پێرێز دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتیی یانەی ریال مەدرید دەبێت

:: PM:01:12:19/02/2017 ‌

فلۆرنتینیۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیكە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت و بەیەكجاری واز لە یانەی شاهانە بێنێت.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: پێرێز كە پیاوە مقاولەكەی ریال مەدرید ناسراوە، لە ئێستادا بیر لە جێهێشتنی كورسی سەرۆكایەتیی یانەی ریال مەدرید دەكاتەوە.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە هۆكاری جێهێشتنی پێرێز لە پۆستی سەرۆكایەتیی یانەی ریال مەدرید بۆ ژیانی تایبەتی خۆی دەگەڕێتەوە كە وای لێ كردووە بەتەواوی لە ژیانی ئاسایی و خێزانی داببڕێت.

پێرێز چەند مەرجێكی دیاری كردووە بۆ مانەوە لە پۆستی سەرۆكایەتیی یانەی شاهانە كە گرینگترینیان وەرگرتنی 15%ی داهاتی گشتی و مانەوەی بۆ ماوەی 20 ساڵە لە ریزی یانەكەدا كە ئەمانەش جێبەجێكردنیان لەلایەن یانەكەوە مەحاڵە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە پێرێز خۆی باش دەزانێ یانەی ریال مەدرید ناتوانێ ئەم مەرجانەی جێبەجێ بكات، بۆیە وای لێكداوەتەوە كە ئەمانە بەهانەن بۆ جێهێشتنی یەكجاری یانەكە.

جێی باسە پێرێز لە ساڵی 2009 وەك سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی هەڵبژێردرایەوە و دواتریش لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی 2013 دووبارە بە سەرۆكی یانەكە هەڵبژێردرایەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م