"بەردەوامیی قەرزكردن عێراق بەرەو مایەپووچی دەبات"

:: PM:04:04:15/11/2020 ‌

پاپۆڕی حكوومەتی عێراق بەقەرز و پاڵدانی ئەولا ئەولا بەڕێوە دەچێت، پەرلەمانتارێكی عێراق ئەندام لە لیژنەی دارایی دوایین ژمارەی قەرزی سەر عێراق ئاشكرا دەكات و دووپاتی دەكاتەوە، دەبێ وەزارەتی دارایی عێراق روونكردنەوە بدات و بەردەوامبوون لە قەرزكردن، عێراق تووشی مایەپووچی دەكات.
پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی قەرزەكان روونكردنەوە بدات
عەبدولهادی موحان سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، قەرزەكانی سەر عێراق كە لە یانەی پاریس و قەرزەكانی كوێت و جەنگی عێراق و ئێران تۆمار كراوە، دەگاتە زیاتر لە 136 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، دوای 2014 كۆی قەرزەكانی عێراق بەهۆی قەرزی دەرەكییەوە زیادی كردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 160 ملیار دۆلار.

زیاتر گوتی، زۆرینەی قەرزەكان دەرەكین و رێژەی سوودەكەشیان زۆر زۆرە، بۆیە بەردەوامبوونی حكوومەتی عێراق لە قەرزكردنی ناوخۆیی و دەرەكی وا دەكات وڵات مایەپووچی رابگەیەنێت، روونی كردەوە، پەرلەمان دەنگی لەسەر قەرزكردنی بڕی پێنج ملیار دۆلار وەك قەرزی دەرەكی و و 15 ترلیۆن        دینار وەك قەرزی ناوخۆیی دا بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران تا كۆتایی ساڵ، بەڵام حكوومەت ئەو پارەی بە نایاسایی خەرج كردووە، ئێستەیش پێویستە وەزارەتی دارایی ئەوە روون بكاتەوە. 

سەعداوی ئاماژەی كرد، قەرز و داهاتی ناوخۆیی دوو بەشە، 80%ی بۆ بودجەی بەكارخستن و 20%ی بۆ وەبەرهێنان، 20%ی وەبەرهێنان دوو بەشە، 50%ی بۆ پڕۆەی وەزارەتەكان و 50%ی بۆ پڕۆژەی پەرەپێدانی هەرێمەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 182 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