سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان رای دەگەیەنێت، پێویستە كورد بەرنامە و ستراتیژیەتێكی دیاری كراوی هەبێت بۆ دوای شەڕی چەكدارانی داعش و دەبێت ئەو پێشهاتانەی دێتە پێش سوودی لێ ببینن و بەرنامەی بۆ دارێژێن.
ئەمڕۆ یەكشەم، نیعمەت عەبدوڵا سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، كورد جیا لە ساڵانی رابردوو ئێستە پێگەیەكی گرنگی لە ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتی هەیە و وای كردووە كە فاكتەرێكی گرنگ بێت بۆ ئاسایشی نەتەوایەتی لە سنوورەكەدا.
زیاتر گوتی، ئەوەی ئێستە پێویستە ئەوەیە كە دەبێت كورد بەرنامە و ستراتیژیەتێكی دیاری كراوی هەبێت بۆ دوای شەڕی چەكدارانی داعش.
سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان رای گەیاند، كە ئەو بۆچوونە هەڵەیە كە پێی وایە ئەگەر شەڕی داعش نەبوایە كورد نەدەگەیشتە ئەو پێگەی ئێستە هەیەتی، چونكە پێش شەری داعش پێگەی هەبووە و دواتریش پێگەی دەمێنێت.
نیعەمەت عەبدوڵا گوتی، دەبێت ئەو پێشهاتانەی دێتە پێش سوودی لێ ببین و بەرنامەی بۆ دارێژێن و بەرنامەمان بۆ داهاتوو هەبێت و بەپلان رووبەرووی گۆڕانكارییە سیاسییەكان ببینە.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا نیعمەت عەبدوڵا روونی كردەوە، لە قۆناغی ئێستە پێویستە هەنگاوی چارەسەری كێشەكانی ناوخۆ خێراتر بكرێن و پێكەوە كار لەسەر بەهێزتركردنی پێگەی كورد بكرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئێستەدا لە زۆربەی كۆنگرە و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكاندا هەرێمی كوردستان لە ریزبەندی وڵاتانی دنیادا هەژمار دەكرێت و گرنگی و بایەخی پێ دەدرێت.