جان دۆست ڕۆماننووس و نووسه‌ر و وه‌رگێڕی ناوداری كورد و وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زۆربه‌ی زمانه زیندووه‌كانی جیهان وه‌رگێڕدراون و زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه، ئه‌و له دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ "وشه" هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی له مێژووی كورد له ڕۆمانه‌كانی ده‌خاته ڕوو، دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، ژیانكردن له ڕابردوو جیاوازی هه‌یه له شرۆڤه‌كردنی مێژوو و په‌ند وه‌رگرتنی بۆ ئێسته، هاوكات تیشك ده‌خاته سه‌ر مه‌ینه‌تییه‌كانی به‌سه‌ر ماڵباته‌كه‌ی و هاوڕێكانی و شاره‌كه‌ی كۆبانێ هاتوون و هیوا ده‌خوازێت جارێكی تر شاره‌كه‌ی ببینێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌مه به مه‌حاڵ ده‌زانێ و ده‌ڵێ، ئه‌و هیوایه‌شم نایه‌ته‌دی، جان دۆست ساده و خاكیانه ده‌رده‌كه‌وێ و ڕه‌خنه‌یش له نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانی كورد ده‌گرێ و باس له‌وه ده‌كات، زۆرینه‌یان له شیرینی ده‌سه‌ڵات ده‌خۆن و له ڕووكه‌شیش خۆیان به به‌رهه‌ڵستكار پێشان ده‌ده‌ن و هێما بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات، كه ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێ یه‌ك به یه‌ك ناوی ئه‌و نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه ده‌هێنم كه جیاواز له گوتار و په‌یامه‌كانیان، سوودمه‌ندن له ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌یش به هۆیه‌ك ده‌زانێت كه نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانی كورد ناتوانن كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێش بخه‌ن و تاكه‌كان هۆشیار بكه‌نه‌وه.
له به‌شی زۆری ڕۆمانه‌كانت ڕابردوو و مێژوو ده‌گێڕیته‌وه، مژائاباد، سێ هه‌نگاو به‌ره‌و سێداره، مارتینی به‌خته‌وه‌ر، هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژوو بۆچی؟ هیگل ده‌ڵێ، مێژوو خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، ده‌گوترێ مێژوو باشترین دادگه‌یه بۆ ئه‌مڕۆ، ده‌شگوترێ ئه‌وه‌ی مێژوو و ڕابردووی خۆی نه‌زانێ، ئێسته و داهاتووی نابێ، له هه‌مان كاتیش ده‌گوترێ، ئه‌وه‌ی هه‌ر خه‌ریكی لێكدانه‌وه و تاوتوێ كردنی مێژوو بێ، بواری نابێ بیر له داهاتوو بكاته‌وه و پلانڕێژی بۆ داهاتوو بكات، هه‌ڵبژاردنی ڕۆمانی مێژوویی له‌لایه‌ن ئێوه‌وه له ژێر ڕۆشنایی كام لایه‌ن بوو، ئایا هه‌ڵدانه‌وه‌ی برینه‌كانی مێژوو، ئازاره‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه، یان زه‌نگێكه بۆ داهاتوو و دووباره نه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان؟
مێژوو یادگه و پاشخانی گه‌لانه، یادگه‌یش به‌شێكه له ناسنامه، بۆیه مێژووی گه‌لان ده‌بێته به‌شێك له كه‌سیه‌تی گشتی، هیچ گه‌لێكیش به بێ مێژوو بوونی نییه، وه‌كچۆن دره‌ختێكیش بێ بوونی ڕه‌گ له قووڵایی خاك بوونی نییه، من هه‌میشه وا بیرم كردووه‌ته‌وه كه كورد به‌شێوه‌ی پێویست به نێو مێژووی خۆیدا نه‌گه‌ڕاوه، بۆیه كورد پێویستی به شرۆڤه و شیته‌ڵكردنی مێژووی خۆی هه‌یه، بۆ گه‌یشتن به تێگه‌یشتن له واقیعێكی تاڵ و زانینی هۆیه‌كی مانه‌وه‌یان به‌بێ كیانێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌تا ئێسته، ئه‌مه‌یش یارمه‌تیمان ده‌دا كه هه‌ڵه‌كان دووباره نه‌كه‌ینه‌وه، لێره‌وه‌یش ده‌یڵێم، كه سه‌ركرده كۆنه‌كانی كورد كوێرانه هه‌نگاویان ناوه و هه‌میشه كه‌وتوونه‌ته‌وه هه‌ماڵ چاڵ، كێشه‌كه له گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ مێژوو، به‌ڵكو ژیانكردنه له ڕابردوو، ناكرێ به هه‌ستێكی نۆستالیجیه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مێژوو بكه‌ین، به مانایه‌كی تر ناكرێ مێژوو وه‌ك پێوانه و ڕاسته‌یه‌ك بۆ هه‌موو شتێك به‌كاربهێنین، وه‌كو سه‌له‌فییه‌كان كه له مێژووی ئیسلام بوونیان هه‌یه، مسوڵمانان و به‌شێكی زۆری عه‌ره‌ب ته‌نانه‌ت عوسمانییه‌كان و زۆربه‌ی گه‌لانی ژێر ده‌ستیان به جۆرێك له جۆره‌كان نه‌خۆشی سۆزیان بۆ ڕابردوو هه‌یه، ئێمه‌ی كورد له‌م بواره پێشنه‌كه‌وتین و هه‌مان هه‌ستمان له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سك هه‌یه، وه‌ك ئه‌و دێڕه‌ی شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی له‌باره‌ی میرنشینی بابان كه ده‌ڵێ :
له‌بیرم دێ سلێمانی كه دارولمولكی بابان بوو
نه مه‌حكوومی عه‌ره‌ب نه سوخره‌كێشی ئالی عوسمان بوو.
ژیانكردن له ڕابردوو و لێكۆڵینه‌وه له مێژوو دوو شتی له یه‌كتر جیان
بۆچوونێك هه‌یه، كه كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژئاوا هه‌میشه بیر له داهاتوو ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت له گفتوگۆی ڕۆژانه‌یش و به‌رهه‌می فكری و په‌رتووكه‌كانیشیان، خه‌یاڵی زانستی بۆ داهاتوو ده‌كه‌ن به ڕۆمان و توێژینه‌وه، كه دواتریش زاناكان و داهێنه‌ران ده‌یكه‌ن به واقیع، له به‌رانبه‌ردا ڕۆژهه‌ڵات هه‌میشه باسی ڕابردوو ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش هۆكاره بۆ قه‌تیسبوونی كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و پێشنه‌كه‌وتنیان، په‌یوه‌ندی زه‌مه‌ن و كات به پێشڤه‌چوونه‌وه چییه؟ ئایا ڕۆشنبیر ده‌توانێ به باسكردنی ڕابردوو كۆمه‌ڵگه ئاراسته بكات، یان به نه‌خشه‌ڕێژكردنی ڕێبازێك بۆ داهاتوو؟
من پشتیوانی ئه‌و بۆچوونه نیم، ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی ئێسته له ڕۆژئاوا هه‌یه، به‌رهه‌می ڕابردوویانه كه پڕاوپڕه له خوێنڕێژی له پێناوی به‌ها باڵاكانی مرۆڤایه‌تی و فره‌وانكردنی بواری زانست و جیاكردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت، كه ئه‌مه‌یش چه‌ندان سه‌ده‌ی خایاند و قوربانی یه‌كجار زۆری زانایان و رۆشنبیرانی لێ كه‌وته‌وه، ناكرێ ئه‌وروپا له ڕابردووی جیا بكه‌ینه‌وه، هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی ئێسته ده‌یبینین به‌رهه‌می ئه‌و دۆخه قورسانه‌ن كه ئه‌وروپا له سه‌ده‌كانی ڕابردوو پێیدا تێپه‌ڕیوه، ناتوانین جه‌نگی گه‌ردوون "گه‌شتی ئه‌پۆلۆ 11" له مێژووی ئه‌وروپا جیا بكه‌ینه‌وه، هاوكات باوه‌ڕه‌كانی گالیلۆ كه به به‌ڵگه‌وه سه‌لماندی زه‌وی به ده‌وری خۆر ده‌سووڕێته‌وه.
كێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵات بریتییه له شكۆمه‌ندی به‌خشین به ڕابردوو و هه‌وڵدان بۆ دووباره گێڕانه‌وه‌ی، بێ بیركردنه‌وه له‌وه‌ی كه شكۆمه‌ندی بۆ ئێسته پێویسته، ئه‌وه كێشه‌ی عه‌ره‌ب و مسوڵمانه‌كان بوو له بنه‌ڕه‌تدا، ئێمه‌یش به‌شێكبووین له‌و بازنه و ده‌وروبه‌ره، بیر و هزرمان جیاوازی نییه له هزركردنه‌وه‌ی دراوسێكانمان، له‌باره‌ی كورده‌وه، ڕابردوومان شكۆمه‌ندی زۆری هه‌ڵنه‌گرتووه، ئێسته‌یشمان خراپه و بیریش له داهاتوو ناكه‌ینه‌وه، حزبه‌كانی سیاسی هه‌موو شتێكیان قۆرخ كردووه، ڕێ ناده‌ن ڕۆشنبیری كورد ڕۆڵی خۆیان له بواری ڕۆشنگه‌ری بگێڕن، كه‌مینه‌ی ڕۆشنبیرانی كورد ڕووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌كانی ئێسته ده‌بێته‌وه، به رووحێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی دوور له به حزبیبوون، ڕۆشنبیری كوردی ڕه‌خنه له حزبێك ده‌گرێ، به‌هۆی قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام پشتیوانی حزبێكی تر ده‌كات، كه زۆر خراپتره له‌و حزبه‌ی كه ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرێ!، سه‌ركۆنه‌ی تاوانی كوشتن ده‌كات كه فڵانه حزب كردوویه‌تی، بێده‌نگ ده‌بێ له به‌رانبه‌ر تاوانی حزبێكی تر، كێشه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه كه كه‌مینه‌یه‌كی ڕۆشنبیران هه‌ن كه بیر له هۆشیاركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ ڕێگه‌یه‌كی دروست ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له تونێلێكی تاریكه‌وه، بۆ تونێلێكی تاریكتر هه‌نگاو بنێت، كه‌سیان مه‌شخه‌ڵ به ده‌سته‌كانیان هه‌ڵناگرن، ترسیان هه‌یه په‌نجه‌كانیان بسووتێت.
