پۆمپیۆ: ئەمەریكا داكۆكی لە بەرژەوەندییەكانی خۆی و هاوپەیمانانی دەكات

:: PM:01:44:22/11/2020 ‌
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا مایك پۆمپیۆ رای گەیاند، ئەمەریكا لە دنیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بەردەوام دەبێ لە بەدیهێنانی ئاشتی، وێڕای ئەوەی ئێران هەوڵ دەدات كێشە لە ناوچەكە دروست بكات.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم 22ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، پۆمپیۆ كە ئێستە لە ئیماراتە و لە ئەبوزەبی رای گەیاند، هەموو هەوڵەكانمان بۆ بەدیهێنانی ئاشتییە لە ناوچەكە، بۆیە وڵاتانی ناوچەكەیش بۆیان دەركەوتووە كە ئێران هەوڵی دروستكردنی كێشە لە ناوچەكە دەدات و ئێمەیش رێی پێ نادەین.

پۆمپیۆ گوتی، سیاسەتی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران جێگیرە، بێگومان هەموو وڵاتانی ناوچەكە باش دەزانن كە ئێران بۆ هەموویان بووەتە مایەی مەترسی، بۆیە ئەمەریكا لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی و هاوكات هاوپەیمانانی كار دەكات.

پۆمپیۆ زیاتر گوتی چەندان وڵاتی تری عەرەبی هەن كە دێنە ناو ئەو رێككەوتنە ئاشتییەی لەگەڵ ئیسرائیل هاتووەتە كایەوە، چەندان لایەنێك هەبوون ویستیان فەلەستنییەكان بەڕێدا ببەن، بەڵام سەركردەكانیان ئەوەی رەت كردبووەوە.

لەبارەی ئێرانیشەوە گوتی، ئەمەریكا هاوپەیمانییەكی لە دژی ئێران دروست كردووە كە دەكەوێتە پلانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو هاوپەیمانییە بۆ ئەوەیە رێ لە ئێران بگرین كێشە لە ناوچەكە دروست بكات.

لەبارەی دۆسیەی عێراقیشەوە ئاماژی دا، ئەمەریكا لە عێراقدا داوای سەقامگیریی دەكات، عێراقییەكانیش لە خۆپێشاندانەكاندا ئەوەیان ئاشكرا كرد كە نایانەوێ وڵاتەكەیان ببێتە پاشكۆی ئێران.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د