هەولێر و زەوڕا یاریی دەكەن

:: PM:12:18:19/10/2016 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی عێراق ئاشكرای كرد هەفتەی داهاتوو لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێراق هەردوو یانەی زەوڕا و هەولێر لەنێو یاریگەی شەعب لە بەغدای پایتەخت رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

یەكەتییەكە یارییەكانی گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێراقی بڵاو كردەوە كە سبەی پێنجشەم بە بەڕێوەچوونی 3 یاریی دەست پێ دەكات، ئەوانیش برێتین لە بەحری – تەڵەبە، شوڕتە – سەماوە، حدوود – و نەفتی ناوەڕاست.

رۆژی هەینی هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێراق 2 یاریی تر بەڕێوە دەچن ئەوانیش برێتین لە مینا – نەفتی میسان، نەجەف – و كەرخ.

یەكەتییەكە هەرەوەها بڵاوی كردەوە یارییەكانی كۆتای گەڕی پێنجەم رۆژی شەموو بەڕێوە دەچێت، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی شەعب رووبەڕووی یانەی زەوڕا دەبێتەوە، یانەی قووە جەوییەش دەبێتە میوانی یانەی كەربەلا، یانەی كارەباش لەنێو یاریگەی خۆی مێوانداریی یانەی نەفتی باشوور دەكات.

یانەی هەولێر لە دوایین یاریدا رۆژی دووشەمی رابردوو لەنێو یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی كارەبا یەكسان ببوو، یانەكە هەروەها پێشتریش لەگەڵ یانەكانی كەرخ و حدوود بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ یەكسان ببوو، یارییەكیشی بەئەنجامی گۆڵێكی بێ وەڵام لە یانەی زاخۆ بردبووەوە، یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 6 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی ئەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزی دێت.

دوای ئەنجامدانی 4 یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق، ئێستا یانەی نەفتی ناوەڕاست بەكۆكردنەوەی 10 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكان دێت و یانەی ئەمانەی بەغداش 9 خاڵی هەیە، هەروەها یانەی زەوڕاش بەهەمانشێوەی یانەی هەولێر 6 خاڵی هەیە، بەڵام بەجیاوازی گۆڵ لە خانەی پێنجەم دێت و هەردوو یانەی مینا و تەڵەبەش بە 7 خاڵ لە ریزی سێیەم و چوارەم دێن.

جێی باسە یەكەتیی تۆپی پێی بڕیاریدا یارییەكانی نێوان نەفت – حوسێن و زاخۆ – ئەمانەی بەغدا لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێراق بۆ كاتێكی تر دوا بخات بەهۆی بەشدارییكردنی چەند یاریزانێك لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە پاڵەوانیەتیی جامی نەتەوەكانی ئاسیای خوار تەمەن 19 ساڵی كە ئێستا لە وڵاتی بەحرێن بەڕێوە دەچێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م