دكتۆر عه‌لی زه‌ڵمی نووسه‌ر، له‌ڕێی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی "ماڵ و هه‌ستی ئینتیما لای كوردانی باشوور له وڵاتی به‌ریتانیا"وه باس له ژیان و كولتووری كوردانی نیشته‌جێی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كات.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 23ی تشرینی دووه‌م، دكتۆر عه‌لی زه‌ڵمی نووسه‌ر به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌م كتێبه پشتی به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی به‌ستووه كه له‌سه‌ره‌تادا بۆ پێداویسته‌كانی خوێندنی دكتۆرا له بواری كۆمه‌ڵناسی له زانكۆی ی‌و ده‌بیلو-بریستڵ ئاماده كراوه، دواتر پوخته‌ی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌م كردووه به‌م كتێبه.
زیاتر گوتی، "ئه‌م كتێبه ده‌كرێ به‌تاكه هه‌وڵی زانستی دابنرێ له بواری توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی بۆ پرسی ناسنامه و ئینتیما لای دایه‌سپۆرای كوردی و به‌تایبه‌تی دایسهپۆرای كوردی باشوور له به‌ریتانیادا و به‌تایبه‌تی تر له بواری لێكۆڵینه‌وه له خێزان و گه‌نج و ژن. ئه‌م كتێبه چ به‌هۆی ئه‌و تیۆرانه‌ی به‌كار هاتوون بۆ خویندنه‌وه‌ی دیارده‌ی دایه‌سپۆرا و ژیانی تاراوگه و چ وه‌ك ئه‌و رێبازی لێكۆڵینه‌وه به‌كار هاتووه، جۆرێك له تایبه‌تمه‌ندی ده‌به‌خشێ به كاره‌كه و جیای ده‌كاته‌وه له‌و هه‌وڵانه‌ی له‌مباره‌وه دراون پێشتر."
ڕوونی كرده‌وه، "ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه هه‌وڵ ده‌دات له ژیان و ناسنامه‌ی ئه‌و گه‌نج و لاوه كوردانه‌ی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی كوردستانی باشوورن و له به‌ریتانیادا ده‌ژین بكۆڵێته‌وه و له‌وه تێبگات كه ئه‌و نه‌وه‌یه چۆن له نیشتمان ده‌ڕوانن، لای ئه‌وان ژیان به‌سه‌ربردن له نێوان دوو كولتووردا چ مانا و كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه بۆ ئه‌وان. ئایا ئه‌وان له‌ژێر كاریگه‌ری كولتووری باوانیاندان، به‌هۆی خواردنی كوردی و سه‌ردانی كوردستان و پۆشینی جلوبه‌رگی كوردی و هاتوچۆی كوردانی تاراوگه له نێوان خۆیاندا، به‌شداری له ئاهه‌نگ و پرسه و بۆنه نیشتمانی و حزبییه‌كاندا؟ یان نه‌خێر ئه‌وان له‌ژێر كاریگه‌ریی كولتووری وڵاتی نیشتهجێدان، واته به‌ریتانیا و زمان و خوێندن و جۆری ژیانیان به یه‌كجاری بووه‌ته به‌ریتانی. یان هیچ كامیان نین، به‌ڵكو ئه‌وان له‌و ناوه‌نده‌دان و نه به‌ته‌واوی كوردن و نه به‌ته‌واوی به‌ریتانین، ئه‌وان پێكهاته‌یه‌كی تایبه‌ت و تێكه‌ڵن."
ئاشكرای كرد، "لایه‌نێكی تری كتێبه قسه‌كردنه له‌سه‌ر جیاوازی جێنده‌ری نێوان ژن و پیاوی كورد، واته ئایا پیاوی كورد و ژنی كورد چۆن ده‌ڕواننه كوردایه‌تی و كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له دایهسپۆرادا. ئایا ژنانی كورد له تاراوگه له خه‌می كێشه‌ی ژنانی خۆیانن یان له خه‌می نیشتمان، ئایا نیشتمان لای ئه‌وان هه‌مان تێگه‌یشتنی هه‌یه وه‌ك پیاوان. ئایا ژنی كورد له نێوان دوو كولتووردا كولتووری باوان و نیشتمان كه تا ئاستێك پیاوسالارییه و كولتووری ڕۆژئاوا كه به كولتوورێكی كراوه و ئازاد ناسراوه چۆن ژیانی خۆیان ڕێكخستووه؟ جیاوازی و لێكچوونه‌كانی نێوان فێمنیزمی كوردی و ناسیۆنالستی كوردی چییه و به‌تایبه‌تی ئه‌م دووانه چۆن به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون و چۆن گفتوگۆ ده‌كه‌ن؟".
ئاماژه‌ی دا، "ئه‌م كتێبه له كۆتا به‌شیدا سه‌رنجی خوێنه‌رانی كورد و بیانی و به‌تایبه‌تی لێكۆڵه‌رانی بواری كوردناسی و لێكۆڵینه‌وه له دایه‌سپۆرای كوردی له ئه‌وروپا و به‌تایبه‌تی كوردانی باشوور له به‌ریتانیا، كه نابێ به‌چاوێكی گشتییه‌وه سه‌یری جڤاتی كوردی په‌نابه‌ر بكرێت. واته له هه‌نده‌ران و زۆر گرنگه جیاوازییه زمانی و ئاینی و جه‌نده‌ری و جیاوازی چین و توێژ و له هه‌موویشی گرنگتر جیاوازی نه‌وه‌كان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێ. یه‌كێكی تر له‌و پێشنیاره زانستی و پێداویستی لێكۆڵینه‌وه له بواری كوردناسی له دایسپۆرادا ئه‌م كتێبه داوای ده‌كات، ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ئاراسته‌ی لێكۆڵینه‌وه له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بگۆڕێ بۆ له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، واته بۆ تێگه‌یشتن و لێكۆڵینه‌وه له كوردی هه‌نده‌ران زۆر گرنگه له تاك و خێزان و جڤاته‌وه بڕۆیت به‌ره‌وه سه‌ره‌وه. لا كردنه‌وه به‌لای چیرۆكی تاكه‌كان و ئه‌زموونی ژیانیان و به‌هه‌ند وه‌رگرتنی هه‌ست و سۆز و تێگه‌یشتنیان، نه‌ك ته‌نیا گفتوگۆی ئاكتڤست و سیاسی و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی نوێنه‌راتیكردن و به‌ته‌نیا گرنگیدان به لێكۆڵینه‌وه له‌رووی سیاسه‌تی په‌نابه‌ری."
نووسه‌ر دكتۆر عه‌لی زه‌ڵمی خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرایه له بواری كۆمه‌ڵناسی له زانكۆی ی‌و جهبلیۆ برستڵ، نووسه‌ری كتێبی "ماڵ و هه‌ستی ئینتیما لای كوردانی باشوور له به‌ریتانیا"، له تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ له ده‌زگای لیكسنگتنی واشنتنی ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كردووه‌ته‌وه.