"حكوومەتی هەرێمی كوردستان 260 ملیۆن دیناری بۆ پەروەردەی كەركووك دابین كرد"

:: AM:09:37:16/11/2020 ‌
شێرزاد ڕەشید بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركووك، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم پێداویستییەكانی دابین كردووە و بڕی 260 ملیۆن دیناری وەك پەروەردەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ شاری كەركووكیش دابین کردووە، ئەوەیش هاندانێكی باشە تا بەشی كوردی لە پەروەردەی كەركووك پێشچوونێكی باش بەخۆیەوە ببینێت.

بڕیارە 29ـی تشرینی دووەم خوێندن لە پەروەردەی كەركووك دەست پێ‌ بكاتەوە، بۆ ئەوە ئامادەكاری كراوە؟
لەڕووی تەندروستییەوە هەموو ئامادەكارییەك كراوە و دەمامك و پاكژكەرەوەی دەست بۆ ناوەندەكانی خوێندن و قوتابخانەكان ئامادە كراوە و لەلایەن پەروەردەی هەرێمی كوردستان سەرجەمی هاتووە، كۆمەڵێك پێداویستیش بۆ قوتابخانە و باخچەكان ئامادە كراون و پێداویستیی وایت بۆردەكان و فێنككەرەوە و گەرمكەرەوە ئامادە كراون، هەروەها مێز و كورسی بۆ ئیدارەكان دابین كراون.

ئەگەر كەمی میلاكیش هەبێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی وانەبیژ كە خۆی تێچووەكەی لە ئەستۆ گرتووە پڕ دەكرێنەوە
دامەزراندن لە سنووری كەركووك ساڵی ڕابردوو لەلایەن عێراقەوە هەبوو، سوودی بۆ ئێوە هەبوو؟
جێی دەستخۆشییە، حكوومەتی عێراق دامەزراندنێكی باشی كردووە و  نزیكەی 300 دامەزراندن بۆ بەشی كوردی هەبووە، بەسەر قوتابخانەكان  دابەشی دەكەین و ئەگەر كەمی میلاكیش هەبێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی وانەبیژ كە خۆی تێچووەكەی لە ئەستۆ گرتووە پڕ دەكرێنەوە.

ساڵانە كێشەی كەمیی كتێب دروست دەبوو، ئایا ئەمساڵیش ئەو كێشەیەتان هەیە؟
ئەمساڵ كتێب بۆ سەرجەم قوتابخانەكان دابین كراوە و كێشەی كەمیی كتێب نییە، هیوادارین پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەبێ‌ كێشە بێت و قوتابیان و خوێندنی كوردی لە كەركووك سەركەوتنێكی گەورە بە دەست بێنێت.

چەند قوتابی لە بەشی كوردی دەخوێنن و پێشبینیی ئەمساڵ ژمارەكە ببێت بە چەند؟
ساڵانە نزیكەی 96 هەزار بۆ 100 هەزار قوتابی لە بەشی كوردی پەروەردەی كەركووك دەخوێنن و ئەو ژمارەیەش كەمبوونەوە و زیادبوونێكی هەیە.

شانەی تەنگژەكان لە كەركووك چ بڕیارێك بدات بۆ ڕێنوێنییە خۆپارێزییەكان ئێمە جێبەجێی دەكەین
ئێستە دوو پرۆگرام هەیە، ئێوە بە پرۆگرامی عێراق دەوام دەكەن یان بەو پرۆگرامەی هەرێمی كوردستان دایناوە؟
پرۆگرامی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ دەكەین، لەبەر ڕێنوێنی تەندروستییەكانیش ڕەچاوی هەردوولایەن دەكەین، لە كاتی دەستپێكردنەوەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان هەبوو و ئێمە دەستمان پێ‌ نەكردووەتەوە، بۆیە پێویستە بگوترێت كە پرۆسەكە بەشێوەیەك دیاری نەكراوە شانەی تەنگژەكان لە كەركووك چ بڕیارێك بدات بۆ ڕێنوێنییە خۆپارێزییەكان ئێمە جێبەجێی دەكەین.

وردەكاری دەستپێكردنەوەی خوێندنتان بۆ هاتووە چۆن دەبێت؟
ڕاستییەك هەیە دەگوترێت تەنیا بڕیار هاتووە لە 29ـی تشرینی دووەم خوێندن دەست پێ‌ بكاتەوە، هێشتا دیار نییە خوێندن چۆن دەست پێ‌ دەكاتەوە و بە چ ڕێنوێنییەك دەبێت و وردەكارییەكانی چی دەبن، هیچ زانیارییەك بۆ پەروەردەكان نەهاتووە كە چەند ڕۆژ دەوام دەبێت و دەوام چۆن دەبێت.

كۆرۆنا زیانێكی زۆری هەبووە و چەندان مامۆستا گیانیان لە دەست داوە، ئایا زیانەكان لای ئێوەش زۆرە لەناو مامۆستایان؟
بەداخەوە ئەوەی هەیە مامۆستای تووشبوو هەیە و مامۆستایش گیانی لە دەست داوە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، 10 مامۆستا بە كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە و زیانێكی زۆری هەبووە بۆ پەروەردە، چەندان قوتابیش لە دەوری دووەم تووش بوونە و چوونە دەورەیەكی تری تاقیكردنەوەكان، ئەوەیش ناخۆش بوو بۆ قوتابیان و مامۆستایان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارتانە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن؟
جێی دڵخۆشییە بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارییەكی باشی كردین، بڕی 260 ملیۆن دیناری بۆ دابین كردن تا پێداویستییەكانی خوێندنی پێ‌ دابین بكەین و ئەو پارەیەش بە دەستمان گەیشتووە، سەرجەم پێداویستییەكان كڕاون و دەمانەوێت ساڵێكی پڕ سەركەوتن تۆمار بكرێت لەلایەن قوتابیان و مامۆستایان.

كەوایە حكوومەت هاوشێوەی پەروەردەی شارەكانی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ كردوون؟
بەڵێ‌ پەروەردەی كەركووك هاوشێوەی پەروەردەی دهۆك و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە هەرچی بۆیان دابین كراوە، بۆ ئێمەیش دابین كراوە، ئەوەیش گرنگییەكی باشی هەیە كە پەروەردەی كەركووك گرنگی پێ‌ دەدرێت لەلایەن حكوومەتەوە.

ساڵانە كەمیی كێشەی میلاك هەیە لە پەروەردەی شارەكان، ئێوە كێشەی كەمیی چ بەشێكتان هەیە؟
بابەتە زانستییەكان كەمیی میلاكی تێدا هەیە و ئەمساڵیش ئەو دامەزراندنەی كراوە بۆ ئێمە باش بوو، هەر كەمییەك لە مامۆستا هەبێت، ئەوا بە مامۆستای وانەبێژی پڕ دەكرێتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابینی دەكات و مانگانە ئەو پاداشتەیان بۆ خەرج دەكرێت.

دەتوانرێ بڵێین بەشی كوردی ئێستە بۆ خوێندن ئامادەیە؟
ئەو ئامادەكارییەی لە ئێستەوە كراوە و سەرجەم پێداویستییەكان دابین كراوە، دەتوانین بڵێین بەشی كوردی پەروەردەی كەركووك ئێستە ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ، بەهیواین بتوانین تا دوا قۆناغ گرنگی بە خوێندن بدەین و كەمترین مامۆستا و قوتابی تووشبوو هەبێت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كێشەی مامۆستاكەی كەركووك بە كوێ‌ گەیشت كە خێزانەكەی بە كۆرۆنا گیانی لە دەست دا؟
ئێستە كێشەكە لە دادگایە و سەرۆكی حكوومەتیش ئامادەیی پێشان داوە سەرجەم تێچووەكانی شكانی ئەو ئامێرە بدات و تا ئەو مامۆستایە هیچ كێشەیەكی نەبێت، هەروەها ئەو كەسانەی كەموكوڕییان هەبووە بەرانبەر ئەو مامۆستایە، ئێستە فەرمانی گرتنیان هەیە و وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەیی پێشان داوە بۆ هاوكاری ئەو مامۆستایە تا دابینكردنی پارێزەریش بۆ كەیسەكەی، تا ئەو كەسانەی كەموكوڕییان هەیە هەقی یاسایی خۆیان وەربگرن.




وشە - رامیار جەواد