لە ستراسبۆرگ چی رووی دا.. سەمای مەرگ چییە؟

:: PM:04:30:19/11/2020 ‌

خەڵكەكە رژانە سەر شەقامەكان و دەستیان بە سەما كرد، سەمای مەرگ، ئەوان تا مردن لە سەماكردن نەوەستان، ئەو پەتایەی ستراسبۆرگی گرتەوە و بووە هۆی مردنی زۆرێك لە دانیشتوانی، زۆرجار كارەساتی سروشتی یان نەخۆشی مەترسیدار دەبێتە هۆی مردنی بەكۆمەڵی خەڵك، بەڵام مردن بە سەماكردن، رەنگە تۆزێك سەیر بێت، بەڵی ئەوە لە شاری ستراسبۆرگی فڕەنسایی رووی دا، ئەوكاتەی خەڵكی شارەكە تووشی پەتایەك بوون و بەرەو سەماكردن تا مردن پاڵی پێوەنان، پەتاكە دوو مانگ بەردەوام بوو بەر لەوەی وەك چۆن دەستی پێ كرد، ئاوهایش بە نادیاری كۆتایی هات.
بەدرێژایی سەماكردنەكە ئازاریان كێشاوە و داوای رزگاركردنیان كردووە
لە تەمووزی 1518، دانیشتوانی ئەو شارە فڕەنساییە، كە ئەوكات بەشێك بووە لە ئیمپراتۆریەتی رۆمانی، خواستێكی كتوپڕیار بۆ سەماكردن لا دروست بوو بەشێوەیەك نەیاندەتوانی كۆنترۆڵی خۆیان بكەن، وەك ماڵپەڕی " History"ی ئەمەریكی باسی دەكات.

ئەو هستریایە ئەوكاتە لە شارەكە دەستی پێ كرد كە ژنێك بەناوی فراو ترۆفیا هاتە سەر شەقام و بەبێدەنگی دەستی بە سووڕانەوە و خۆبادان كرد، خەڵك بە پێكەنین و گاڵتەجاڕی سەیری رەفتاری ئەو ژنەیان دەكرد، بەڵام ئەوەی بووە جێی ترسانی خەڵكەكە، ژنەكە ماوەی هەفتەیەكی تەواو لە سەماكردن بەردەوام بوو، هەموو شەوێك لەهۆشخۆی دەچوو و پێڵاوەكانی بەخوێن سوور دەبوون، بەڵام بەیانی رۆژی دواتر هەڵدەستایەوە و دەستی بە سەماكردن دەكردەوە. 

دوای نزیكەی هەفتەیەك ترۆفیا بە تەنیا نەمایەوە لە سەماكردن لەسەر شەقام، 30 كەسی تر هاتنە پاڵی، وەك بڵێی ئەوان بەتەواوەتی لە دنیا دابڕاون، لە مانگی ئابی ئەوساڵەدا ژمارەی سەماكەرەكان گەیشتە 400 كەس، لە كۆتاییدا هەموویان بەهۆی نۆڕەی دڵ و سەكتەی مێشك و شەكەتبوون، گیانیان لەدەست دا. 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتاكە لەناو خەڵكی، پیاوماقوڵانی شارەكە پەنایان بۆ پزیشكان برد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو نەخۆشییە، پزیشكان ئاماژەیان كرد كە ئەوەی بەسەر خەڵكەكە دێ پێوەست نییە بە هەسارە و ئەستێرەكان یان هەرشتێكیتری پێوەست بە سروشت، بەڵكو تایەكی سروشتییە و بەهۆی گەرمبوونی خوێن تووشیان بووە، بۆیە بە بەردەوام سەما دەكەن. 

