ له‌ نێویاندا هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ زۆرترین به‌شی ئه‌و هێزه‌ پێك ده‌هێنن.

بیناڵی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌میانه‌ی پلانه‌كه‌ ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ هێزه‌كانی توركیا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌شداری شه‌ڕ ناكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك هێزی پشتیوانی و پاڵپشتی سه‌ربازی و تاكتیكی به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ هێزه‌كان ده‌بن، ئێسته‌ش هێزه‌كانی توركیا و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر زه‌ویی سووریا بوونیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ باشترین ڕێگه‌یه‌ بۆ گرتنه‌وه‌ی ڕه‌قه‌ و له‌ناوبردنی تیرۆریستان.

به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌كه‌، پلانی دووه‌می توركیا كه‌ جۆرێك له‌ نه‌رمی زیاتری تێدایه‌ و جێبه‌جێكردنیشی ئاسانتره‌، چونكه‌ به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات دروست نابێ، بریتییه‌ له‌ جووڵه‌ پێكردنی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و توركیا له‌ شارۆكه‌ی ئه‌لبابه‌وه‌ به‌ره‌و ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و تا ده‌گه‌ن به‌ ڕه‌قه‌.

ئه‌وه‌ی ئه‌م پلانه‌ی قورس كردووه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ درێژه‌یه‌ كه‌ هێزه‌كان پێویسته‌ بیبڕن، كه‌ خۆی له‌ 210 كیلۆمه‌تر ده‌بینێته‌وه‌ و سروشتی ناوچه‌كه‌ش چیاییه‌ و هێزه‌كان به‌ ته‌واوی شه‌كه‌ت ده‌كات، بۆیه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ ته‌واو قورس ده‌بێت. هاوكات بیرۆكه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌كان له‌ كۆبانێوه‌ به‌ره‌و ڕه‌قه‌ پێشڕه‌وی بكه‌ن، كه‌ مه‌وداكه‌ی 130 كیلۆمه‌تر ده‌بێت.



پلانه‌كانی توركیا
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ بڵاوكراوه‌كان، به‌یانی ڕۆژی شه‌موو توركیا به‌ فه‌رمی دوو پلانی پێشكه‌شی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌، بۆ چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌ هاوبه‌شه‌كانی واشنتن و ئه‌نكه‌ره‌ بۆ له‌ناوبردنی تیرۆریستانی داعش و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی شاری ڕه‌قه‌ی سووریا.

پێگه‌ی "ئه‌لعه‌ین" ئاماژه‌ی داوه‌، توركیا چه‌ندان جار دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هێزه‌ عه‌ره‌بییه‌ ناوخۆیییه‌كانی سووریا به‌شداری شه‌ڕی ڕه‌قه‌ بكه‌ن و توركیاش وه‌ك هێزی پشتیوانی له‌گه‌ڵیان ده‌بێ و نابێ پشت به‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ببه‌سترێ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ پشتیوانی ده‌كرێن.

هاوكاریكردنی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی له‌ مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2016 ناكۆكی و گرژییه‌كانی نێوان ئه‌نكه‌ره‌ و واشنتنی گه‌یانده‌ ئاستێكی باڵا، هاوكات وڵاتانی ناتۆش نیگه‌رانییان له‌ هه‌نگاوه‌كانی توركیا به‌ ئاراسته‌ی ڕووسیا ده‌ربڕی، توركیا پشتیوانی ئه‌مه‌ریكای بۆ هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ له‌ سووریا وه‌ك بیانوو و هۆكار بۆ كاره‌كانی گه‌ڕانده‌وه‌.

تا ئێسته‌ به‌ ته‌واوی ڕوون نییه‌ كه‌ حكوومه‌تی دۆناڵد تره‌مپ چۆن له‌ نێوان توركیا و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات مامه‌ڵه‌ ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ واشنتن ده‌یه‌وێ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات پڕچه‌ك بكات و به‌ توركیاشی ڕاگه‌یاندووه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی ده‌نێردرێن، به‌ گرووپه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی ناو هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ده‌درێن، به‌ڵام ئه‌نكه‌ره‌ به‌ ته‌واوی ئه‌مه‌ی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بیناڵی یڵدرم له‌میانه‌ی سه‌ردانێكی بۆ ئه‌ڵمانیا گوتی، كارێكی زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێ و پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌نكه‌ره‌ و وانشتنیش به‌ ته‌واوی ڕوو له‌ خراپبوون ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر واشنتن بیه‌وێ هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ پڕچه‌ك بكات و له‌ شه‌ڕی ڕزگاری ڕه‌قه‌ به‌شدارییان پێ بكات.



جێی باسه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا ئه‌نجام دا و هاوكات سه‌رۆكی نوێی ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا "مایك پۆمپیو" له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، گه‌یشته‌ ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا، ڕۆژی هه‌ینی ڕابردووش جۆزێف دانفۆرد گه‌یشته‌ توركیا و له‌گه‌ڵ خلوسی ئاكاری سوپاسالاری توركیا چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام دا.

گرژییه‌كانی نێوان واشنتن و ئه‌نكه‌ره‌ دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی 15 ته‌مووز/یۆلیۆی 2016 له‌ توركیا ده‌ستی پێ كرد، دوای ئه‌وه‌ی توركیا بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌تی سه‌ر به‌ فه‌تحوڵا گوله‌نی تۆمه‌تبار كرد به‌ ئه‌نجامده‌ری كوده‌تاكه‌ و داوای له‌ واشنتن كرده‌وه‌ كه‌ فه‌تحوڵا گوله‌نی سه‌رۆكی ڕێكخراوی خزمه‌ت ڕاده‌ستی ئه‌نكه‌ره‌ بكاته‌وه‌، به‌ڵام واشنتن ئه‌مه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی دا، به‌پێی یاساكانی ئه‌مه‌ریكا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌كه‌ن، هاوكات پێوه‌ندییه‌كانی واشنتن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و ناردنی چه‌ك بۆ په‌یه‌ده‌، هۆكارێكی تری گرژی نێوان واشنتن و ئه‌نكه‌ره‌یه‌، ئه‌مه‌ش وای كرد توركیا هاوكێشه‌كه‌ ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ"یه‌ و ناتۆ له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا هێز دژی ڕووسیا بڵاو ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام توركیای خاوه‌ن دووه‌م گه‌وره‌ترین هێزی ناتۆ، پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ مۆسكۆ ئاسایی كرده‌وه‌ و ئه‌ردۆغان و پوتین به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ هه‌نگاونان كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سووریا و به‌و هۆیه‌وه‌ش كۆنگره‌ی ئاستانه‌یان ڕێك خست و ئاگربه‌ستی نێوان ڕژێم و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕاگه‌یه‌نرا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:11:29:19/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 841 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