ئایا زانیوتە كێشەی سەرەكی یانەی بەرشەلۆنە چییە؟

:: PM:01:07:20/02/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە وەرزی ئەمساڵدا رووبەڕووی چەندان كێشەی گەورە بووەتەوە كە سەرەنجام بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی و نزیكبوونەوە لە ئەگەری لەدەستدانی هەردوو خولی ئیسپانیا و ئەوروپا.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی ئەو هۆكارە سەرەكییەی یانەی بەرشەلۆنەی ئاشكرا كرد كە ئەمساڵ بووەتە هۆی ئەوەی بەتەواوی تواناكانی لەدەست بدات.

رۆژنامەكە ئاشكرای كرد كە یانەی بەرشەلۆنە هاوینی رابردوو بڕی 122 ملیۆن یۆرۆی خەرج كرد لەپێناو گرێبەستكردن لەگەڵ 6 یاریزانی نوێ، كە ئەوانیش پێكهاتبوون لە ساموێل ئۆمتیتی، پاكۆ ئەلكاسێر، دینیس سوارێز، لۆكاس دینی، ئەندرێ گۆمێز و گۆڵپارێز یاسپەر سیلیسن.

بڵاویشی كردەوە كە سەرجەم یاریزانەكان جگە لە ئۆمتیتی، هیچ كامیان نەیانتوانیوە بوونی خۆیان بسەلمێنن و لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەدا جێگیربن.

ئەلكاسێر و گۆمێز كە یانەی بەرشەلۆنە 65 ملیۆن یۆرۆی لەپێناویان خەرج كرد، لە ماوەی رابردوودا خراپترین ئاستیان پێشكەش كردووە و بەتایبەتیش هێرشبەرەكەی یەكەم كە لە زۆربەی یارییەكاندا لەسەر كورسی یەدەگ دنیشتووە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە چارەسەری كێشەكانی ئێستای یانەی بەرشەلۆنە بە هێنانی یاریزانانی نوێ و گۆڕینی لویس ئێنریكی راهێنەر نابێت، بەڵكو یانەكە دەبێت بیر لە هێنانی بەڕێوەبەرێكی وەرزشی نوێ بكاتەوە كە رۆلی سەرەكی لە ریزی یانەكەدا بگێڕێ وەك رامۆن رۆدریگیزی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی سڤیلییەی ئیسپانی.

رۆژنامە كەتەلۆنییەكە بڵاویشی كردەوە كە رۆدریگیز هۆكاری سەرەكی سەركەوتنەكانی ئەم چەند ساڵەی رابردووی یانەی سڤیلییە بووە كە لە ماوەی 3 وەرزی رابردوودا یانەكە 3 ناسناوی خولی ئەوروپای بەدەستهێنابوو.

بەهۆی زیرەكی و دانایی رۆدریگیز یانەی سڤیلییە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا توانیبووی چەندان ئەستێرە دروست بكات و دواتریش بە پارەیەكی خەیالی بیانفرۆشێتەوە و قازانجێكی زەبەلاح بەتایبەت لە یانەی بەرشەلۆنە بكات بە فرۆشتنی یاریزانان دانی ئەلڤێس، ئیڤان راكیتیچ و سەیدۆ كەیتا و چەندانی تر.

ئەو بەڕێوەبەرە وەرزشییەی یانەی سڤیلییە جگە لە دروستكردنی چەندان یاریزانی بەتوانا، توانیبووی چەندان راهێنەری بەتواناش رازی بكات روو لە یانەكەیان بكات لەوانەش ئۆنای ئێمری و خۆرخێ سامپاولی.

بۆیە رۆژنامەی سپۆرت پێشنیاری بۆ یانەی بەرشەلۆنە كرد لە شوێنی هێنانی یاریزان و راهێنەری نوێ، بیر لە هێنانی بەڕێوەبەرێكی وەرزشی نوێ و بەتوانا بكەنەوە تا لە رێگەیەوە بتوانێ لە داهاتوودا قەناعەت بە یاریزانان و راهێنەری نوێ بكات روو لە یانەكەیان بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م