ئەوەی سەیرە دەرمانی پزیشكەكان چارەسەرێكی بەرجەستە و مایەكی نەبوو، بەڵكو داوایان لە حكوومەت كرد گۆڕەپانی تایبەت بۆ سەماكردن بكاتەوە، تا ئەوكاتەی خەڵكەكە لە گەرمبوونی خوێن رزگاریان دەبێت، حكوومەتیش ئەو داوایەی پزیشكانی جێبەجێ كرد و دوو ناوەندی نوێی بۆ سەماكردن كردەوە، هەر ئەوەندەیش نا، بەڵكو داوای لە موزكژەنەكانی ئەو شارە كرد بە بەردەوام موزیك بژەنن، بۆ ئەوەی خەڵكەكە لە سەماكردن نەوەستن، چونكە وایان دەزانی ئەوە چارەسەرەكەیە، بەڵام بەداخەوە ئەوە بووە هۆی مردنی زۆر كەسیتر.

جۆن والر، مێژوونووسی ئەمەریكی وای لێك دەداتەوە كە ئەو بابەتە پێوەستە بە سانت فیتۆسی پیاوچاك، كە پیاوچاكێكی كاسۆلۆیكییە و ئەوروپاییەكان لە سەدەی 16م پێیان وابوو توانای نەفرەتیكردنی خەڵكی هەیە و وای لەو خەڵكە كردووە تووشی پەتای سەماكردن ببن.

روونی كردەوە، پەتای سەماكردن جۆرێكە لە شێوانی دەروونی بەكۆمەڵ، چونكە ستراسبۆرگ لەو سەردەمەدا بەدەست هەژارییەكی زۆرەوە دەیناڵاند و بووە هۆی دەركەوتنی چەند نەخۆشییەك، وەك تاعوون و خوریكە و زوهەری، جیا لە گوشارەكانی ژیان و برسیەتی كە ژیانی زۆریكی وێران كردبوو، رەنگە ئەوە هۆكاری سەرەكیی تووشبوونی خەڵكی ئەو شارە بووبێ بە هستریای شەكەتبوون و وای لێ كردوون ئەو هەژارییە و ئازارەی رۆژانەیان بە خورافیاتی ئەو پیاوچاكە و پەتای سەماكردن ببەستنەوە.

لەوكاتەی بیردۆزێكی تر ئاماژەی كردووە سەماكەرەكانی ئەو شارە سەر بە تایفەیەكی ئاینین كە دژ بە بیروباڕ و نەریتە باوەكانن، باوەڕەكەیان داوای لێ كردوون تا مردن سەما بكەن، ئەوكاتەی هەندێك لە تەماشاكەرانی ئەو سەماكردنە دەیانگوت، ئەوان لەكاتی سەماكردندا ناوی شەیتانەكانیان دەهێنا و بەشێوەیەكی سەیر لە رەنگی سوور هەڵدەهاتن.

رۆبەرت بارسۆلۆمیۆ، زانای كۆمەڵناسی ئەمەریكی دەڵێت، كۆمەڵێك خەڵك لەوماوەیە هەبوون، باوەڕیان وا بوو كە سەماكردن چانسی خوایی دێنێت، لەوكاتەی بیردۆزێكی تر هۆكاری سەماكردنەكە بۆ خواردنی جۆرێك نان و سەموون دەگەڕێنێتەوە كە لە ئاردی جاوداری پیسبوو بە جۆرە نەخۆشییەكی كەڕوودار دروست كرابوو و گرژبوون و شێوانی خەیاڵ دروست دەكات، لەوكاتەی ژمارەیەك لە نووسەرانی ئەوكات و ئێستەیش باسی ئەوە دەكەن ئەوانەی سەمایان دەكرد، بەشێوەیەكی خۆنەویستانە وایان كردووە، چونكە بەدرێژایی ماوەی سەماكردنەكە ئازاریان كێشاوە و هاواریان كردووە بۆ رزگاركردنیان. 

رەنگە پەتای سەماكردنی ستراسبۆرگ وەك ئەفسانەیەك بووبێت، بەڵام زۆر بەجوانی لە تۆمارە مێژووییەكانی سەدەی 16ەم تۆمار كراوە، هەروەها ئەوە یەكەم رووداوەی لەو جۆرە نییە، حاڵەتی هاوشێوە و لە كاتی تری دوای ئەوە لە هەریەك لە سویسرا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا روویان داوە، بەڵام ئەوان وەك ئەوەی ستراسبۆرگ مەرگهێن نەبوون.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل