"ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەئارەزووی خۆیان دەوام دەكەن"

:: PM:07:28:19/02/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هەفتەی دوو ڕۆژ دەچێتە ئێران بەمەبەستی خوێندن و سكرتێری ئەنجوومەنیش لە بارەی وەرگرتنی مۆڵەت دەڵێت كە بابەتەكە پێوەندی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەوە هەیە، ئەو ئەندامەش دەڵێت كە ئەندامی ئەنجوومەن هەیە بەشداری كۆبوونەوەكان ناكات و هیچ كەسێكیش نییە لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەنجوومەن بكات، چونكە بە ئارەزووی خۆیان دێنە دەوام و لە كۆبوونەوە فەرمییەكاندا بەشداری ناكەن.

مەهدی مەحموود، سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەر ئەندامێك دەچێت بۆ شوێنێك یان بۆ دەرەوەی وڵات دەبێت بە مۆڵەت بچێت، لە بارەی چوونە دەرەوەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن رای گەیاند كە ئەوە پێوەندی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە هەیە.
 
ئەوەشی گوت، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن لە ڕۆژانی هەینی و شەموو دەچێتە دەرەوە، لە هەر كاتێكدا سەرۆكی ئەنجوومەن ئاگەدارە، هەر ئەندامێكیش كە دەچێتە شوێنێك دەبێت مۆڵەت لە ئەنجوومەن وەربگرێت.
 
لای خۆیەوە سەباح فەتاح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژانی هەینی و شەموو لە سەرانسەری هەرێم پشووە، جگە لەوەی بەهۆی پاشەكەوتی مووچەوە فەرمانبەران هەفتەی ڕۆژێك و دوو ڕۆژ دەوام دەكەن، بەڵام بە فەرمی لەلایەن حكوومەتەوە لە هەفتەیەكدا كە هەینی و شەمووە پشووە.
 
زیاتر گوتی بە زارەكی و دواتر بە نووسراو داوامان لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا كردووە و پێمان گوتوون كە ڕۆژانی هەینی و شەموو دەخوێنین، ئاماژەی كرد كە كەسانی تر هەن لە كاتی دەوامی فەرمی دەخوێنن، لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و هەولێر كەسانی تر هەن ئەخوێنن، هەم لە ناو وڵات و دەرەوەی وڵاتیش.
 
ڕاشی گەیاند، ئێمە كەوتووینەتە ژێر چاودێریی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە كە ئێستا هەیە، هیچ كەسێك نییە لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەنجومەن بكات، چونكە بە ئارەزوی خۆیان دێنە دەوام، لە كۆبوونەوە فەرمییەكان ئەندامان بەشداری ناكەن.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل