بڕیاره مانگی داهاتوو له شاری كه‌ركووك كۆنسێرتێكی گه‌وره‌ی هونه‌ری له سه‌نته‌ری ڕۆشنبیریی شاره‌كه به به‌شداری هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد ماجید محه‌مه‌د ناسراو به "ماجید موعین"، ئه‌نجام بدرێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 18ی تشرینی دووه‌م، ڕۆكان جاف به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركووك به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، بڕیاره ڕۆژی هه‌ینی 25ی كانوونی یه‌كه‌می داهاتوو، گه‌وره‌ترین كۆنسێرت له سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركووك بۆ هونه‌رمه‌ند ماجید محه‌مه‌د به‌ڕێوه بچێت.
زیاتر گوتی، "له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوو پلیته‌كان ده‌خه‌ینه بازاڕه‌وه و هاووڵاتییان ده‌توانن پلیته‌كان بكڕن و به‌شداری كۆنسێرته‌كه بكه‌ن".
ڕوونی كرده‌وه، پلیته‌كان سێ جۆرن و ئاماده كراون، یه‌كه‌میان نۆڕماڵه و نرخه‌كه‌ی به 15 هه‌زار ده‌بێت، جۆرێكی تر گۆڵده و به 20 هه‌زار ده‌بێت، جۆری سێیه‌م VIP یه و به 25 هه‌زار دیناری عێراقی ده‌بێت، له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان له شاره‌كه.
ماجید محه‌مه‌د گۆرانیبێژێكی ناسراوی شاری سلێمانییه، به موعینی كوردی ناوبانگی ده‌ركردووه، چونكه به‌شێكی زۆری گۆرانییه‌كانی به‌رهه‌مه فارسییه‌كانی موعین ئه‌سفه‌هانییه و به زمانی كوردی گوتوویه‌تیه‌وه، تا ئێسته خاوه‌نی دوو ئه‌لبوومی گۆرانییه.
سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركووك ماوه‌یه‌كه ده‌ستی به چالاكییه هونه‌رییه‌كان كردووه‌ته‌وه و گه‌نجانی شاره‌كه‌یش به گڕوتینه‌وه به‌شداری خول و سیمینار و فێستیڤاڵ و شانۆگه‌ری و سینه‌ما و بابه‌ته هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كه‌ن، پێشتریش چه‌ندان كۆنسێرتی بۆ هونه‌رمه‌ندانی تری كورد ئه‌نجام داوه.