رۆیشتنەوەی ئاوارەكانی مووسڵ لە كەمپەكانی كوردستانەوە بەردەوامە

:: PM:08:21:19/02/2017 ‌

رۆیشتنەوەی خێزانە ئاوارەكان لە كەمپەكانی حەسەن شام و كەمپی مەخموور كە زۆرینەیان ئاوارە مووسڵن بۆ ئەو ناوچەكانی خۆیان بەردەوامە و بەرپرسی كاروباری ئاوارەكانیش لە پارێزگای هەولێر دەڵێت تا ئێستە سێ هەزار و 100 خێزانی دانیشتووی مووسڵ گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان پڕۆسەی چوونەوەشیان بەردەوامە.

ئەندازیار ڤیان ڕەشید بەپرسی كاروباری ئاوارەكان لە پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەفتانە نزیكەی 50 خێزانی ئاوارەی دانیشتووی موسڵ و دەورووبەری لە كەمپەكانی حەسەن شام و كەمپی مەخموور دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە ئازاد كراوەكانی خۆیان لە مووسڵ.

ڕونی دەكاتەوە كە لەكاتی دەست پێ‌ كردنی شەڕی مووسڵدا تا ئێستە سێ هەزار و 100 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان و پڕۆسەكەش هەفتانە بەردەوامە و بابەتەكەش پێوەستە بە ئارەزووی خێزانەكان بۆ ڕۆیشتنەوە نەك ناچاركردنیان.

ڕەشید ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ئاوارەی ناو كەمپەكان گوزەرانیان زۆر باشە و لە ڕێگەی ڕێكخراوی wfp تەواوی خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین كراوە لە خواردن و خواردنەوە و كەلوپەلی خەوتن و جلی زستانە كەلوپەلی خوێندن.

پێشتر كێشەی ئەوەمان هەبوو كە بنكە تەندروستییەكان سەر بە پارێزگای مووسڵ بوون و زۆر كەم و درەنگ پێداویستییەكانی دەرمان دەگەیشتە ناو كەمپەكان بۆ نەخۆشەكانیان، بەڵام توانیمان كێشەكە چارەسەر بكەین و ئێستە تەواوی پێداویستییە پزیشكییەكان لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی هەولێر بۆ بنكە تەندروستییەكانی ناو كەمپەكان دابین كراوە، ڤیان ڕەشید وای گوت.

بەپرسی كاروباری ئاوارەكان لە پارێزگای هەولێر دووپاتی كردەوە كە چاوەڕێ‌ دەكرێت ڕێژەی چوونەوەی خێزانە ئاوارەكانی مووسڵ زیاتر بێت ئەگەر ناوچەكانی تر زوو ئازاد  بكرێنەوە  لە دەستی داعش و سەقامگیری سیاسی و تەناهی هەبێت لەو ناوچانەدا.

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی پارساڵ دەستی پێ كرد، تا ئێستە توانراوە نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە و ئەمڕۆش 19ی شوبات قۆناغی دووەمی جەنگەكە بۆ ئازادكردنەوەی بەری راستی ئەو شارە دەستی پێ كرد.

وشە/ هێمن ڕەفیق 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل