ژنانی پۆڵەندا هەڕەشە لە وڵاتەكە دەكەن

:: AM:10:46:05/10/2016 ‌
بە هەزاران لە ئافرەتانی پۆڵەندا كارەكانیان بایكۆت كرد و وازیان لە چوونەوە بۆ ماڵ و خوانی نیوەڕۆ لەگەڵ هاوسەرەكانیان هێنا، رۆژانە سەر شەقامەكان بۆ دژایەتیكردنی پڕۆژە یاسایەكی نوێ كە بۆ قەدەغەكردنی لەباربردن بەسەر وڵاتدا دەسەپێنرێت.

پۆڵەندا لە نێو وڵاتانی ئەوروپی بە توندترین وڵات ناسراوە كە دژی لەباربردنی منداڵ دەوەستێتەوە، تەنیا ئەگەر منداڵەكە هەڕەشە لەسەر تەندروستی دایكەكە دروست بكات یان لە رێی دەستدرێژی سێكسییەوە ئافرەتەكە دووگیان بووبێ، ئەوا رێگە بە لەباربردنی منداڵ دەدات.

ئەو پڕۆژە یاسایە نوێیە، بە تەواوی لەباربردن بە هەموو حاڵەتەكانیەوە قەدەغە دەكات، هەر كەسێكیش سەرپێچی بكات، ئەوا پێنج ساڵ دەخرێتە گرتووخانەوە، جگەلەوە ئەو پزیشك و پەرستارانەش ئەو كارە بكەن، ئەوا بەهەمان شێوە ڕووبەڕووی بەندكردن دەبنەوە.

رۆژی 23 ئەیلوول/سێپتێمبەر پەرلەمانی پۆلەندا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە كرد و بڕیارە لە هەفتەكانی داهاتوو بیخانە دەنگدانەوە.

بۆ سەركۆنەكردنی ئەو كارە، چالاكان و فێمێنیستانی پۆڵەندا رژانە سەر شەقام و بایكۆتی گشتییان لە دەوام ڕاگەیاند، دژی ئەو یاسایە خۆپێشاندانیان ئەنجام دا.

ئەوان داوایان كرد لە یاساكەدا تا 12 هەفتەی یەكەم ئافرەتان بۆیان هەبێت، منداڵەكانیان لەبار ببەن، بەڵام دواتر نایاسایی بێ، بەڵام پەرلەمانتاران بە تەواوی داوای ژنانی خۆپێشاندەریان ڕەت كردووەتەوە.

ژنان بڕیاریان داوە خۆپێشاندانەكانیان بەردەوام بێ و زۆرینەیان لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیان لە وارشۆ كۆ بوونەتەوە و دژی ئەو پڕۆژە یاسایە دروشمیان بەرز كردووەتەوە، هەڕەشەی ئەوەش دەكەن كە ئەگەر یاساكە دەنگی لەسەر بدرێ و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوان بەهەموو شێوەیەك پێوەندی جووتبوون لەگەڵ پیاوان دەوەستێنن و چیتر وەچە ناخەنەوە.

وشە/RT، و:باز






وشە - باز ئه‌حمه‌د