كتێبخانه‌ی گشتیی سۆران به‌هۆی نه‌بوونی باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت و به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و رزگاربوون له كرێی خانوو، بۆ ده‌ره‌وه‌ی بازاڕ و ناو هۆڵی بۆنه‌كانی سۆران دوور خراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی زۆری لای خوێنه‌ران دروست كردووه.
كتێبخانه‌كه به شێوه‌یه‌ك دوور كه‌وتووه‌ته‌وه خوێنه‌ران ده‌ستیان پێ ڕاناگات, هه‌ر قوتابی و خوێنه‌رێك ئه‌گه‌ر هاتوچۆی كتێبخانه بكات, ده‌توانێ به‌و پاره‌یه كه له رێی كتێبخانه‌ی گشتی خه‌رجی كردووه له بازاڕ دوو كتێبی پێ بكڕێت .
زۆربه‌ی خه‌ڵكی سۆران تا ئێسته هه‌ر نازانن كتێبخانه‌ی گشتی بوونی هه‌یه
محه‌مه‌د باپیر كه مامۆستایه و دانیشتووی سۆرانه به "وشه "ی راگه‌یاند، "كتێبخانه‌ی گشتی تا ئاستێك دووره و زۆربه‌ی خه‌ڵكی سۆران تا ئێسته هه‌ر نازانن كتێبخانه‌ی گشتی بوونی هه‌یه و ناشزانن له‌كام شوێنه! ته‌نیا بژارده‌یه‌كی زۆر كه‌م نه‌بێت ئه‌وانیش به‌ده‌گمه‌ن ده‌نا هه‌ر سه‌ردانیشی ناكه‌ن .
ئه‌و به پێویستی ده‌زانێت كتێبخانه‌ی گشتی له نزیك بازاڕ بێت و رێكلامی بۆ بكرێت و پشتگیریی مادی و مه‌عنه‌وی بۆ بكرێت و چالاكی هه‌بێ, ئه‌وانه‌ی كاریشی تێدا ده‌كه‌ن پێویسته كه‌سانی رۆشنبیر و شاره‌زا بن.
ته‌كنه‌لۆجیا كاریگه‌ری دروست كردووه و هۆكارێكه بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی خوێندنه‌وه .
ئالین برادۆستی كه كچه گه‌نجێكی سۆرانه و پارێزه‌ره به "وشه"ی راگه‌یاند، "ئێسته خوێنه‌ری كتێب زۆر كه‌م بووه, هۆكاره‌كه‌ش ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی به دووری كتێبخانه‌ی گشتییه‌وه هه‌بێ, له هه‌مان كاتدا ته‌كنه‌لۆجیا كاریگه‌ری دروست كردووه و هۆكارێكه بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی خوێندنه‌وه .
ئالین ده‌ڵێ، "كتێبخانه پێویستی به شوێنێكی گونجاوه له سه‌نته‌ری شاردا بێت و باڵه‌خانه‌كه‌ی له ڕوویی ئه‌ندازیارییه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و سه‌رده‌می دروست كرابێت، به‌ڵام باڵه‌خانه‌ی ئێسته‌ی كتێبخانه‌ی گشتی زۆر نه‌گونجاوه". روونی ده‌كاته‌وه كه كتێبخانه‌ی گشتیی سۆران له خه‌ڵك دوور خراوه‌ته‌وه، كه‌سێك ئه‌گه‌ر بیه‌وێت بگاته ئه‌و كتێبخانه‌یه، به‌و پاره‌یه‌ی له تاكسی خه‌رجی ده‌كات، ده‌توانێ كتێبه‌كه له كتێبفرۆشێك بكڕێت، لێره‌دا كتێبخانه‌كه بایه‌خی خۆی بۆ خوێنه‌ران له ده‌ست ده‌دات .
عه‌لی عه‌قید قوتابیی زانكۆی سۆران به "وشه"ی راگه‌یاند، باڵه‌خانه‌ی كتێبخانه‌ی گشتی نزیك 20 خوله‌ك له زانكۆكه‌یان دووره, له هه‌موو روویه‌كه‌وه ئه‌سته‌مه تا ده‌گه‌ن به كتێبخانه‌ی گشتی, بۆیه كتێبخانه‌كانی بازاڕیان كردووه‌ته شوێنگره‌وه‌ی كتێبخانه‌ی گشتی، چونكه ئه‌گه‌ر به پاره‌ش بێت به‌ڵام نزیكتر و ئاسانتره بۆ هاتوچۆی قوتابیان .
به ناچاری له‌ناو هۆڵی كۆنفرانس له ده‌روازه‌ی شاری سۆران شوێنێكیان بۆ كتێبخانه به‌ناچاری دابین كردووه
سه‌لیم مسته‌فا به‌رپرسی كتێبخانه‌ی گشتی سۆران به "وشه"ی راگه‌یاند، "ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌هۆی نه‌بوونی باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت به كتێبخانه‌ی گشتی، به ناچاری له‌ناو هۆڵی كۆنفرانس له ده‌روازه‌ی شاری سۆران شوێنێكیان بۆ كتێبخانه به‌ناچاری دابین كردووه كه دووره له هه‌موو پێوه‌رێكی زانستی شوێنی كتێبخانه .
زیاتر گوتی، "به‌ر له‌وه‌ی بێینه ناو ئه‌م باڵه‌خانه حكوومییه، له سه‌نته‌ری شار له‌ناو خانوویه‌كی ئاسایی له كرێدا بووین، به‌ڵام به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه گواستراینه‌وه بۆ ئه‌م شوێنه كه دووره له خه‌ڵك، ئێسته كه‌متر خه‌ڵك روومان تێده‌كه‌ن".
دووپاتی كرده‌وه, هه‌بوونی باڵه‌خانه‌ی پێویست و دووری له سه‌نته‌ری شار، كێشه‌یه‌كی ئێجگار زۆری بۆ خوێنه‌رانمان دروست كردووه و زه‌حمه‌تێكی زۆر ده‌كێشن و پاره‌ی چه‌ند كتێبێكیان ده‌چێ تاده‌گه‌ن به‌كتێبخانه. ئاماژه‌ی دا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌رووی خۆیان و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییان ئاگادار كردووه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه, هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری باڵه‌خانه‌یه‌كی له نزیك بازاڕ و سه‌نته‌ری شار هه‌یه, به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌شی تۆماری زانكۆی سۆران داگیر كراوه, چه‌ند جارێك ئاگادار كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام چۆلیان نه‌كردووه و ئه‌گه‌ر چۆڵ كرا بۆ كتێبخانه دابین ده‌كرێت.
كتێبخانه‌ی گشتیی سۆران له 17ی كانوونی دووه‌می 2012 كرایه‌وه
كتێبخانه‌ی گشتیی سۆران له 17ی كانوونی دووه‌می 2012 كرایه‌وه، خاوه‌نی 12 هه‌زار ناونیشانی جیایه به زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی، توركی و ئینگلیزی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشتر كتێبخانه‌كه له ناوه‌ندی شارۆكه‌ی سۆران بوو، به‌ڵام ئێسته بۆ ده‌ره‌وه‌ی شارۆكه‌كه گواستراوه‌ته‌وه.
سۆران - موڕشید برادۆستی