شێوازی دابەشكردنی زەوی بەسەر پێشمەرگە چۆن دەبێت؟

:: PM:07:30:19/02/2017 ‌
بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، هەوڵەكان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر پێشمەرگەدا بەردەوامە و زەوی بەدوو شێوە بەسەر پێشمەرگەدا دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم، بەهار عەبدولرحمان بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بریاری دابەشكردنی زەوی بەسە پیشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش تا ئێستە هەیە و هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی بڕیارەكە جێبەجێ‌ بكرێت.

زیاتر گوتی، بریارەكە بەدوو شێوە دەركراوە كە یەكێكیان لە سەرەتادا زەوی بدرێت بە كەسوكاری ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی تیرۆرستی داعش شەهیدبوون و دواتر و لە خاڵی دووەم زەوی بەسەر تەواوی پێشمەرگەكانی كوردستاندا دابەش بكرێت.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، ئەوەندەی زانیاری هەبێت بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەری داعش خراوەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام وادەی دابەشكردنی زەوییەكان دیاری نەكراوە.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا بەهار عەبدولرحمان ئاماژەی دا، قسە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشوگوزار كراوە بۆ جێبەجێكردنی بریارەكان، بەڵام پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە ناوی شەهیدەكان رەوانەی وەزارەتە پێوەندیدارەكان بكات.

ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كردبوو كە لە ڕێگەی فۆرمێكەوە زەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەران دابەش دەكرێت، بەڵام لە سەرەتادا گرنگی لەپێشینە دەدرێتە پێشمەرگە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم