ریال مەدرید ئەم یاریزانە ئەسمەرەی دەوێت

:: PM:12:39:20/02/2017 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاریداوە هەموو هەولێك بدات بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ هێرشبەری لاوی فڕەنسی مووسا دێمبلێ بكات كە ئێستا لە ریزی یانەی سێلتیكی سكۆتلەندی یاریی دەكات.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای زێنەدین زێدانی راهێنەر بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە تا لە رێگەیەوە بەفەرمی گرێبەست لەگەڵ دێمبلێ ئیمزا بكات.

ریال مەدرید تەنیا یانە نییە كە داوای گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە تەمەن 20 ساڵییە دەكات، بەڵكو یانەكانی مانچستەر سیتی و چێڵسیی ئینگلیزیش هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.

یانەی چێڵسی مانگی رابردوو لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا بەفەرمی دەستەوارەیەكی بە بەهای 35 ملیۆن یۆرۆ پێشكەش بە یانەی سێلتیك كردبوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دێمبلێ، بەڵام یانەكە داواكەی رەت كردبووە و لەبەرامبەر فرۆشتنی ئەو هێرشبەرە لاوەی داوای 47 ملیۆن یۆرۆی كردبوو.

دێمبلێ هاوینی 2016 لە یانەی فولهامی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە یانەی سێلتیكەوە كردبوو، ئەم وەرزەش لە كۆی 23 یارییدا 13 گۆڵی تۆمار كردووە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش دا كە بەرپرسانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئامادەییان پێشانداوە هاوینی داهاتوو تا 40 ملیۆن یۆرۆش لەپێناو گرێبەستكردن لەگەڵ دێمبلێ خەرج بكەن، بەمەش یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی ركابەرییەكی قورس دەبێتەوە ئەگەر بیەوێ دڵی ئەو هێرشبەرە لاوەی فڕەنسا بەدەست بێنێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م