سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان راى گه‌یاند، رێنوێنیی ره‌فتاری وه‌زیفی بڵاو كراوه‌ته‌وه و له داهاتوودا سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان پێویسته به‌و رێنوێنییانه‌وه پابه‌ند بن.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 19ی شوبات، سیمینارێك به‌ڕێوه چوو له‌باره‌ى رێنوێنییه‌كانی "ره‌فتاری وه‌زیفی" له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك رێنوێنی بۆ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی كوردستان ئاماده كراوه و بڕیاره له داهاتوودا به میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ جێبه‌جێكردنی دابه‌ش بكرێت.
له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی رێوڕسمه‌كه‌دا، د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و رای گه‌یاند، رێنوێنی ره‌فتاری وه‌زیفی له رۆژنامه‌ی وه‌قایعی كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه و له داهاتوودا سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان پێویسته به‌و رێنوێنییانه‌وه پابه‌ند بن و بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك دۆسیه‌كی تایبه‌ت له‌وباره‌یه‌وه بكرێته‌وه.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان گوتی، سیمینار و روونكردنه‌وه‌كان له‌باره‌ی ره‌فتاری وه‌زیفی زیاتر ده‌بن و دواتر له ڕێگه‌ی چاپكردن له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت.
له به‌شێكی تری قسه‌كانیدا د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر داوای له میدیاكان كرد، هاوكاری بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنوێنییه‌كانی خۆپارێزی بكه‌ن و گوتی، به‌شێك له میدیاكان پێیان وایه ته‌نیا بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌یس و لێكۆڵینه‌وه كاره‌كانی ده‌ستپاكییه، به‌ڵام له‌كاتێكدا خۆپارێزی گرنگه و خزمه‌ت به باشتركردنی كاری داموده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كات و ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست دروست ده‌كات و ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر ئاماژه‌ی دا، جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێنوێنییه گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، بۆیه نامانه‌وێ ته‌نیا به‌نووسراوی بمێنێته‌وه و پێویسته جێبه‌جێ بكرێت، چونكه ده‌یان یاسا و رێنوێنی گرنگ له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، به‌ڵام وه‌ك پێویست جێبه‌جێ ناكرێن.
بنه‌ماكانى ره‌فتارى وه‌زیفى له هه‌رێمى كوردستان بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانه و په‌یوه‌ستیان ده‌كات به‌چه‌ند بنه‌مایه‌كى گشتیى وه‌زیفى له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و تاوانه‌كانى وه‌ك به‌رتیل.