ئەمەریكا داوا لە عێراق دەكات هێرشبەرانی سەر ناوچەی سەوز بگرێت

:: PM:09:54:18/11/2020 ‌

شەوی رابردوو دوای ئەوەی وەزیری بەرگری ئەمەریكا ئاماژەی بۆ پاشەكشەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان و چەند ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد و سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەسەر كشانەوە 500 سەربازیتری ئەمەریكا لە عێراق رێككەوتن، حەوت مووشەك ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا كرا.
میلیشیاكان: پێویستە ئەمەریكا تێبگات ئاگربەستەكە تا هەتایە نییە
ئەمڕۆ باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا سەركۆنەی هێرشەكەی كرد و میلیشیاكانی سەر بە ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تاوانبار كرد، لە بەویاننامەیەكی باڵوێزخانەكەدا هاتووە، ئەمەریكا بەتوندی سەركۆنەی هێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردوو دەكات، كە بووە هۆی كوژرانی كچۆڵەیەك و برینداربوونی دوو هاووڵاتیتر.

زیاتر گوتی، بەپێی راپۆرتەكان میلیشیاكانی سەر بە ئێران بەرپرسیارەتی هێرشەكەیان راگەیاندووە، ئەوان لە شێواندنی سەقامگیریی عێراق و كوشتنی هاووڵاتییان و هەڕەشەكردن لە سەروەریی عێراق  بەردەوامن، بۆیە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین ئەوانەی توندوتیژی لەدژی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دەدەن، بیانگرێ و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات.  

بەپێی شانەی راگەیاندنی تەناهی، شەوی رابردوو حەوت مووشەك ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا كراوە، چواریان كەوتوونەتە ناو ناوچەی سەوز و سێیان لە دەرەوەی كەوتوونەتە خوارەوە، شوێنی هەڵدانی مووشەكەكان شەقامی زەغت لە گەڕەكی ئەمین بووە و بووەتە هۆی كوژرانی كچۆڵەیەكی تەمەن پێنج ساڵ و برینداربوونی پێنج هاووڵاتیتر.

ئەوە یەكەم هێرشە بۆ سەر ناوچەی سەوز و ئامانجەكانی ئەمەریكا لە عێراق لەوەتەی پێنج هەفتەی رابردوو، ئەنجامدەرانیشی خۆیان بە بەرەی "بەرەی بەرگریكار" دەناسێنن، كە لایەنێكی نەناسراوە و پێشبینی دەكرێ بریتی بن لە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، بەتایبەتی كەتیبەكانی حزبەڵا و عەسائیب ئەهلولحەق و نوجەبا.

لای خۆیەوە كازم فەرتووسی، گوتەبێژ بەناوی كەتیبەكانی سەید شوهەدا، كە میلیشیایەكی ناو حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانە، ئاماژەی كرد كە هێرشەكەی شەوی رابردوو پەیامێكی ورد بوو بۆ دەرچوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، پێویستە ئەوان تێبگەن كە ئەو ئاگربەستەی هەیە بۆ تا هەتایە نییە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل