به‌رپرسانی شارۆكه‌ی شنگال دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌نگاوه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه زۆر به‌هێواشی ده‌نرێن و ده‌ست به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بۆ پۆلیسی پاراستنی شنگال كراوه، كه یه‌كێكه له خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نایشارنه‌وه كه به‌غدا زۆر هه‌ستیارانه و دوو دڵانه مامه‌ڵه ده‌كات و ترسی له وه‌ڵامی توندی میلیشیاكان و هێزه‌كانی په‌كه‌كه هه‌یه دژ به بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی عێراق.
ڕێككه‌وتنی شنگال له نۆی ئه‌م مانگه "تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر" له به‌غدا به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق واژووی له‌سه‌ر كرا و خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یش له میدیاكان بڵاو كرایه‌وه، كه خۆی له ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال و گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی په‌كه‌كه و دروستكردنی هێزی ناوخۆی له خه‌ڵكی شارۆكه‌كه و دانانی ده‌سته‌یه‌كی نوێی به‌ڕێوه‌بردنی شارۆكه‌كه به هه‌ماهه‌نگی وردی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عێراق، ده‌بینێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێسته 20 ڕۆژ به‌سه‌ر واده‌ی واژووكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان زۆر سستن و ترس و نیگه‌رانی و دوودڵی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه به ڕوونی به‌دی ده‌كرێ، له جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه.
مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شارۆكه‌ی شنگال له‌وباره‌وه گوتی، پرۆسه‌ی ناونووسكردنی خه‌ڵكی شنگال بۆ چوونه ڕیزی پۆلیس ده‌ستی پێكردووه، كه دۆسیه‌ی ته‌ناهی شنگال ده‌گرنه ده‌ست، ئه‌و پرۆسه‌یه‌یش وه‌ك یه‌كێك له خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
زیاتر گوتی، ئه‌وانه‌ی نانووس ده‌كرێن ده‌چنه ڕیزی ئه‌و هێزه‌وه كه سه‌ر به حكوومه‌تی عێراق ده‌بێ و به‌رپرسیاریه‌تی دۆخی ته‌ناهی شارۆكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ده‌ست، واته له شوێنی هێزه ناشه‌رعییه‌كانی وه‌ك په‌كه‌كه و میلیشیاكان ده‌ستبه‌كار ده‌بن، ئه‌وانه‌یشی كه ناونووس ده‌كرێن بریتین له خه‌ڵكی ئاواره‌ی شنگال و ئه‌وانه‌یشی كه له ناوچه‌كه ده‌ژین.
به‌غدا ترسی له كاردانه‌وه و هێرشی حه‌شد و میلیشیا هه‌یه
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌در ئه‌لزیادی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" گوتی، ئه‌و هێزه‌ی كه دروست ده‌كرێ ژماره‌یان دوو هه‌زار و 500 كه‌س ده‌بێ، هه‌زار كه‌سیان له خه‌ڵكی ئێسته‌ی نیشته‌جێی شنگال ده‌بێ و هه‌زار و 500ی تریشیان له خه‌ڵكی ئاواره‌ی شنگال ده‌بێ، سه‌رجه‌میان ده‌خرێنه سه‌ر كه‌رتی پۆلیسی فیدرالییه‌وه، ئه‌مه‌یش هه‌نگاوێكی باشه بۆ دروستكردنه‌وه‌ی سیسته‌می به‌رگری و ته‌ناهی سه‌ر به حكوومه‌ت له‌و شارۆكه‌یه، دوور كه‌وتنه‌وه له سیسته‌می فره‌هێزی و فرهمیلیشیایی. له ڕێككه‌وتنه‌كه‌یش هاتووه، كه ئه‌و هێزه‌ی دروست ده‌كرێ، له‌گه‌ڵ سوپا و هه‌واڵگری دۆخی ته‌ناهی ته‌واوی ناوچه‌كه ده‌گرنه ده‌ست، واته ناوخۆی شارۆكه‌كه له ده‌ستی هێزی پۆلیسه‌وه ده‌بێت.
زیاتر گوتی، ئێمه له لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری پشتیوانی له ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بشكێته‌وه و كۆتایی به‌و گرژی و نائارامی و كێشانه بهێنرێ له ناوچه‌كه، كه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێسته خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شارۆكه‌كه نه‌گه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌رپرسانی حكوومه‌تی ناوخۆیی مووسڵ دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه حكوومه‌تی به‌غدا ده‌ستی به هه‌نگاونان بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه كردووه، به‌ڵام زۆر دوودڵ و هه‌ستیارانه مامه‌ڵه ده‌كات و ترسی له كاردانه‌وه و وه‌ڵامی هێزه‌كانی په‌كه‌كه و میلیشیاكان هه‌یه. به‌رپرسێكی حكوومه‌تی ناوخۆیی مووسڵ بۆ ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی داوه، تا ئێسته‌یش هێزه‌كانی په‌كه‌كه و حه‌شد ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه كه له شارۆكه‌كه بچنه ده‌ره‌وه، له كاتێكدا ئه‌مه یه‌كێكه له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه، به‌وهۆیه‌وه‌یش حكوومه‌ت ترسی هه‌یه، ئه‌و دوو هێزه ڕووبه‌ڕووی حكوومه‌ت ببنه‌وه و كێشه دروست بكه‌ن، به‌وهۆیه‌وه جۆرێك له سستی له جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه له‌لایه‌ن به‌غداوه هه‌یه.
تا ئێسته ئه‌و دوو هێزه ناشه‌رعییه ئاماده نین شنگال چۆل بكه‌ن و خه‌ڵكی شنگال بكرێنه پۆلیس و ئیداره‌ی ناوچه‌كه بگرنه ده‌ست
به‌رپرسه‌كه دووپاتی له‌وه‌یش كرده‌وه كه زۆربه‌ی ئاواره‌كانی شنگال سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه تا ئه‌و دوو هێزه له شارۆكه‌كه نه‌كرێنه ده‌ره‌وه، ئه‌وان ئاماده نین بگه‌ڕێنه‌وه شنگال، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه تا ئێسته 70%ی خه‌ڵكی شنگال له ئاواره‌یی ماونه‌ته‌وه و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان.
قوسه‌ی شه‌به‌ك ئه‌ندامی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه كرد، كه حكوومه‌تی فیدرالی كه‌مته‌رخه‌مه و تا ئێسته‌یش به ڕۆڵ و ئه‌ركی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه له ده‌ركردنی ئه‌و هێزانه و جێگیركردنی ئاسایش و ئارامی له شارۆكه‌ی شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا، بێگومان تا ئارامی و ئاسایشیش به‌رقه‌رار نه‌بێ، ئاواره‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان و له ده‌ربه‌ده‌ری ده‌مێننه‌وه، كه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات خه‌ڵكی چیتر متمانه‌یان به حكوومه‌ت نه‌مێنێت و بێ هیوا بن له‌وه‌ی جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه نێو ماڵه‌كانی خۆیان و ده‌ست به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان بكه‌نه‌وه.