ئەمڕۆی جەنگی بەری راستی مووسڵ چۆن بوو؟

:: PM:08:52:19/02/2017 ‌
فەرماندەی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ وردەكاریی ئەمڕۆی جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی مووسڵی راگەیاند و ئاماژەی كرد كە لە چەندان قۆڵەوە پێشڕەوی كراوە و چەندان گوند ئازادكراونەتەوە و زیانی گەورەش بەداعش گەیەندراوە.

فەریق رووكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا ئەمڕۆ یەكشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم 19ی شوبات هێزەكانی فرقەی زریپۆشی نۆ و پۆلیسی فیدراڵ لە هێزەكانی كاردانەوەی خێرا و فرقەكانی سێ و پێنج و شەشی بژاردە و هێزەكانی حەشدی شەعبی، بە پاڵپشتیی ئاسمانی عێراقی و هاوپەیمانان دەستیان بە پێشڕەویكردن كرد.

زیاتر گوتی، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ و كاردانەوەی خێرا توانیان گوندەكانی لەزاگە و كەرامە و ئەلبوجەواری و جەماسە و گنێترە و عەزبە و كافووڕ و ئەبیەز و وێستگەی كارەبای لەزاگە كە كارەبا دەداتە بەری راستی مووسڵ و رێگەی نێوان حەمام عەلی و بەغدا لە بازگەی عەقرەب لە چەكدارانی داعش ئازاد بكەنەوە و ئێستە هێزەكان گەیشتوونەتە نزیك گردی ئەلبووسێف.

زیاتر گوتی، لەو هەڵمەتەدا توانرا 14 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش و شەش بۆمبی چێندراو ژمارەیەكی تری پارچە چەك بۆردمان بكەن و ژمارەیەكیش لە چەكدارانی داعش بكوژن و نزیكەی 60 كیلۆمەتر سێجا زەوی لە داعش پاك بكەنەوە. 

روونی كردەوە، هەروەها هێزەكانی فرقەی زریپۆشی نۆیەمی عێراق توانیان گوندەكانی باخیرە و حراقیات و ئیبراهیمییە و حوسێنییە و شێخ یوونس و دیباجە ئازاد بكەنەوە بگەنە نزیك گردەكانی عەتشانە و لەو قۆڵەوەش توانیان 63 كیلۆمەتر سێجا زەوی ئازاد بكەنەوە.

هەرچی هێزەكانی حەشدی شەعبی و لیوای 36ی فرقەی نۆیەمە، ئەوان توانیان گوندەكانی ئیمام حەمزە و تەل كیسۆم ئازاد بكەنەوە بگەنە نزیك ناوچەی سەحاجی، هاوكات فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان و عێراق بەشداری چڕیان لەو جەنگانەدا كرد، بێجگە لە هێرشكردنە سەر ئامانجەكانی داعش لە ناوەوەی مووسڵ، كۆی دەرچوونە ئاسمانییەكانیش گەیشتە 70 دەرچوون، بێجگە لە بەشداریكردنی كۆپتەرەكان و فڕۆكەكانی چاودێری. 

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی پارساڵ دەستی پێ كرد، تا ئێستە توانراوە نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە و ئەمڕۆش 19ی شوبات قۆناغی دووەمی جەنگەكە بۆ ئازادكردنەوەی بەری راستی ئەو شارە دەستی پێ كرد.

سەرچاوە: شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل