عێراق كەی بەرەو دابەشبوون دەچێت؟

:: PM:08:23:19/02/2017 ‌
پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا رای گەیاند كە ئەگەر نووری مالیكی لە عێراق دەسەڵات وەربگرێتەوە، ئەوا راستەوخۆ عێراق بەرەو دابەشبوون دەچێت و لە ئێستەشدا دەیەوێ بە پشتگیری مەرجەعیەتی قوم دەسەڵات وەربگرێتەوە.

عەرفات كەڕەم سەرۆكی فراكیسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رای گەیاند كە بەهۆی ناكۆكی لە نێوان مەرجەعیەتی شیعە لە نێوان خامنەیی و سیستانی لەلایەك و مالیكی و سەدر لەلایەكی ترەوە، هۆكارە بۆ یەكلایی نەبوونەوەی پرسی كاندیدكردنەوەی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا.

كەڕەم تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی مالیكی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە پشتیوانی ئێران و گوتی، مالیكی هەست بەوە دەكات كە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤ مافی خۆی بوو و دەبوایە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەڵام بە هۆی ئەو گەلەكۆمەی لە بەرامبەری كرا، ناچاربوو پۆستەكە بۆ عەبادی جێ بێلێت، بۆیە لە ئێستەدا دەڵێت عەبادی نەیتوانی وڵات بەڕێوە ببات.

زیاتر گوتی، لە عێراقدا ململانێیەكی بەهێَز لە نێوان مەرجەعییەتی قوم و مەرجەعیەتی نەجەفدا هەیە، مەرجەعیەتی نەجەف پێكهاتووە لە ئەنجوومەنی باڵا و رەوتی سەدر، هەروەها حزبی دەعوەش دوو بەشە، عەبادی لەگەڵ گرووپەكەی سەر بەمەرجەعیەتی نەجەفن، بەڵام مالكی لەگەڵ مەرجەعیەتی قومدایە، واتا ئەو كێشەیەی كە لە نێوان مالكی و سەدردا هەیە لە بنەڕەدا چەند مژارێكی پشت پەردەن كە بریتیە لە كێشەی نێوان مەرجەعیەتی نەجەف و قوم، واتا خامنەیی و سیستانی.

كەڕەم دووپاتی كردەوە كە هەموو هەوڵێكی مالیكی ئەوەیە كە بە پشتگیری مەرجەعیەتی قوم بێتە سەر دەسەڵات، چونكە ئەو كاتەی كە مالیكی سەردانی ئێرانی كرد، سەركردە باڵاكانی ئێران گوتیان سەركەوتووترین سەرۆك وەزیران لە عێراقدا نووری مالیكی بووە، بەڵام وای دەبینین كە هیچ كەسێك وەك مالیكی لە دەسەڵاتدا تووشی شكست نەبووە، دروستبوونی داعش و داگیركردنی چەند پارێزگایەك لە بەرچاوترین ئەو نموونانەن و هەر لە سەردەمی ئەودا تەنگژەی دارایی لە عێراقدا دروست بوو و سوننەكانی عێراق ئاوارە بوون.

كەرەم ئاشكرای دەكات كە مالیكی دەیەوێت لە رێگای پڕەنسیپی زۆرینەوە دەوڵەتێكی مەزەوی و ئایینی دابمەزرێنێت بە پشتگیری مەرجەعیەتی قوم كە پێی دەڵێن ویلایەتی فەقێكان، بۆیە مەرجەعیەتی قوم بەپلەی یەكەم مالیكی هان دەدات بۆ ئەم كارە، هەروەها ئەو كەسانەی كە پێشتر قازانجیان لێ بینیووە،  هەروەها پێشتر چەند لایەنێكی سوننە هەبوون كە پێیان دەگوترا سوننەی مالیكی و ئێستاش كوردی مالیكی دروست بوون، بەشێوەیەكی گشتی خەڵكی كوردستان لەگەڵ ئەوەدا نییە كە جارێكی تر كورد هاوپەیمانیەتی لەگەڵ مالیكیدا ببەستێتەوە.

لەبارەی گەڕانەوەی مالیكی بۆ دەسەڵات، ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر هەر كەسێك حەز بكات عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە، نابێت پشتگیری لە مالیكی بكات، چونكە لەو بڕوایەدام هۆكاری سەرەكی لە دروستبوونی سەرجەم تەنگژەكانی عێراق مالیكی بوو. 

سەرچاوە: ئەنادۆڵو


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل