دوای هێنانی ئامێرێكی تر بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆ، لە ئێستەدا ناڕەزایەتی زۆر لەسەر ئەو ئامێرە دروست بووە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش لەگەڵ بەرپرسانی ئەو كۆمپانیایە كۆبوونەتەوە و تا ئێستە هیچ بڕیارێك لەوبارەوە نەدراوە، بەڵام سێ پێشنیاز خراوتە پێش كۆمپانیاكە.
ئەمڕۆ یەكشەم بڕیار بوو بڕیارێك دەربكرێت لەسەر دانانی ئەو ئامێرە لە سەنتەری شاری هەولێر یان ڕەتكردنەوەی هەروەها نرخەكەی كەم بكرێتەوە یان وەك خۆی بمێنێتەوە، بەڵام هیچ بڕیارێك لەسەر ئەو بابەتە نەدراوە و چەند پێشنیازێك خراوەتە ڕوو.
ئەندامێكی بەشداری كۆبوونەوەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ كۆمپانیاكەدا چەند پێشنیازێك خرایە ڕوو كە بریتین لەوەی تا كوێ كارەكانیان كردووە ئیتر ڕایبگرن، هەروەها نرخی ئامێرەكە بۆ نیوە كەم بكەنەوە هەروەها لەكاتی كۆتایی پێهاتنی تەنگەژەی ئابووریدا دووبارە پڕۆژەی كۆمپانیاكە بكەوێتە كار، بەڵام هیچ بڕیارێك لەسەر ئەو بابەتە نەدراوە.
كۆمپانیاییەكی بواری پێوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان، ئامێرێكی هێناوە لە شوێنی ئامێری دیجیتاڵ نرخەكەی بە 95 هەزار دینارە، ئەوەش ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و لە ئێستەدا ئەو ئامێرە لە چەند شارۆكەیەكی هەرێمی كوردستان كاری پێ دەكرێت و یەكەمین بورجیشی لە چیای هەیبەت سوڵتان بۆ بەستراوە.