كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی: پەیامەكەی سەرۆك بارزانی هەنگاوێكی باشە بۆ ڕەواندنەوەی گرژییەكان

:: PM:06:52:02/11/2020 ‌

دوای پەیامەكەی ئەمڕۆی سەرۆك بارزانی سەبارەت بە دۆخی ئێستەی هەرێم، دوو بەرپرسی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بە هەنگاوێكی ئەرێنی و كردەنی دەبینن بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی بەهۆی پەكەكەوە هاتووەتە ئاراوە.
پێویسە كێشەكان ئاشتیانە و دوور لە گرژی چارەسەر بكرێن
ئەمڕۆ دووشەم سەرۆك بارزانی‌ ڕای‌ گەیاند، لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێ و لەناو هەموو تەنگژەی‌ ڕووی لە وڵاتی ئێمە كردووە، بە پێویستی دەزانم داوا لە هەموو كوردستانییەك بكەم بە شێوەیەكی واقعی ڕووبەڕووی ئەم دۆخە نالەبارە ببنەوە و لە ئاست بەرپرسیارتی مێژووییدا بن و بەرەو ئاساییكردنەوە و نەهێشتنی گرژی و ناخۆشییەكان هەنگاو بنێن، ئێستە كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ڕۆڵە دڵسۆزەكانیەتی بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان لە ناخۆشی و پیلانەكان بپارێزن.

بەهار عەبدولرەحمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە بارودۆخێكی نەخوازراو لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە، پەیامەكەی بارزانی، هەنگاوێكی باشە بۆ ڕەواندنەوەی گرژییەكان.

زیاتر گوتی، پێویسە كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەشێوەی ئاشتیانە و دوور لە هەموو گرژیەك چارەسەر بكرێت.

لای خۆیەوە كەمال جەباری، بەرپرسی پێوەندییەكانی كەركووكی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ناكرێ هەرێمی كوردستان ببێتە قوربانی پەكەكە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان لە هەستیاری دۆخەكە تێبگەن و هەنگاو بنێن.

بەرپرسەكەی كۆمەڵی ئیسلامی روونی كردەوە، دەستخۆشی لە پەیامەكەی بارزانی دەكەین، پشتیوانی لە هەر هەوڵێك دەكەین كە ئاشتی بەرقەرار بكات و گرژییەكان بڕەوێنێتەوە، ئەوەیشی وەبیرهێنایەوە كە دەبێ پەكەكە خەباتی خۆی بۆ توركیا بگوازێتەوە، جێگەی نیگەرانییە كە پەكەكە لە شنگال بوونەتە كێشە بۆ خەڵكی ئەو شارۆكەیە، لەكاتێكدا شنگال لە دەست توركیا نییە و خەباتی پەكەكەش لەگەڵ توركیایە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل