دوو كۆڵبەر بە تەقەی هێزە تەناهییەكانی ئێران كوژران

:: AM:08:06:19/11/2020 ‌
دوو كۆڵبەری خەڵكی شنۆ و سەڵماس بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سنوور پارێزی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی شنۆ كوژران.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی تشرینی دووەم، ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، هێزەكانی سنوور پارێزی ئێران لە سنووری شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ئورمیە دەسڕێژیان لە گرووپێك كۆڵبەر كردووە و لە ئەنجامی ئەو دەسڕێژەدا دوو كۆڵبەر كوژراون.

چەكدارەكانی ئێران بە بێ هیچ ئاگەدار كردنەوەیەك دەسڕێژیان لەم كۆڵبەرانە كردووە 
ڕوونكراوەتەوە، یەكێك لەم كۆڵبەرانە ناوی "هاكان محەمەدزادە"یە و خەڵكی گوندی كریكانی سەر بە شارۆكەی كوهساری سەڵماسە و كۆڵبەری دووهەم ناوی "وەسیم فەردین زادە"یە و خەڵك گوندی پرداوێی شنۆیە.

باس لەوەش كراوە، هێزە چەكدارەكانی ئێران بە بێ هیچ ئاگەدار كردنەوەیەك دەسڕێژیان لەم كۆڵبەرانە كردووە.

بەهۆی هەژار و نەبوونی هەلی كار بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی سەر سنوورەكان كاری كۆڵبەڕی دەكەن  لە ڕابردوویش بەهۆی تەقەی هێزە چەكدارەكان چەندین هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 81 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