ڕۆشنبیری كورد حزبێك به قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات تۆمه‌تبار ده‌كا و به‌رگری له حزبێكی له‌و خراپتر ده‌كات
پێوه‌ندی ڕۆشنبیر و ده‌سه‌ڵات، له ڕۆمانی میرنامه به قووڵی باس له ئه‌زموونی خانی و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی خواستی میر له‌لایه‌ن خانییه‌وه ده‌كه‌یت، ئایا پێویسته هه‌میشه نووسه‌ر و ئه‌دیب دژی ده‌سه‌ڵات بن، له ڕاستیدا له فه‌لسه‌فه‌دا قسه‌یه‌كی باو هه‌یه كه حه‌قیقه‌ت به ڕه‌هایی لای هیچ كه‌س نییه، كه‌واته بۆچی هه‌میشه پێویسته ئه‌دیب پێوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات هه‌بێت، ئایا هه‌موو شتێكی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵه‌ن و دژی گه‌لن، یان كاتێك رۆشنبیر له پێناوی به‌رگریكردن له گه‌ل خه‌بات بكات و گه‌ل هۆشیار نه‌بێ، ئه‌وكات چی؟ نموونه‌ی زۆرمان هه‌یه، زۆرێك له بیرمه‌ندان به‌رگریان له گه‌ل كردووه و ویستوویانه ڕێی ڕووناكیان پێشان بده‌ن، كه‌چی هه‌ر خه‌ڵك به‌ردبارانیان كردوون! ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه پێوه‌سته به سته‌مكاری ده‌سه‌ڵاته‌وه، بۆخۆی سته‌مكاریش لقی زۆره، بۆ نموونه سته‌م و دیكتاتۆری له قه‌ده‌غه‌ی ئازادی ده‌ربڕین، سته‌م له هاتوچۆ و جموجۆڵ، سته‌م له گۆڕینی ده‌سه‌ڵات، له هه‌مان كاتدا زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ی سته‌مكارن، له ڕووی بژێوی و ئابوورییه‌وه، خه‌ڵكه‌كه كێشه‌یان نه‌بووه، ئه‌مه ده‌مانباته‌وه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نان و ئازادی، زۆرێك له ده‌سه‌ڵاته‌كان ڕه‌نگه سته‌مكار بن به‌رانبه‌ر به ده‌ربڕین و ڕه‌خنه و ئازادی، به‌ڵام نان و بژێوی و ئابووری و خزمه‌تگوزاری به خه‌ڵك ده‌ده‌ن، ڕۆشنبیر له كام لای ته‌رازووه‌كه‌دایه، نان گرنگتره یان ئازدی، به گشتی سته‌مكار و سته‌م پێناسه‌ی چۆنه به‌لای ئێوه‌وه؟
ئه‌حمه‌دی خانی له ڕۆمانی میرنامه سیمبۆلی ڕۆشنبیرێكی گرامیشییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵات ده‌گرت، له هه‌مان كاتدا ئه‌و نووسه‌ری دیوانی ده‌سه‌ڵات بووه و دوور نه‌بووه له ده‌سه‌ڵات، بۆیه ئه‌و به گرفته سیاسییه‌كانی زانیوه كه میرنشینی بایه‌زید له سه‌رده‌می میرزا به‌گ پێیدا تێپه‌ڕیوه، خانی ماندوویه‌تی و شه‌كه‌تی كوردی بیر نه‌چووه، بۆیه له‌و بڕوایه‌دابووه، كه میره‌كان نه‌زانن و دوژمنی داگیركه‌رانن، ئه‌و قه‌ت پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته‌وه نه‌پچڕاوه، به‌ڵام به‌رده‌وام مه‌ودایه‌كی دووری هێشتووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پرسی چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵات و شرۆڤه‌كردن و ڕه‌خنه‌گرتنی له‌یاد نه‌چێته‌وه، ده‌سه‌ڵات له هه‌ر كوێیه‌ك بێ گه‌نده‌ڵه، ئه‌وه‌یشی له مه‌م و زین خستووه‌ته ڕوو، له زاری میره‌وه ده‌ڵێ، ده‌سه‌ڵات پێویستی به كه‌سی دوو ڕوو و خراپه، خواردن و به‌روبوومه‌كان پێویستی به‌وانه‌یه به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و ده‌رگه‌كه‌یشمان پێویستی به سه‌گه بۆ پاسه‌وانی كردن.
زۆرێك له نووسه‌رانی كورد شه‌یتانی دوو ڕوون زمانیان گۆ ناكات بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سییه‌كانیان
پێوه‌ندی ڕۆشنبیری ئازاد و ده‌سه‌ڵات به درێژایی مێژوو گرژ بووه، نه‌رمیان بۆ ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌نواندووه، ته‌نیا ڕۆشنبیره به‌رژه‌وه‌ند په‌رسته‌كان نه‌بێت، كێشه‌ی منیش له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیری كوردی ئه‌وه‌یه، پێناسه‌ی سته‌م له چوارچێوه‌ی گشتی ناكه‌ن، ته‌نیا بیر له سته‌می ناوخۆیی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان له بواری كێشكردنی حزبه‌كانی كورد ده‌رنه‌چوون و ناتوانن حزبه‌كه‌ی تێپه‌ڕێنێت، یان ئه‌و حزبه‌ی پشتیوانی ده‌كات، ئه‌گه‌ر سته‌م بكات، به‌هه‌مان شێوه هه‌ڵوێستی نابێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی نه‌یاری حزبه‌كه‌ی ئه‌و سته‌مێك بكات. ڕۆمانووسێكی كورد كه له ئه‌ڵمانیا ده‌ژی، ده‌یناسم، كاتێك گه‌نجێكی كورد له‌سه‌ر گوێگرتن له ستران له توركیا كوژرا، وێنه‌كه‌ی له په‌ڕه‌ی خۆی له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو كرده‌وه، له ساڵڕۆژی سه‌رده‌شت عوسمان به‌یاننامه بڵاو ده‌كاته‌وه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵوێست له به‌رانبه‌ر قوربانیانی حزبه‌كانی تری ده‌رنابڕێت! به هیچ شێوه‌یه‌ك قسه ناكات، بۆ نموونه له‌سه‌ر كوشتنی "وڵات حسی، له شه‌قامه‌كانی كۆبانێ له‌سه‌ر ده‌ستی ئاسایشی په‌یه‌ده، ده‌مه‌وێ بپرسم، خوێنی ئه‌وانه‌ی قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كات ئه‌و ڕۆماننووسه، سوورتره له خوێنی قوربانیانی تر، بۆچی قسه له‌سه‌ر كوشتنی حه‌نان حه‌مدووش ناكات، كه له شه‌وی یه‌كه‌می هاوسه‌رگیری له ژێر ئه‌شكه‌نجه كوشتیان، یان خوێنی سه‌عد سه‌یدا و هاوڕێكانی چ جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر هه‌یه؟ سیاسییه‌كان ده‌ناسین و ڕوونه كه ئه‌وان بۆ ویستی سیاسی خۆیان پێوه‌ر دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆچی ڕۆشنبیر و ڕۆماننووسێك ڕۆڵی سیاسییه‌كی دووفاق ده‌بینێ؟ له‌به‌ر ئه‌وه گه‌یشتوومه‌ته ئه‌نجامێك كه به‌شێك له ڕۆشنبیرانی كورد له نێویاندا ئه‌و ڕۆماننووسه ناوداره، به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رگری له سته‌ملێكراوان ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی خراپ چوونه‌ته ژێر باڵی حزبه‌كان و چوونه‌ته ناو ئه‌و ئاڵۆزییه‌وه.
