شتیگن لە هاندەرانی بەرشەلۆنە حاڵی نابێت

:: PM:12:16:20/02/2017 ‌

ئەندرێ تیر شتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی و یانەی بەرشەلۆنە خۆشحاڵی خۆی بەسەركەوتنی یانەكەی لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی لیگانیس دەربڕی.

یانەی بەرشەلۆنە شەوی رابردوو لەنێو یاریگە و جەماوەری خۆی لە گەڕی 23ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە زەحمەت توانی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بباتەوە.

شتیگن بۆ دەزگەكانی راگەیاندن جەختی كردەوە كە یانەكەی ئێستا بە دۆخێكی خراپدا تێپەڕ دەبێت و پێویستی بە پاڵپشتی و متمانەی هاندەران هەیە.

زیاتر گوتی: لە یارییەكەدا هەموو توانای خۆمان خستەگەڕ بۆ ئەوەی باشترین ئاست پێشكەش بكەین، بەڵام لە گێمی دووەمدا دۆخەكە بەتەواوی گۆڕا و گۆڵی یەكسانبوونەوەمان بەرامبەر تۆمار كرا، لە كۆتایشدا بەر لە تەواوبوونی یارییەكە گۆڵی سەركەوتنمان تۆمار كرد و 3 خاڵی گرینگی یارییەكەمان بەدەستهێنا.

شتیگن هەروەها گوتی: بەڕاستی لە هاندەرانی بەرشەلۆنە تێ ناگەم، دەزانم كە دۆڕانمان بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان بە 4 گۆڵ ئەنجامێكی قورسە، بەڵام لە ئێستادا پێویستمان بەهاندان و پاڵپشتی جەماوەرەكەمان هەیە بەتایبەتیش لە یاریی گەڕانەوەدا.

ئەمە لە كاتێكدابوو كە بەشێك لە هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەی شەوی رابردوودا فیكەی ناڕەزاییان بۆ یاریزانانی لێدا وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر ئەو ئاستەی لەیارییەكەی بەرامبەر لیگانیس و پاریس سان جێرمان پێشكەشیان كرد.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە لە رۆژی 8ی مانگی داهاتوودا لەنێو یاریگەی كامپ نوو یاریی گەڕانەوە بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان ئەنجام دەدات، بۆ سەركەوتنی قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش دەبێت یارییەكە بە ئەنجامی 5 گۆڵی خاوێن بباتەوە، یانەكە هەروەها بەم سەركەوتنەی شەوی رابردوو كۆی خاڵەكانی لە خولی ئیسپانیا كردە 51 خاڵ و بەجیاوازی خاڵێك لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هاتەوە ریزبەندی دووەم، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی شاهانە دوو یاریی دواخراویشی ماوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م