مانچستەر یونایتد مژدەیەك بۆ مۆرینۆ ئامادە دەكات

:: PM:12:55:19/02/2017 ‌

رۆژنامە ئینگلیزییەكان بڵاویان كردەوە كە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد ئامادەكاری دەكەن بۆ پێدانی مژدەی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەیان لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی بۆ ماوەی 5 ساڵی تر.

رۆژنامەی (سەندای وۆرڵد) بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتیی یانەی مانچستەر یونایتد رازین بەو ئاستەی مۆرینۆ لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ یانەكەیان پێشكەشی كردووە سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە ریزی شەشەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزین.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە: ئەندامانی یانەی مانچستەر یونایتد گەیشتوونەتە ئەو رایەی كە گرێبەستەكەی مۆرینۆ تا ساڵی 2022 درێژ بكەنەوە كە خۆی لە 2019 بەكۆتا دێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە مۆرینۆ بەم مژدەیە دڵخۆش دەبێت هەروەك پێشتر رایگەیاندبوو كە ئارەزوو دەكات زۆرترین ماوە لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد بمێنێتەوە.

بڵاویشی كردەوە كە دەستەی كارگێڕیی یانەی مانچستەر یونایتد پشتگیری لە مۆرینۆ دەكەن تەنانەت ئەگەر ئەمساڵیش نەتوانێ یانەكە بگەیەنێتە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، هەروەها بەڵێنیشیان پێداوە هاوینی داهاتوو بڕە پارەیەكی زەبەلاحیشی بۆ فەراهم بكەن تا لە رێگەیەوە گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێ ئیمزا بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م