نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:10:04:17/11/2020 ‌
نرخی نەوت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسەوە دووبارە رووی لە بەرزبوونەوە كردووەتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیەش دوای ئەوە دێت سێ رۆژی كۆتایی هەفتەی رابردوو لە ژێر كاریگەریی دەرهاویشتەكانی كۆرۆنا و پێشبینییەكانی كەمبوونەوەی داخوازی دابەزیبوو.

بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ سێشەم نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 44 دۆلار و 16 سەنت دەفرۆشرێت. بەهای نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بە 41 دۆلار و 59 سەنت دەفرۆشرێت.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسە كە دوێنێ دووشەم بوو هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت 42 دۆلار و 70 سەنت بوو و لە ماوەی 24 سەعاتدا سەرووی دۆلار و نیوێك هەڵكشاوە.

پێویستە بگوترێ دوێنێ دووشەم كۆمپانیایەكی تریش لە بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا سەركەوتنی راگەیاند، ئەمەش بە گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی بازاڕی نەوت هەژمار دەكرێت.
كۆمپانیایەكی تریش لە بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا سەركەوتنی راگەیاند

كۆمپانیای ئەمەریكیی مۆدێرنا بڵاوی كردەوە، بە رێژەی 95% تاقیكردنەوەكانیان سەركەوتوو بووە و كاریگەریی لەسەر لەناوبردنی كۆرۆنا دەبێت.

هەفتەی رابردووش كۆمپانیاكانی فایزەر و بایۆن تێك بە رێژەی 90% سەركەوتنیان راگەیاند و لە سەرەتای هەفتەكە بووبووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت.

كۆرۆنا گرنگترین هۆكاری سستبوونی بازاڕەكانی دنیا و چەرخی پیشەسازی بووە، بۆیە بە نەمانی كۆرۆنا پیشەسازیش گەشە دەكات و ئاستی داخوازی لەسەر نەوت بەرز دەكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان