كوشتنی گەورە تیرۆرستێك كە چوار پێشمەرگەی شەهید كردبوو

:: PM:10:45:19/02/2017 ‌
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كوژرانی ئەمیرێكی داعشی راگەیاند كە پێشتر سەرپەرشتی شەهیدكردنی چوار پێشمەرگەی كردووە، ئەو ناوی ئەبو زەڕ ئەمیری دیوانی زەكاتی ویلایەتی كەركووكی داعش بووە.

ئەمڕۆ یەكشەم هێزەكانی دژە تیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كوژرانی سەكردەیەكی داعشی بە ناوی "ئەبو زەڕ" راگەیاند، كە بەرپرسیاربووە لە شەهیدكردنی چوار پێشمەرگەی كوردستان.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە درێژەی تۆڵەی خوێنی پێشمەر‌گە شەهیدەكانی كوردستان، سەعات 11:40ی بەیانی ئەمڕۆ (19-2-2017) لە كردەیەكی هاوبەشی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و هێزی هاوپەیمانان، تیرۆریست "تاڵب علێوی حەمدانی" ناسراو بە (ئەبو زەڕ)، لە شارۆكەی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای كەركووك كوژرا.

بەپێی زانیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاوی كردووەتەوە، ئەبو زەڕ ئەمیری دیوانی زەكاتی ویلایەتی كەركووك - سەر بە گرووپی تیرۆریستی داعش بووە و لە بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كوژراوە. 



وشە - رامیار جەواد