كۆرۆنا چۆن خانەی لەشی مرۆڤ لەناو دەبات؟

:: PM:08:09:21/11/2020 ‌

سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی لە سەرانسەری دنیا لە ساڵێك نزیك دەبێتەوە، تا ئێستە چارەسەری نەدۆزراوەتەوە، زانایان گەیشتنە ئەو میكانیزمەی ڤایرۆسەكە لەناو لەشی مرۆڤدا كاری پێ دەكات، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی خانە تووشبووەكان لە ماوەی رۆژێك تا دوورۆژ دەمرن.

لە رێگەی تێكەڵكردنی تەكنیكی وێنەگرتنی جۆراوجۆردا، توێژەران بۆیان دەركەوت كە لەگەڵ چوونی بۆ ناو لەش و بڕینی دیواری خانە، ڤایرۆسی كۆرۆنا دەست بە دامەزراندنی كارگەیەكی كۆپیكردنی خۆی دەكات، كە لە كۆمەڵێك بالۆن دەچێت، توێژەران لە بڵاوكراوەی "سێل هۆست ئەند میكرۆب"، روونیان كردەوە، ڤایرۆسەكە سیستمەكانی ناو خانە بەرپرس لە دەردانی مادەكان پەك دەخات.
ڤایرۆسەكە پێویستی بە رێكخستنەوەی پێكهاتەی خانە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ بە باشی زۆربێت
راڵف بارتنشلاغەر، ئەندامی تیمی توێژینەوەكە لە زانكۆی هایدلبێرگ لە ئەڵمانیا گوتی، جیا لەوە، ڤایرۆسەكە پێكهاتەی خانەكە رێك دەخاتەوە، كە شێوە بە خانەكان دەدات و بە هاوشێوەی سیستمی هیڵی ئاسنین كار بۆ رێگەدان بە گواستنەوەی بارە جیاوازەكان لەناو خانە دەدات، روونی كردەوە، كاتێك تیمەكە جۆرە دەرمانێكیان خستە ناو خانەكەوە كە كار لە پەیكەری خانە دەكات، ڤایرۆسەكە تووشی كێشە هاتەوە لە كرداری كۆپیكردنی خۆی، ئەویەش مانای وایە ڤایرۆسەكە پێویستی بە رێكخستنەوەی پێكهاتەی خانە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ بە باشی زۆربێت.

ئەو توێژەرە روونی كردەوە، ئێستە بیرۆكەیەكی زۆر باشترمان لەبارەی چۆنیەتی گۆڕینی ڤایرۆسەكە بۆ پێكهاتەی ناوخۆیی خانە تووشبووەكان هەیە، ئەوەیش یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتنی هۆكاری خێرا مردنی خانەكان، بۆیە دەتوانرێ دەرمانی دژ بە كۆرۆنا پەرە پێ بدرێ، كە كار لەسەر جۆری تری ڤایرۆسەكان بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