ڕۆشنبیری كورد به به‌راورد به گه‌لانی جیهان كه‌مترین كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و ڕه‌وتی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌وه هه‌یه، ئایا ئه‌مه په‌یوه‌سته به‌وه‌ی، كه زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی كورد، شیرینی و هه‌نگوین و پاره‌ی چه‌وری حزب و ده‌سه‌ڵات به هه‌ڵوێست و به‌رگریكردن له جه‌ماوه‌ر ده‌گۆڕنه‌وه، یان هۆی تر؟
به‌شێك له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌م له دێڕه‌كانی سه‌ره‌وه داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌یش زیاد بكه‌م، كه زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی كورد، ده‌رفه‌ت ده‌قۆزنه‌وه وه‌ك ته‌واوی ڕۆشنبیرانی تری ڕۆژهه‌ڵات، له ده‌وری مێزی خواردنی ده‌سه‌ڵات ده‌سووڕێنه‌وه و تێر ده‌خۆن، بێده‌نگن له گوتنی ڕاستی، كه به وردیش ڕاستییه‌كان ده‌زانن، به‌ڵام له پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ساخته‌كانیان بێده‌نگ ده‌بن، ئه‌وانه شه‌یتانی دووڕوون وه‌ك له بابه‌تێكم ئاماژه‌م پێداون، زمانیان گۆ ناكات، كاتێك ده‌یان بێ‌تاوان ده‌كوژرێن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له كیس نه‌چێت، زۆرێكیان ده‌ناسم، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك ده‌رفه‌ت ڕه‌خسا، ناو به ناوی یه‌ك به یه‌كیان ده‌خه‌مه ڕوو، به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ڕۆشنبیران كه ئێسته له ڕۆژئاڤا و هه‌رێمی كوردستانن، به‌شی زۆریشیان له ژێر سێبه‌ری دیموكراسی ئه‌وروپا ده‌ژین، بۆیه ئه‌وانه دواكه‌سن كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و جووڵاندنی ڕای گشتی به ئاراسته‌یه‌كی باش دروست بكه‌ن، ڕۆشنبیری خه‌سێنراون و ناتوانن هزری دژی فاشییه‌ت بخه‌نه‌ڕوو، به‌ڵكو به‌رده‌وام دروشمی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك به‌به‌غا ده‌ڵێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین جه‌ماوه‌ریان هه‌بێت.
ڕۆشنبیرانی كورد مه‌شخه‌ڵ به ده‌سته‌كانیان هه‌ڵناگرن و ترسیان هه‌یه په‌نجه‌كانیان بسووتێت
نووسه‌ر و بيرياران هه‌میشه بزوێنه‌ری شۆڕشه‌كان بوون له مێژووی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام ئه‌زموونی ڕۆشنبیرانیش دوای ته‌واوبوون و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كان ڕوونه، له شۆڕشی فڕه‌نساوه، تا شۆڕشی ڕزگاركردنی ئه‌مه‌ریكا و شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر و شۆڕشه‌كانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه دواتر كۆمه‌ڵكوژی و دیكتاتۆری ترسناكی به‌رهه‌م هێنا و كۆمه‌ڵێك شه‌ڕی ناوخۆیی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه، ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌فلاتوونی كه له كتێبی كۆمار باس له‌وه ده‌كات، كه دیموكراسی به‌وجۆره جێگیر ده‌بێ، كه فه‌یله‌سووفه‌كان حوكمی بكه‌ن؟
یاسایه‌كی گشتی هه‌یه حوكم به‌سه‌ر سه‌رجه‌م شۆڕشه‌كان ده‌كات، ئه‌ویش لادانی شۆڕشه‌كانه له كۆتاییدا له ئامانجه‌كانی خۆی، له كاتی به‌رپابوونی شۆڕش، هه‌میشه كه‌سه پاك و خاوه‌ن بنه‌ما و دڵسۆزه‌كان تێیدا كۆ ده‌بنه‌وه و ئامانجه‌كانی شۆڕش دیاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك شۆڕش كۆتایی دێ و سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ، قۆناغی سه‌رشێتی بۆ پۆست ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌و كه‌سه پاك و دڵسۆزانه‌ی كه سووته‌مه‌نی بزوێنه‌ری شۆڕشن، ده‌كه‌ونه كێبه‌ركێ بۆ دروێنه‌كردنی به‌رهه‌مه‌كانیان، قسه‌كه‌ی ئه‌فلاتوون جوانه، به‌ڵام وه‌كو تیۆری ده‌مێنێته‌وه، فه‌یله‌سووف ناتوانێ حوكمی جه‌ماوه‌ر بكات، مه‌رجه‌كانی ده‌سه‌ڵات و حوكم كردن ئه‌وه‌یه كه یاری به هه‌ستی خه‌ڵك بكات و وه‌همیان پێ بفرۆشێته‌وه، سیاسه‌ت هونه‌ری فرۆشتنی خه‌ونه، فه‌له‌سفه زانستی به‌كارهێنانی عه‌قل و ئه‌و دیوی لۆژیكه، سیاسه‌ت لۆژیكی تێدا نییه و بنه‌مای جێگیری تێدا ناچه‌سپێنرێت، به‌رژه‌وه‌ندی جووڵه به سلوك و بیركردنه‌وه‌ی سیاسی ده‌كات، به‌ڵام فه‌یله‌سووف پێوه‌سته به حه‌قیقه‌ته‌وه، فه‌یله‌سووفان ده‌توانن یارمه‌تی سیاسییه‌كان بده‌ن له دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ری كه‌مترین زیانگه‌یاندن بۆ حوكمكردن، ده‌توانن ڕاوێژ به سیاسییه‌كان بده‌ن و له پێشیانه‌وه ببن به ڕۆشنایی تا ڕێیان بۆ ڕووناك بكه‌نه‌وه، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن به‌شێوه كلاسیكییه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست.
له میرنامه دووباره خانی زیندوو ده‌كه‌یته‌وه و له دیدارێكیشت خۆت به موریدی خانی ده‌زانیت، فه‌لسه‌فه و باوه‌ڕی ئه‌حمه‌دی خانی، تا چه‌ند میله‌تی كورد په‌ند و وانه‌ی لێ وه‌رگرتووه؟ ئێسته‌یش گه‌لی كورد هێنده‌ی بایه‌خ به به‌رهه‌م و ڕوانینی بیرمه‌ندانی ڕۆژئاوا ده‌دات، هێنده له خانی نه‌گه‌یشتوون و وه‌ك هۆزانڤانێكی ئاسایی سه‌یری ده‌كه‌ن، ئایا له‌و بڕوایه‌دای كه خانی سته‌مێكی گه‌وره‌ی لێكراوه له‌لایه‌ن گه‌لی كورده‌وه؟
هزر و ڕوانینه‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی تا ئێسته به ڕۆشنی و پاكی خۆی پارێزراوه و ماوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ئێسته گوترا بێت، دۆخی ئێسته‌ی كوردستان هاوشێوه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه كه خانی تێیدا ژیاوه، ئێسته‌یش كورد دابه‌شبوون، بۆ هه‌ر یه‌كێك له تیمه‌كان هاوپه‌یمانی جیا جیایان هه‌یه و له سێبه‌ریاندا ده‌ژین و دژایه‌تی یه‌كتریش ده‌كه‌ن له نێوان خۆیاندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می خان‌یش بوونی هه‌بوو، كاتێك سكاڵانامه‌كه‌ی خانی له‌باره‌ی حاڵی كورد و دووبه‌ره‌كی و پاشكۆیه‌تی میره‌كان بۆ داگیركه‌ر ده‌خوێنمه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌م شتێك ده‌خوێنمه‌وه كه بۆ ئێسته‌یه نه‌ك ڕابردوو.
بیرتراند راسلی بیرمه‌ندی ئینگلیزی قسه‌یه‌كی جوانی هه‌یه و ده‌ڵێ، هه‌موو حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێك هه‌ڵێنجراوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌تی، واته كۆمه‌ڵگه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌ی قابیله، له ڕۆمانی خوێنێك به‌سه‌ر مناره‌وه و سێ هه‌نگاو به‌ره‌و سێداره و مژابادیش باس له مێژووی ڕزگاریخوازی كورد ده‌كه‌یت و خیانه‌ت و كوردكوژی و ناكۆكی جیوگرافیا و مه‌ودا ده‌خه‌یته ڕوو، له دیدارێكیش له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی جه‌زیزه ده‌ڵێ، من به‌دوای هۆی له‌تبوونی كورد ده‌گه‌ڕێم، ده‌مه‌وێ عه‌قلی كورد بوروژێنمه‌وه بۆ ئه‌و پرسه، تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و بیركردنه‌وه‌ی راسلی، ئایا كورد خۆی قابیلی ده‌وڵه‌ت و قه‌واره نییه، به‌رپرسه له‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی به‌سه‌ری هاتووه؟ یان به دیوێكی تر ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كورد هاتووه، شیاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كورد و میله‌ته‌كه خۆیه‌تی؟ بۆیه له عاموودا خوێن به‌سه‌ر مناره‌وه ده‌ڕژێ و له باكور خیانه‌ت له شێخ سه‌عیدی پیران ده‌كرێ و له ڕۆژهه‌ڵاتیش گوریس بۆ له‌سێداره‌دانی پێشه‌وا ده‌چنرێ و ئه‌زموونی باشووریش ڕوونه كه خیانه‌ت و پشتكردنه یه‌كتر به ڕوونی له ڕابردوو و ئێسته‌یشدا بوونی هه‌یه؟
بێگومان راسل له‌سه‌ر حه‌قه، ئێمه‌ین حكوومه‌ته‌كانمان و سه‌ركرده‌كانمان دروست ده‌كه‌ین، ده‌سه‌ڵاتداران به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكن، ناكرێ له‌یه‌كتریان جیا بكه‌ینه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ترسا‌و ده‌سه‌ڵاتدارێكی تاكڕۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ده‌سه‌ڵاتدارێكی خۆسه‌پێنیش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ترسا‌و، ئه‌مه هاوكێشه‌یه‌كی گشتییه له سیاسه‌ت، به‌ڵی من له ڕۆمانه مێژووییه‌كانم هه‌وڵم داوه كه كۆدی كورد بكه‌مه‌وه، له قورسی و ئه‌سته‌می یه‌كنه‌بوونیان، به‌ڵام له‌م دوایییه مه‌یلێكی ترم لا دروست بووه و وا هه‌ست ده‌كه‌م بابه‌ته‌كه پێوه‌سته به جیناته‌وه، ئه‌گه‌رنا ئه‌م كاره‌ساته چییه كورد سه‌دان ساڵه به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت؟ یه‌كێتیی كورد به داوای ڕۆشنبیران و هزری ناو ڕۆمانه‌كان نایه‌ته دی، به‌ڵكو به فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی كه به زه‌بری هێز ئه‌و گه‌له یه‌كبخات دێته دی، ئه‌و سه‌ركرده و فه‌رمانده سه‌ربازییه له كوێیه كه به‌شێك له شته‌كان ده‌كاته قوربانی له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و داهاتووی كورد؟ كورد گه‌لێكه و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی به‌شی گه‌وره‌ی به‌رپرسیاریه‌تیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، كه تا ئێسته ئه‌و گه‌له بۆ ماوه‌ی سه‌دان ساڵه به‌م حاڵه‌وه ماوه‌ته‌وه، ناكرێ به ته‌نیا لۆمه‌ی دوژمنانمان بكه‌ین كه به‌رپرسن له‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌رمان هاتووه، دواجاریش ده‌مه‌وێ بڵێم له كتێبی چیرۆكه‌كانی كوردی كه مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی نووسیویه‌تی له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م ئاماژه‌یه‌كی ئازاربه‌خشی تێدایه و ده‌ڵێ، سته‌م نه‌ریتێكه له نه‌ریته‌كانی ئاغا و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كورد.
ڕۆشنبیری كورد له یادی كوشتنی كه‌سێك به‌یاننامه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام كه دوژمن لاوێكی كورد ده‌كوژێ بێده‌نگن
له ڕۆمانی پاسه سه‌وزه‌كه حه‌له‌ب جێ ده‌هێڵێ، ڕابردوو و ئێسته‌ی حه‌له‌ب و سووریا له‌سه‌ر زاری ئه‌بو له‌یلی ده‌گێڕیته‌وه، دۆخی سووریا ده‌یان لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی جۆراوجۆری تێكه‌وتووه و چه‌ندان وڵات ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ن، ڕۆشنبیری سووری به گشتی له كوێی دۆخی ئاڵۆزی سووریادایه، به تایبه‌ت ڕۆشنبیری كورد و له دۆخی په‌یوه‌ست به ڕۆژئاوای كوردستانه‌وه؟
ڕۆشنبیر ناتوانێ هیچ بگۆڕێت له‌و دۆخه‌دا، ئه‌وه‌ی ئێسته له ناوچه‌كه‌مان ده‌گوزه‌رێ زمانی چه‌ك و دروشمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا زۆر ڕۆشنبیر ده‌بینم كه ده‌یانه‌وێ گۆڕانكاری له واقیع دروست ببێ، به‌ڵام دواتر خۆیان ده‌گۆڕێن و ده‌بنه ڕانه‌مه‌ڕێكی حزبی و به‌شێك له جه‌ماوه‌ری زۆر بڵێ، زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان بوونه‌ته بووقی ده‌سه‌ڵات، دروشمه بریسكه‌داره‌كان و پروپاگنده‌ی به‌رده‌وام ئه‌وانیشی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه، ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌یشی كه له ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژئاوان، به ورده‌كارییه‌وه نازانن چی ده‌گوزه‌رێ، به‌ڵام به گشتی ده‌توانرێ ئه‌وه بزانرێ، كه ڕێژه‌ی گه‌نده‌لی یه‌كجار زۆره له به‌ڕێوه‌بردن، به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌كان بێده‌نگن به‌رانبه‌ر ئه‌وه، له كاتێكدا ده‌بینن و ده‌بیستن كه تاوانی كوشتن و گرتن و ڕفاندنی منداڵان و به زۆر به سه‌ربازكردنیان بوونی هه‌یه، به‌ڵام ماون بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك ده‌رببڕن، به پێچه‌وانه‌وه به‌شێكیان ده‌بینم كه باس له ده‌سكه‌وته‌كانی "شۆڕش" و سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كان ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی مێژووی حزبی به‌عس بگێڕنه‌وه، له‌باره‌ی داهاتووه‌وه ناتوانم بزانم چی ڕوو ده‌دات، به‌ڵام هیواخوازم، كه داهاتوو باشتر بێ له ڕابردوومان كه پڕاوپڕ بوو له سته‌می ڕژێمی به‌عس و ئێسته‌یشمان له ژێر واقعی جه‌نگدایه.
له ڕۆمانی "فی قبضة الكابوس" زۆر له ترس قووڵ ده‌بیته‌وه و باسی ده‌كه‌یت، ترس تا چه‌ند پێویسته له خودی مرۆڤدا هه‌بێت، ئایا له واقیعیش ترست هه‌یه، یان وه‌ك عاریفان و بیریارانی ڕۆژهه‌ڵات و هیند ده‌ڵێن، ژیانی چی به‌ره‌و ڕووم ده‌كاته‌وه، با ڕه‌وانه‌ی بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌رگیش بێ، من پێشوازی لێ ده‌كه‌م؟
به‌ڵێ له ژیان و شته له‌ناكاوه‌كان ده‌ترسم، ئه‌وه‌ی ئێسته ڕووده‌دات شتێكی ئاسایی نییه، له نێوان مانه‌وه و قوربانییه‌كان، شاره‌كه‌م "كۆبانێ" ون بووه، خه‌ڵكه‌كه‌ی په‌ڕاگه‌نده بوون، تووشی ته‌نگژه‌یه‌كی قووڵ بوون، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین و بزانین ڕۆژانی داهاتوو چی لێ شاردووینه‌ته‌وه؟ ئه‌مه نیگه‌رانم ده‌كات، داهاتوو و چاره‌نووسێكی ناڕوون، من وه‌كو خۆم گه‌شبین نیم و هیوای ئه‌وه‌م نییه گۆڕانكاری گه‌وره ڕوو بدات، مه‌رگ هه‌ر دێت، به‌ڵام هیوا ده‌خوازم كه‌مێك دوا بكه‌وێ، چونكه من ژیانم خۆش ده‌ویست.
سۆفیه‌كان له‌گه‌ڵ مه‌رگ به جۆرێك مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، كه پردێكی په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ ژیانێكی سه‌رمه‌دی، من به‌وشێوه‌یه نیم، مه‌رگ بریتییه له كۆتایی و گرنگی به یادكردنه‌وه‌م ناده‌م له دوای خۆم، ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه گرنگه درێژه به ژیانی خۆم بده‌م، كه به سوودفه هاتمه دنیاوه، به‌ڵام مه‌رگ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه و كۆتایییه.
