زۆرینه‌ی قوتابخانه‌كانی سلێمانی ده‌ست به ده‌وام ده‌كه‌ن و قوتابیان و خوێندكارانیش له كۆد و خوێندنی ئۆنلاین ئاگه‌دار كراونه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 29ی ئۆكتۆبه‌ر، عومه‌ر محه‌مه‌د جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له‌گه‌ڵ بڕیاری ده‌ست پێ كردنی خوێندنی ئه‌لكترۆنی له 10ی ئه‌م مانگه ده‌ستمان به‌خوێندن كردووه، ئه‌وانه‌یش تا ئێسته خوێندنیان ده‌ست پێ نه‌كردووه خۆیان به‌رپرسیارن.
له باره‌ی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی مامۆستایانی ناڕازییه‌وه كه بڕیاری درێژه‌دان به بایكۆتیان داوه، عومه‌ر محه‌مه‌د گوتی، مامۆستایانی ناڕازی گرووپێكی گوشارن و نوێنه‌ری ته‌واوی مامۆستایان نین، به‌ڵكو ده‌كرێت ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی مامۆستایان‌دا لێكتێگه‌یشتن له نێوانیان هه‌بێت.
بڕیار بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنایه
هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه بڕیار بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنایه، "ئه‌وان بڕیاریان له‌سه‌ر چی بێت ئێمه ئه‌وه جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".
لای خۆیه‌وه كامه‌ران فه‌تاح، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی شارۆی بنه‌ڕه‌تی به "وشه"ی راگه‌یاند، تا ئێسته ده‌ستمان به پرۆسه‌ی خوێندن نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌فته‌ی داهاتوو ئاماده‌كارییان كردووه بۆ دابه‌شكردنی كۆدی خوێندنی ئه‌لكترۆنی.
" خوێندكاران هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی كۆدی خوێندنی ئه‌لكترۆنیان پێبده‌ین، ئێمه‌ش ئاماده‌كاریمان بۆ ئه‌و پرسه كردووه" به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه وای گوت.
له 10ی ئه‌م مانگه‌وه له هه‌رێمی كوردستان جگه له پۆله‌كانی یه‌ك و دوو و 12 كه له ناو پۆلدا ده‌خوێنن، پۆله‌كانی تر به‌شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی ده‌ستیان به خوێندن كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له سلێمانی به‌هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌وه تا ئێسته خوێندن ده‌ستی پێنهكردووهتهوه.
سلێمانی/ هه‌ستیار عه‌بدوڵا