"هەندێک پەتا بڵاو دەبنەوە کە نیشانەکانیان وەک کۆرۆنایە"

:: PM:12:10:05/11/2020 ‌
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، ئێستە ئەگەرەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای تر زۆرن و هەندێك لەو پەتایانە هەمان نیشانەی كۆرۆنایان هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی تشرینی دووەم، بژار مووسا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو ڕێكارانەی دواین جار جێبەجێ‌ كراون، ئێستە ئاستی تووشبوون بە كۆرۆنا تا ئاستێك وەستاوە و ئامارەكانی ڕوو لە زیادبوون وەستاون.

هەندێك لەو پەتا وەرزییانە هەمان نیشانەی كۆرۆنایان هەیە، پێویستە هاووڵاتییان زۆر ئاگەداربن
گوتەبێژی تەندروستی هەولێر گوتی، ئێستە وەزری پایزە و ئەگەری بڵاوبوونەوەی كۆمەڵێك پەتای تر هەیە، لەبەرئەوەی هەندێك لەو پەتا وەرزییانە هەمان نیشانەی كۆرۆنایان هەیە، پێویستە هاووڵاتییان زۆر ئاگەداربن.

زیاتر گوتی پێویستە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنوێنییەكان بن، ئەگەر نا دۆخێكی خراپ ڕوو لە هەولێر دەكات؛ ئەگەر پابەندبوون هەبێت، بێگومان ڕێژەكان زۆر دادەبەزن و هاووڵاتییانیش پارێزراو و تەندروست دەبن.

باسی لەوەش كرد، ئەو نەخۆشانەی ئێستە لە نەخۆشخانەكاندان، سەرجەم پێداویستییە پزیشكییەكانیان بۆ دابین كراوە و پزیشكانیش هەموو هەوڵێك دەدەن تا گیانی هاووڵاتییان لە مردن بەو پەتایە بپارێزن.



وشە - رامیار جەواد