له زۆرێكی به‌رهه‌مه‌كانت، كۆتایییه‌كان شادی و خۆشحاڵی نین، ئایا ئه‌مه بێ ئومێدییه به‌رانبه‌ر به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی؟ یان پشت به‌و بیركردنه‌وه‌یه ده‌به‌ستێ كه مرۆڤه‌كان له كاتی ناخۆشیدا زیاتر هزریان وه‌كار ده‌خه‌ن و پرسیاریان لا دروست ده‌بێت و خوێنه‌ری زیاتر به‌و ڕێیه به‌رده‌ست ده‌بێت؟
خه‌م و نیگه‌رانی كه ڕۆمان و شیعره‌كانیشی ڕه‌نگ كردووم، هۆیه‌كه‌ی بۆ ئه‌و ڕووداوه قورسانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه پێیدا تێپه‌ڕیووم، هاوڕێكانی منداڵیم له ده‌ستداوه، زۆرێك له گه‌نجان شه‌هید بوون، دایكم مرد من له ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا بووم، كه زۆریشم خۆشده‌ویست، زۆرێك له كه‌سوكارم مردن، برام، خوشكم، باوكم، ماوه‌یه‌ك هه‌ستم به‌وه كرد كه له نێو ده‌ریای مه‌رگ مه‌له ده‌كه‌م، هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌رم كۆتایی هات، له‌و غوربه‌ته كه زۆر درێژه‌ی كێشا، تاكه هیوام ئه‌وه‌یه كه جارێكی تر بگه‌ڕێمه‌وه كۆبانێ، ئێسته ئه‌و هیوایه‌یشم مرد. نامه‌وێ چیرۆكی خه‌مهێنه‌ر بنووسمه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌كه بۆ زۆرتر خوێندنه‌وه بێت، ئه‌وا كۆمیدیا خوێنه‌ری زیاتر كێش ده‌كات، یه‌ڵام خه‌م و نیگه‌رانی هه‌ستێكی نزیكه له خۆمه‌وه، بۆیه ده‌توانم زۆر باشتر گوزارشتی لێ بكه‌م و بینووسمه‌وه.
كێشه‌ی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵات بریتییه له به‌خشینی شكۆمه‌ندی به ڕۆژهه‌ڵات و هه‌میشه خواستی گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوویان هه‌یه
له پرۆژه‌ی كه‌لیمه زۆر به‌رهه‌می كوردیتان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و به‌شیك له به‌رهه‌مه‌كانی خۆیشت خۆت وه‌رگێڕانیان بۆ ده‌كه‌یت، وه‌رگێڕان ئه‌مانه‌ته یان هاوشێوه‌ی نووسینی به‌رهه‌مێكی ئاسایی بۆ زمانێكی تر، ئایا هه‌موو كه‌س زمانێكی تر بزانێ وه‌رگێڕه، یان...مه‌رج و بنه‌ماكانی وه‌رگێڕی سه‌ركه‌وتوو به‌لای تۆوه چییه؟
مه‌رجی وه‌رگێڕ، بریتییه له زانینی دوو زمانه‌كه به پاراوی، به‌ڵام وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه وه‌رگێڕ ده‌بێ حه‌ز و خواستی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری زۆری هه‌بێ، واته ته‌نیا زانینی زمان به‌س نییه، وه‌رگێڕ هه‌ن كه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی وه‌رده‌گێڕن، جوانتر له ده‌قه ئه‌سڵییه‌كه وه‌ری ده‌گێڕن، له نموونه‌ی وه‌رگێڕی ئه‌ده‌بی ناوازه‌یش، ئه‌وه‌یه كه شاعیری كۆچكردوو، مامۆستا هه‌ژار له وه‌رگێڕانی چوارینه‌كانی خه‌یام ئه‌نجامی داوه، هاوكات وه‌رگێڕانی هه‌مان به‌رهه‌م بۆ ئینگلیزی له‌لایه‌ن فیتز جرالد.
ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر له ڕۆشنبیرانی كورد ده‌گیرێت، به‌وه‌ی نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانی كوردی، فێری چه‌ندان زمانی جیهانی ده‌بن، وه‌كو ئینگلیزی و فارسی و عه‌ره‌بی و ئه‌ڵمانی و توركی و چه‌ندان زمانی تر، به‌ڵام ئاماده نین فێری زاراوه‌ی سۆرانی و كرمانجی ببن، واته ڕۆشنبیرانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات نایانه‌وێ وردتر له كرمانجی و پیتی لاتینی بگه‌ن، ڕۆژئاوا و باكوریش به پێچه‌وانه‌وه، خۆیشت له ڕۆمانی میرنامه‌دا باس له‌وه ده‌كه‌ی، كه له‌شه‌ڕی عه‌جه‌م و عوسمانی دوو گه‌نجی كورد ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌مێك جیاواز به كوردی قسه ده‌كه‌ن یه‌كتر ده‌كوژن، كه‌ی پێویسته ئه‌و برینه له نێو گه‌لی كورد كۆتایی بێ، ئایا كاتی ئه‌وه نییه ڕۆشنبیران له‌خۆیانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن، له ته‌ك فێربوونی زمانی بیانی، كرمانجی و سۆرانیش تێ بگه‌ن؟
كێشه‌ی په‌راوێزخستنی زاراوه‌كانی كوردی له‌لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه بوونی هه‌یه و هۆكاره‌كانیشی زۆرن، دووری جیوگرافی و به‌ربه‌ستی ده‌روونی و دۆخی ئێسته كه ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌كات، كه هه‌ردوو زاراوه‌ی كرمانجی و سۆرانی به‌ره‌و دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ هه‌نگاو ده‌نێن، من له‌وه‌دا شتێكی نامۆ نابینم، ده‌توانین یه‌ك نه‌ته‌وه بین و خاوه‌نی یه‌ك ده‌وڵه‌ت بین و دوو زمان یان سێ زمانی پێشكه‌وتوومان هه‌بێ كه به‌رهه‌می زاراوه‌كانی كوردی بن، من زۆر توند نیم له‌وباره‌وه، زۆرجاریش له‌جیاتی بڵێم زاراوه‌ی ناوه‌ڕاست ده‌ڵێم زمانی سۆرانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێزمان و زمانه‌وانی جیاوازه و پیته‌كان جیاوازن و فه‌رهه‌نگی زمانه‌كان جیاوازن، وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كان له هه‌ردوو زاراوه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تر، دداننانه به‌و ڕاستییه شاراوه‌یه، واته حه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی كه ئێمه دوو زمانمان هه‌یه نه‌ك دوو زاراوه، به دڵنیاییه‌وه زمانێك باشتره و هه‌ستی لایه‌نگیری و سۆز زیاتر ده‌كات، به‌ڵام چی بكه‌ین، ئه‌مه قه‌ده‌ری ئێمه‌یه.
كێشه‌م له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیری كورد هه‌یه و ناتوانن له چوارچێوه‌ی حزب زیاتر بیر بكه‌نه‌وه
سوكرات ئه‌گه‌ر په‌رداخه ژه‌هره‌كه‌ی نه‌خواردبایه‌وه، هه‌رگیز هێنده به ناوبانگ نه‌ده‌بوو، چونكه ئه‌و ئاماده‌بوو له پێناوی بیركردنه‌وه و گوتاره‌كانی بۆ گه‌نجانی ئه‌سینای ده‌دا گیان به‌خت بكات، نه‌وه‌ك قوتابییه‌كانی گومان له باوه‌ڕه‌كانی بكه‌ن، جیاوازی له تێكست و واقیعی نووسه‌ر و ئه‌دیب تا چه‌ند كه‌لێنێكی گه‌وره‌یه، واته بۆ نموونه ئه‌دیبێك، نووسه‌ر، هزرڤانێك له گوته و نووسینه‌كانی داوا له خه‌ڵكی ده‌كات، بۆ نموونه یه‌كسانی له نێو ژن و پیاو ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌ڵام له نێو خێزان و ماڵباته‌كه‌ی خۆی ئه‌وه جێبه‌جێ ناكات، چۆن له‌م دژیه‌ك و دووفاقییه ده‌ڕوانیت، ئایا پێویسته ئه‌وه نووسه‌ر ده‌یڵێ به واقیعی باوه‌ڕی پێی هه‌بێت، یان وه‌ك خه‌یاڵ سه‌یری بكات و ژیانی تایبه‌تی خۆی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌كانی بێت!
ڕۆشنبیری سوكراتیانه‌مان نییه، ئاماده نین بۆ خواردنه‌وه‌ی ژه‌هر له پێناوی ئه‌و ڕاستیانه‌ی كه باوه‌ڕمان پێیه‌تی و كۆشش ده‌كه‌ین له پێناوی دا، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بینم كه زۆرینه‌ی ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و میدیاكان و هونه‌رمه‌ندان بوونه‌ته بووقی ده‌سه‌ڵات، گوته‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێ، خوێیه‌كه خراپ بوو، خاڵێك كه ده‌مه‌وێ لێی تێ بگه‌م ئه‌وه‌یه كه تێگه‌یشتن و چه‌مكی سته‌م لای ڕۆشنبیر چییه؟ ئایا سته‌مكار ته‌نیا ئه‌و حزبه‌یه كه من له‌گه‌ڵی ناكۆكم، یان سته‌مكار ئه‌وه‌یه كه سته‌م ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی بیر له سۆز و لاگیری بكاته‌وه؟ ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه نووسه‌ر و ڕۆشنبیری كورد فلته‌ری تایبه‌تیان هه‌یه، دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه فڵانه سیاسی و سه‌ركرده شیاوی ئه‌وه نییه له ده‌سه‌ڵات بێ، گه‌نده‌ڵ و دیكتاتۆره، به‌ڵام شكۆمه‌ندی به سیاسی و سه‌ركرده‌یه‌كی تر ده‌دات، كه گه‌نده‌ڵی و سته‌مكاری كه‌متر نییه له‌وه‌ی یه‌كه‌م!
پرۆفایل:
جان دۆست له 12ی ئادار/مارسی 1965 له شاری كۆبانێ له دایكبووه و له ساڵی 1993 خه‌ڵاتی یه‌كه‌می كورته چیرۆكی كوردی له ڕۆژئاوای كوردستان به‌ده‌ستهێناوه، هاوكات خه‌ڵاتی باشترین شیعری كوردی له فێستیڤاڵی ساڵانه‌ی شیعری كوردی له شاری ئێسنی ئه‌ڵمانیا له 2012 پێدراوه، گۆڤاری دیمه‌شق كه له له‌نده‌ن ده‌رده‌چێ له ساڵی 2013 خه‌ڵاتی كتێبی ڕۆژهه‌ڵاتی پێداوه، له 2014 خه‌ڵاتی حوسێن عارفی له فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ له سلێمانی پێدراوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕۆماننوسێكی ناوداری كوردستان و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت ئه‌وروپایشه، جان دۆست وه‌رگێڕێكی زۆر سه‌ركه‌وتوویشه و مه‌م و زینی خانی و په‌یامێك له‌باره‌ی كولتووری كوردی و مه‌هاباد ئۆلۆمپیادی خودا، فه‌رهه‌نگی كوردستانی به زمانی كوردی خۆڵه‌مێشی كوردی، په‌ڕك، زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی تری خۆیشی له زمانی كوردیییه‌وه بۆ زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگێڕاوه، جیا له‌وه‌یش ڕۆمانه‌كانی بۆ ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و ئیتاڵی و ئیسپانی وه‌رگێڕدراون و پێشوازییه‌كی زۆر گه‌رمیان لێ كراوه.