ناڕەزایی پزیشكانی دهۆكیش دەگرێتەوە ‌

:: PM:06:17:19/02/2017 ‌

بە هاوشێوەی شوێنەكانی تر ئەمڕۆ یەكشەم پزیشكانی خۆبەخشی ددان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی دهۆك، گردبوونەوەیەكی نارەزاییان ساز كرد و داوا دەكەن كە ئەوان دابمەزرێن.

عەبدوڵا ئیبراهیم پزیشكێكی ددانە لە دهۆك لەو بارەوە گوتی، ماوەیەكی زۆرە وەك پزیشكی ددان بە شێوەیەكی خۆبەخش لە دهۆك كار دەكەین، بەڵام پێم وایە كار بە خۆبەخشی ناكرێت و دەبێت هەر پزیشكێك بە پێی پسپۆڕی و تایبەتمەندیەتی خۆی دابمەزرێ، چونكە حكوومەت ئێستە بە پاساوی بوونی پزیشكی گشتی لە شوێنی پزیشكی ددان، لە دامەزراندنی پزیشكی ددان دوور كەوتووەتەوە، كە ئەمەش كاریكەری لەسەر ئێمە و خەڵكدا دەبێت.

لە چوارچێوەی گردبوونەوەكەدا دكتۆر سەعید بەرواری سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی كوردستان لقی دهۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، ماوەی سێ ساڵە بەشێك لە پزیشكانی ددان لە سنووری پارێزكای دهۆك وەك خۆبەخش و بە شێوەیەكی ئاسایی دەوامی خۆیان دەكەن و هیچ كێشەیەك نییە، بەڵام دانەمەزراندیان بە شێوەیەكی فەرمی هۆكار و داواكاری ئەوانە و داوا لە حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار دەكەین كە ئەوان دابمەزرێنن بۆ ئەوی ئەوانیش بەشێوەیەكی باشتر خزمەت بە نەخۆش بكەن.

بەرواری روونی كردەوە، ئێستە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دهۆك پێویستی بە پزیشكی ددان هەیە و نابێت كاری پزیشكی تایبەتمەندی ددان بە پزیشكێكی گشتی بسپێردرێت، لەبەر ئەوە زۆر پێویستە كە حكوومەت ئەو بۆشایییە پڕ بكاتەوە و كار بە خۆبەخشی بەڕێوە ناچێت و ئێمەش لەسەر داوای ماف و ئەركی پزیشكان بەردەوام دەبین.

ماوەیەكی زۆرە پزیشكانی ددان وەك خۆبەخش لە چەند نەخۆشخانەیەكی شاری دهۆك و كۆمەڵگا پزیشكییەكانی دهۆك دەوام دەكەن.

دهۆك/ نەوزاد هلوری




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل